ئەمڕۆ، لەناو باڵەخانەی قائیمقامی شارۆچکەی تەقتەقی سەربە پارێزگای هەولێر، سەبارەت بە دەستپێکردنی پێنجەمین فێستیڤاڵی هەنجیر لە سنوورە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجام درا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، ئاسۆ مستەفا قائیمقامی تەقتەق ڕایگەیاند، ئەمساڵ پێنجەمین فێستیڤاڵی هەنجیر لە شارۆچكەكە بەڕێوەدەچێت و هەموو ئامادەكارییەكان تەواو بوون، لە ڕۆژی هەینی ٢٨/٨/٢٠٢٦ فیستیڤاڵەكە لە پاركی گوڵی مەهناز لە كەنار زێی بچووك لە سنووری شارۆچكەكە بەڕێوەدەچێت.
ڕاشیگەیاند، هەموو ئەو گرفت و بابەتە هونەرییانە چارەسەركراون كە ساڵانی ڕابردوو ببوونە هۆكاری قەرەباڵغی گرفتی هاتوچۆ.
ئاسۆ مستەفا ئاماژەی بەوەشدا، ئامانج لە فێستیڤاڵەكە ناساندنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی سنوورەكەیە بە گەشتیاران و ساخكردنەوەی بەرهەمە ناوخۆییەكانن.
سنووری شارۆچكەی تەقتەق بەهۆی ئەوەی ناوچەیەكی كشتوكاڵییە، ساڵانە دەیان جۆر بەرهەمی ناوخۆیی بەرهەم دەهێنرێت و سەدان تۆن لەو بەرهەمانە ڕەوانەی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقیش دەكرێت.
ب. جـ
