سورێژە نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گوازراوەیە کە دەبێتە هۆی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە و لە ڕێگەی هەوا و کۆکەی کەسی تووشبووەوە بە خێرایی دەگوازرێتەوە و تا ئێستاش نەتواندراوە لە ئاستی جیهاندا کۆنتڕۆڵ بکرێت، هەر بۆیە ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانیی پێشبینی هەڵکشانی تووشبووان بەو نەخۆشییە دەکات.

ڕێکخراوەکە پێشبینی ئەوەی کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٦ـدا نزیکەی ١١ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی نەخۆشی سورێژە ببن.

بەپێی خەمڵاندنەکانى ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی، بەشی زۆری حاڵەتەکانى تووشبوون بە سورێژە لە ئەفریقیا و ئاسیا تۆمار دەبن، بەڵام شەپۆلەکانی تەشەنەسەندن چەندین وڵاتی ئەورووپا و هەردوو ئەمریکایشی گرتووەتەوە و سەدان و هەزاران کەسی تووش کردووە.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی سورێژە، پێویستە ڕێژەی کوتاندن لە کۆمەڵگەکاندا لە ٩٥٪ تێپەڕ بکات، لە کاتێکدا لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان ئەم ڕێژەیە نزیکە، بەڵام لە وڵاتە هەژار و مامناوەندەکان تەنها نزیکەی ٨٠٪ـی منداڵان یەک ژەم و ٧٠٪ دوو ژەمی ڤاکسینەکە وەردەگرن.

وەک ئاشکرایە ئەو تووشبووانەی کە پێشتر ڤاکسینیان بەکار نەهێناوە ڕووبەڕووی مەترسی جددی وەکو کوێربوون و مردن دەبنەوە، بەتایبەت ئەو منداڵانەی گیرۆدەی بەدخۆراکی بوونەتەوە.

ئـ.ع