فالح خزعەلی سەرۆکی فراکسیۆنى منتزرون لەپەرلەمانى عێراق سەبارەت بە پێشنیازێکیان بۆ دامەزراندنى ئەنجوومەنی باڵای پڕچەککردن و ئامانج لەو ئەنجوومەنە، بۆ ڕۆژنامەى سەباح دەدوێیت.

فالح خزعەلی ڕایگەیاند، فراکیسۆنەکەیان پێشنیازێکی پێشکەشی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کردووە، بۆ پێکهێنانی "ئەنجوومەنی باڵای پڕچەککردن"، کە ئامانج لێی گرتنەبەری سەرجەم مامەڵە و سەوداکانی پڕچەککردنە لە ژێر چاودێرییەکی پیشەییی پسپۆڕانە و سنووردارکردنی گومانەکانی گەندەڵی.

ڕوونیشی کردەوە، پێشنیازەکە جەخت لەسەر بەستنەوەی ڕاستەوخۆی ئەنجوومەنەکە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و تەرخانکردنی بودجەیەکی سەربەخۆ بۆی دەکاتەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەنجوومەنەکە نوێنەرانی وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، دەستەی حەشدی شەعبی، دەزگای دژەتیرۆر، ئاسایشی نیشتمانی و پێکهاتەکانی دیکە لەخۆدەگرێت، تاوەکو ئەرکی داڕشتنی نەخشەی پڕچەککردنی پسپۆڕانە بگرێتە ئەستۆ، کە تیشک دەکاتە سەر تەکنەلۆژیا نوێیەکان وەک: فرۆکەی بێفڕۆکەوان، ئاسایشی سایبەری، ژیریی دەستکرد و مووشەکى بالیستی.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەنگاوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گومانانەی گەندەڵییە، کە دیوانی چاودێریی دارایی لە سەردەمی حکومەتەکانی پێشوودا بەڵگەداریکردوون، بنەماکانی پێشنیازەکە لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەماندا تاوتوێ کراون و پەسەندکراون.

ئەم پێشنیارە لەدواى ئەو دەنگۆیانە دێت، کە لەماوەى ڕابردوو لەسەر دووستکردنى وەزارەتێک بەناوى ئاسایشی فیدراڵیەوە هەبووە، کە بڕیار بوو بەشێکى هێزە ئەمنییەکان و گرووپە چەکدارەکانى تێدا کۆبکرێتەوە.

هـ.ئ