ڕۆژ بە ڕۆژ هێڵی دوو ئیدارەیی لەنێوان هەولێر و سلێمانی، یان زۆنی سەوز و زەرد تۆختر دەبێتەوە، زیاتر لە ساڵێکیشە پەیوەندییە ئیدارییەکانی سلێمانی لەگەڵ حکومەت لە هەولێر تا ڕادەیەک هەڵپەسێردراوە، ئەمەش بە تەواوی لە دادگای تەمیزدا ڕەنگی داوەتەوە، کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی سێیەمە لە هەرێمی کوردستاندا.
دادگای تەمیز وەک سەرجەم دەسەڵات و دامەزراوەکانی دیکە بەسەر دوو ئیدارەدا دابەشبووە و ئەندامەکانی بەپێی پشکپشکێنەی حزبی دابەشکراون، هەر بۆیە لەگەڵ هەر گرژی و بارودۆخێکی نائاساییدا ئەم دادگایەش پەکدەکەوێت؛ ئەوەتا مانگێکە هیچ کۆبوونەوەیەکیان نەکردووە و چاوپۆشییان لە بینینی دۆسیەی سکاڵاکان کردووە.
بەهۆی بایکۆتی دادگا و دادوەرەکانی سلێمانییەوە، بە کردەیی هەموو کارەکانی دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان لە کوردستان پەکیان کەوتووە و وەستاون، بیانووی بایکۆتەکەش ئەوەیە کە بەو پێیەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) زۆرینەیە لە دادگای تەمیز، کۆنترۆڵی دادگاکەی کردووە، دەستێوەردانی تێدا دەکات و بۆ بەرژەوەندیی حزبیی خۆی بەکاری دەهێنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، دادگای تەمیز وەک دەسەڵاتی باڵای ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم ڕۆڵی هەیە و پەکخستنی یەکسانە بە پەککەوتنی سەرجەم دەسەڵاتی دادوەری هەرێم و ڕاگرتنی پڕۆسەی پێداچوونەوە و یەکلاییکردنەوەی سەدان دۆسییەی ڕۆژانە، کە لە دادگاکانی هەرێمەوە ئاڕاستەی دەکرێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە چارەنووسی دۆسییە یاساییەکانی هاوڵاتییانەوە هەیە.
بیانووەکە هەرچییەک بێت، ئەم دۆخەی ئەنجوومەنی دادوەری تێدایە، سەلمێنەری ئەو دۆخە شکستخواردووە حوکمڕانییەیە، کە هەرێمی بەسەر دوو ئیدارە و دوو زۆندا دابەش کردووە، لەکاتێکدا دەبوو ئەنجوومەنی دادوەری بێلایەن بکرێت و تێکەڵ بە هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و ململانێیەکی حزبی نەکرێت، بەڵکو وەک چەترێک بۆ هەموو ناکۆکییەکان و دامەزراوەکان بمێنێتەوە.
بەرپرسانی پەدەکە و یەنەکە دان بە دوو ئیدارەییدا دەنێن و دەڵێن: ڕاستییەکی بەرچاو و زیندووە، لەو چوارچێوەیەدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت لەمیانی کۆنفڕانسی دێڵفی لە سلێمانی، بە ئاشکرا بۆ میدیاکانی حزبەکەی وتی:
"ئەمڕۆ دوو ئیدارەمان هەیە و سنوورێک هەیە لە نێوان ئەمدیو و ئەودیو، دەمانەوێت یەک ئیدارە، دەستوور و یاسای بودجەمان هەبێت و دەسەڵاتەکان دیاری بکرێن."
هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی (سیاسیی، ئابووریی و دارایی، ئەمنیی و سەربازیی، ئیداریی و کارگێڕیی، دیپلۆماسیی) دابەشبووە، تەنها بە ڕووکەش لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە یەکی گرتووەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا پەدەکە و یەنەکە لە چوارچێوەیەکدا بەناوی حکومەتی هەرێمەوە ئیدارەی زۆنەکەی خۆیان دەکەن.
هەولێر و سلێمانی پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیسی جیایان هەیە و یەکنەگیراونەتەوە؛ داهات و دارایی جیایان هەیە و هێشتا بەپێی ڕێککەوتنی ستراتیژی بە شێوازی ٤٣٪ و ٥٧٪ داهات و سەرچاوەکانیان کۆدەکەنەوە و دابەشی دەکەن، تەنانەت قاسەی خەرجی و کۆکردنەوەی داهاتیشیان جیایە و هەموو شتێک لەسەر بنەمای ئەو دوو ڕێژەیە دابەش دەکەن.
درێژەدان بەم دوو ئیدارەییە بە فۆرمە حزبییەکەی ئێستای، لە ڕووی دەستوورییەوە نایاساییە و قەوارەی هەرێمی لاواز کردووە، ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەم قەوارە دەستوورییە لەلایەن حکومەتی ناوەندیی عێراق و وڵاتانی داگیرکەری ناوچەکەوە گەمارۆ دەدرێت و بەرەو لاوازبوونی زیاتر دەبرێت.
ئەم دوو ئیدارەییە ئاستی متمانەی وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا و ئەورووپییەکانی بە دەسەڵاتدارانی هەرێم کەمکردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە ئەو وڵاتانەی پێشتر پشتیوانییان لە هەرێم دەکرد ئێستا پاشەکشە بکەن و زیاتر مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراقدا بکەن، هەر ئەوەشە وایکردووە ئیدارەی نوێی ترەمپ، کە تۆم باراک نوێنەرایەتی دەکات، هەوڵ بدات کۆتایی بە سیستمی فیدراڵی بهێنێت و سیستمی ناوەندییەت لە عێراقدا بەهێز بکاتەوە.
ئێستا کە پرسی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ئارادایە، زیاتر لە ساڵێک و هەشت مانگە هەڵبژاردن کراوە و حکومەت پێکنەهاتووە، لایەنەکان و بەتایبەت پەدەکە و یەنەکە ڕێکنەکەوتوون؛ لەبەر ئەوە لە هەموو کات زیاتر دوو ئیدارەیی دەرکەوتووە و بەرپرسانی هەردوولاش بە کارتی دوو ئیدارەیی هەڕەشە لەیەکتر دەکەن.
لەناو هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمدا، بەرپرسانی باڵا بە دەنگی بەرز ئاماژە بە دوو ئیدارەیی دەکەن و وەک چارەسەرێک بۆ ئەم قەیرانە پێناسەی دەکەن. یەکێک لەو بژاردانەی هێناویانەتە پێشەوە ئەوەیە؛ هەرێم ببێتە دوو ناوچەی ئۆتۆنۆمی (هەولێر-دهۆک) و (سلێمانی-هەڵەبجە)، شاری هەولێریش وەک پایتەخت ببێتە ناوچەیەکی سەربەخۆی سێیەم.
بژاردەیەکی دیکەش ئەوەیە، کە هەرێمی کوردستان بکرێتە دوو هەرێمی جیاواز بەبێ حکومەتێکی یەکگرتوو، تەنها سەرۆکی هەرێمێکی هەبێت کە ئیدارە و نوێنەرایەتیی هەردوو زۆنەکە بکات، بەڵام پەرلەمان نوێنەرایەتیی کۆی هەردوو هەرێمەکە بکات.
هـ. ح
