نووسینگەى ڕاگەیاندنى پەرلەمانى عێراق سەبارەت بە ناوەڕۆک و کارنامەى کۆبوونەوەکەى سبەینێی پەرلەمان، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لەڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، سبەینێ پەرلەمانى عێراق کۆببێتەوە و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پروژەیاسای هەمووارکردنی یەکەمی یاسای ناوچە پیشەسازییەکان ژمارە (٢)ـی ساڵی ٢٠١٩، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پروژەیاسای ڕێکخستنی وزەی نوێبووەوە دەکات.

ئاماژە بەوەشکراوە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پروژەیاسای هەمووارکردنی یەکەمی یاسای بەرگریی شارستانیی ژمارە (٤٤)ـی ساڵی ٢٠١٣، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پروژەیاسای پەسەندکردنی پەیماننامەی هاوبەشیی ستراتیجی لە نێوان کۆماری عێراق و کۆماری فەرەنسادا دەکرێت.

لە کۆتایدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پروژەیاسای هەمووارکردنی یەکەمی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی ژمارە (٨)ـی ساڵی ٢٠٢١ دەکرێت.

جێگەى ئاماژەیە، بڕیار دانیشتنەکە لە کاتژمێر ١ـى نیوەڕۆ دەستپێدەکات.

لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤، چەتەکانی داعش جینۆسایدی ٧٤ـەمیان بەرامبەر بە پێکهاتەی ئێزدی لە سنووری شنفال ئەنجامدا، بە هەزاران کەس کۆمەڵکووژکران و هەزاران ژن و منداڵیش ڕفێندران، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق ئەم کارەساتەی وەک جینۆساید نەناساندووە.

هـ ئ