کۆنفرانسەکە کە لەلایەن دامەزراوەکانی زمانی کوردییەوە بە درووشمی "لە پێگەوە تا پەروەردە؛ چوارچێوەیەکی نوێ بۆ دانوستان" لە چاند ئامەد لە ناوچەی یەنیشەهیری ئامەد بەڕێوەدەچێت، لە دووەم ڕۆژیدا بەردەوامە.
بەرنامەکە بە بەشداری چەندین ئەندام و بەڕێوەبەری پارتە سیاسییەکان، بە سەدان نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەندام و بەڕێوەبەرانی دامەزراوەکانی زمان کە لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیاوە بەڕێوەچوو، هەروەها لە کۆنفرانسەکەدا پانکارتێک بە شێوەزارەکانی کورمانجی، زازاکی و سۆرانی دانرا بوو کە لەسەری نووسرابوو، "خۆشویستنی زمان، خۆشویستنی وڵاتە، خۆشویستنی وڵات، خۆشویستنی خۆبوونە".
بێریتان گونەش ئاڵتن پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین، لە سەرەتای بەرنامەکەدا قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە پرسی قسەکردن بە زمان پێش هەر شتێک بخرێتە بەرباس، کاتێک ڕێگری لە گەشەکردنی زمان دەکرێت، ئەو زمانە بەرەو لەناوچوون دەچێت، کاتێک منداڵێک دەچێتە خوێندنگا، پێش هەموو شتێک لە زمانەکەی خۆی دادەبڕێت.
دواتریش ئەکادیمیست دکتۆر ئیسماعیل کۆناک باسی لەوەکرد، سیاسەتەکانی ئاسیمیلاسیۆن فشارە مێژووییەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر ڕۆح و جەستەی کۆمەڵگە بابەتێکی زانستین، قبووڵکردنی ڕاستیی ئاسیمیلاسیۆن، هەنگاوی یەکەمە بۆ هۆشیاربوونەوە و خۆناسین، بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیاری سەرەتا بدەینەوە؛ زمان چۆن خۆی چاک دەکاتەوە و بەرەو پێش دەچێت؟ بە شکاندنی داگیرکاریی ڕۆحی و ترس.
هەروەها شارەزای پەروەردەی دیجیتاڵی کاروان عارف کە لە باشووری کوردستانەوە بەشداری کۆنفرانسەکەی کردبوو، لەسەر ڕۆڵ و کاریگەریی کایەی دیجیتاڵ لە سیستەمی پەروەردەدا قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، وڵاتی نەرویج یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ساڵانێکە پەروەردەکەی گواستووەتەوە بۆ دیجیتاڵ، لە ڕابردووەوە تا ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە و لەگەڵیدا پەروەردەش گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئینتەرنێت ئیتر سنوورەکانی نەهێشتووە، ئەمەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە.
وتیشی: ئیدی گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەگەر کارەکانمان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە نەبێت، ڕایی نابن، پێشتر قوتابخانەکانیش خۆیان کۆمەڵایەتی بوون، ئێستا سیستەمێک درووستکراوە کە گرنگی بە زمان و منداڵان نادات، پێشتر ئێمە لە باشوور سیستەمی خوێندنگا و پەروەردەمان بونیاد دەنا؛ سیستەمی ئێستا دوو بەشە، بەشێکی سەربەخۆیە و ئەوی تریان لەسەر بنەمای شێوەزارەکانە، دەبێت ئەو کەسانەی شێوەزاری زازاکی دەزانن، شێوەزارەکانی تری کوردیش بزانن، پرسی زمان، پرسی ئێمەیە، پرسی منداڵەکانی ئێمەیە.
بـ. قـ
