کێشەی نەبوونی دەستوور و یەکخستنەوەی پێشمەرگە دوو کێشەی گەورەی هەرێمی کوردستانن کە لە ساڵی ١٩٩٢ وە یەکلایی نەکراوەتەوە و بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە چارەسەر نەکراوەتەوە، ئومێد جاف پارێزەر و چاودێری سیاسی ئەمە بەهۆکاری لاوازبوونی هەرێم پێناسە دەکات و لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
پێشمەرگە وەک هێزێکی دەستووری
ئومێدا جاف دەڵێت: قۆناغی پێش نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی، هێزە هاوپەیمانەکان بە فەرمی دانیان بە پێگەی هێزە کوردییەکاندا نا، هاوکات لە فەرمانی ژمارە ٩٩ تا ساڵی٢٠٠٤هێزەکانی پارتی و یەکێتیی وەک دوو هێزی ڕەسمی و چەکداری عێراق ناسێندران، بەڵام بەهۆی ململانێ ناوخۆییەکانەوە پێشمەرگە زیاتر وەک "هێزێکی نیزامی (ڕێکخراو) ناسێنرا نەک هێزێکی فەرمی یەکگرتوو، لەگەڵ ئەوەشدا لەو قۆناغەدا، ئەمریکا بە فەرمی دانی نا بەو سنوورە جوگرافیانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەدا بوون.
بنەما دەستوورییەکانی پێگەی پێشمەرگە
ئومێد جاف پارێزەری ڕاوێژکاری باسی لەوەکرد کە لە کاتی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا، چەندین ماددەی گرنگ بۆ پاراستنی مافەکانی هەرێم جێگیرکران لەوانە، ماددەی ١٢١ هێزی پێشمەرگەی وەک "پاسەوانی هەرێم" ناساندووە، لە کاتێکدا سوپای عێراق بەرپرسە لە پاراستنی گشتیی سنوورەکان.
ئەو پارێزەرە وتیشی: هێزی پاسەوانی هەرێم تایبەتمەندی خۆی هەیە و جوڵەپێکردنی لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەدایە، ماددەی ١٤١ دانپێدانانی تەواوی بەو یاسایانەدا ناوە کە لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوون لە نێوانیاندا( یاسای هێزی پێشمەرگە) پەرلەمانی عێراق بە هیچ جۆرێک ناتوانێت دەستکاری ئەم یاسایانە بکات، ئەمەش بنەمایەکی یاسایی بەهێز بە پێشمەرگە دەبەخشێت.
جاف باسی لەوەش کرد، تێکەڵنەبوون لەگەڵ سوپا، پێشمەرگە بەشێکە لە پێکهاتەی هەرێم و بە هیچ جۆرێک تێکەڵاوی سوپای عێراق نابێتەوە.
هەروەها ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو، دانپێدانانی دارایی، حکومەتی فیدراڵ لە دوای ٢٠٠٥ەوە لە چەندین یاسادا دانی بەم هێزەدا ناوە و لە یاساکانی بودجەی (٢٠١٧، ٢٠١٩، ٢٠٢٣، ٢٠٢٥)دا بودجەی بۆ دابین کردووە، بە جۆرێک کە دەبێت چارەسەری بریندار و کەمئەندامانی پێشمەرگە هاوشێوەی هێزە عێراقییەکان بێت.
نەبوونی دەستووری هەرێم و لێکەوتە نەرێنییەکانی
ئومێد جاف وتیشی، سەرەڕای دروستبوونی حکومەتی هەرێم لە ساڵی ١٩٩٢ەوە، تا ئێستاش هەرێمەکە نەبووەتە خاوەنی دەستووری تایبەت بە خۆی، ململانێ سیاسییەکان بوونە هۆی ئەوەی تەنانەت ڕەشنووسی دەستوورەکەش فەرامۆش بکرێت، لەبەر ئەوەی دەستوور دایکی یاساکانە، نەبوونی دەستوور ڕێگەی خۆشکردووە بۆ دەرچوونی کۆمەڵێک یاسای ناتەبا کە پێگەی یاسایی و سەربازی هەرێم لاواز دەکەن.
ئاڵانگارییە ناوخۆییەکان و مەترسیی هێزە نا یاساییەکان
ئەو پارێزەرە دەشڵێت: ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بەدەست کێشەی یەک نەخستنەوەی هێزەکانەوە دەناڵێنێت، ئەگەر پێشمەرگە هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی بووایە، ئێستا هێزە نا نیزامی و میلیشیاکانی عێراق (کە لە دوای دەستوورەوە دروستبوون) نەدەخرانە پێش هێزێکی خاوەن مێژوو و دەستووری وەک پێشمەرگە، بەڵام بەهۆی ئەم ناتەباییە ناوخۆییەوە، هەرێم نەیتوانی کار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچە دابڕێنراوانە بکات کە دەبوو بەپێی ماددەی ١٤٠ی دەستوور تا ساڵی ٢٠٠٧ چارەسەر بکرانایە.
لە کۆتایدا پارێزەر ئومێد جاف باسی لەوە کرد، لە کاتێکدا لە عێراقدا زۆرجار کار بە یاسا و دەستوور ناکرێت و لۆژیکی هێز باڵادەستە، هەرێمی کوردستان لەبەردەم گرفتێکی گەورەدایە، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە جدی کار بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە بکەن وەک هێزێکی یاسایی پارێزەر، بۆ ئەوەی توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەر و پەرچەکردارێکی سەر بازی یان دەستێوەردانێکی هێزە نایاساییەکانی لە سنوورەکانی هەرێمدا هەبێت.
ئ پ
