بە بۆنەی ٤٧ـەمین، ساڵیادی فەتوای جیهاد و کۆمەڵکووژیی سەر کوردان لە ١٩ـی ئابی ١٩٧٩، مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

دەقی بەیاننامەی مەجلیس پژاک:

"ئەمڕۆ، ٤٧ ساڵ بەسەر یەکێک لە ڕەشترین لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەهۆی کۆمەڵکوژیی کوردان تێدەپەڕێت: کۆمەڵکوژی و هێرشی سەربازیی بەربڵاو دژی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دوای فەتوای جیهادی خومەینی لە ١٩ـی ئابی ١٩٧٩ـدا دەستی پێکرد و بووە هۆی کوشتار، وێرانکردنی گوندەکان، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و سەرکوتکردنی خوێناوی.

ئەم تاوانە، نەک تەنیا ڕووداوێکی دابڕاو نەبوو، بەڵکو خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە بەردەوامیی باڵادەستیی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی سەد ساڵە لە ئێران و فاشیستبوونی لە دژی گەلی کورد. هەمان ئەو لۆژیکەی پێش شۆڕش لە چوارچێوەی سیاسەتە ناوەندگەرایی و نکۆڵیکردنی ناسنامەی کوردیدا کاری دەکرد، دوای ڕێبەندانی ١٩٧٩ و دزینی شۆڕشی گەلان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە ئامرازی ئایین و "جیهاد" توندتر بووەوە؛ ئەمەش پرۆسەی تواندنەوەی کولتووری و جینۆسایدی کولتووری و جەستەیی گەیاندە لووتکە. ئەو سیاسەتانەی ئامانجیان سڕینەوەی زمان، کولتوور، مێژوو و مافی ئازادیی تەواوی کوردان بوو و تا ئێستاش بە شێوازی جۆراوجۆری سەرکوت، بە ئەمنیکردن، لەسێدارەدان، زیندانیکردن و نکۆڵی سیستەماتیک بەردەوامە. ئەمڕۆ لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە، پەرلەمانی ئێران بە پەسەندکردنی یاسایەک بۆ سزای لەسێدارەدان دژی هەموو چالاکوانانی مەدەنی بە بیانووی بێبنەمای هاوکاریکردنی هێز و دەسەڵاتە بیانییەکان، کوشتنی خەڵک و چالاکوانان لە ڕێگەی یاساوە ڕەوایەتی پێدەدات کە ئەمەش مەترسییە بۆ سەر سەرجەم نەتەوەکان.

بەو حاڵەشەوە، گەلی کورد لە بەردەم ئەم پرۆسەی باڵادەستی و کۆمەڵکوژییەدا خۆڕاگر مایەوە و بە توندی بە بەڵێ بۆ گشتپرسیی سیستەمی کۆماری ئیسلامی گوت "نەخێر". ڕژێمیش لە وەڵامی ئەم خەباتە جەماوەرییەدا هێرشی سەربازی و کوشتاری دەستپێکرد. سەرەتا لە شاری پاوە دەیان کەس لەلایەن هێزەکانی پاسداری ڕژێمەوە لەسێدارەدران. گوللـەبارانکردنی ژمارەیەکی زۆر لە ئازادیخوازان، گەنجان و ڕۆشنبیران لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو بە کارێکی ڕۆژانەی پاسداران. لەبەر ئەم هۆکارە، گەلەکەمان بۆ شەرمەزارکردنی کوشتارەکانی ڕژێم، دەستی دایە مانگرتنێکی یەک مانگی لە شاری سنە. لەم قۆناغەدا بوو کە کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان ڕوویدا و ڕێپێوانی درێژ لە سنە و شارەکانی تری کوردستانەوە بەرەو مەریوان، یەکێک بوو لە نموونەکانی هەڵوێستی ڕوونی کوردان دژی کوشتارەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی. لە دوای تۆپبارانکردنی شارەکان، بەتایبەت لە سنە ٢٠٠ کەس و لە مەهاباد ٢٠ کەس لە کاتی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکاندا کۆمەڵکوژ کران. لە شارەکانی تریشدا وەک ورمێ، سەدان کەس بێ دادگاییکردن لەسێدارەدران. پاشان کۆمەڵکوژی لە گوندەکانی قارنا و قەڵاتان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدرا. خومەینیش لە دوای ئەم کوشتارانە فەتوای جیهادی دژی کوردان دەرکرد و هێزەکانی ڕژێم لە ٢٨ی گەلاوێژەوە بە جووڵانەوە لە پاوە و کرماشانەوە بەرەو سنە و داگیرکردنی تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کوشتار و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵیان ڕێکخست.

ژن و پیاو، گەنج و پیر، لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە خۆڕاگریی مەدەنی، ڕێکخستنی سیاسیی خۆڕسک و پاراستنی ناسنامەی کولتووری، بەربەرەکانییان کرد. ئەوان نەک تەنیا لە بەردەم هێرشی سەربازیی ١٩٧٩ـدا، بەڵکو لە دەیەکانی دوای ئەویشدا، بە بەخشینی قوربانیی سەخت، نیشانیان دا کە ئیرادەی ئازادیخوازی و مافی ژیانی سەربەرزانە بە فەتوا، تۆپ و تانک یان سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن خامۆش ناکرێت. ئەم بەرگرییە، میراتێکی زیندووە کە نەوەکانی داهاتوو بۆ بەردەوامبوونی خەبات لە پێناو ئازادی، یەکسانی و مافی ئازادیی نەتەوەکان بانگهێشت دەکات.

ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە کاتێکدا یاد و یادەوەریی سەرجەم قوربانیانی کۆمەڵکوژیی ١٩ـی ئابی ١٩٧٩ و هەموو ئەوانەی لە پێناو ئازادیی گەلی کورددا شەهید بوون بەرز ڕادەگرێت، فەتوای جیهاد بۆ کوشتاری ١٩ـی ئابی ١٩٧٩ شەرمەزار دەکات و جارێکی تر ڕایدەگەیەنین کە هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی گەلێک بۆ ژیانێکی ئازاد و یەکسان لەناو ببات. ئەمڕۆ ئیتر سیاسەتەکانی ئاسیمیلاسیۆن و جینۆسایدی کولتووری شکستیان هێناوە، ڕێگەچارە سەربازییەکان بێهوودە بوون و چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد بووەتە زیندووترین پرس بۆ بەدیهاتنی ئازادیی نەتەوەکان لە ئێراندا. هیچ ڕێگەیەک جگە لە بەدیهاتنی ئازادی و دیموکراسی بۆ نەتەوە بندەستەکان لە ئێراندا نییە و خەباتی دەیان ساڵەی گەلەکەمان ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتدا لە لێواری بەرهەمهاتنی تەواوەتی دایە.”

ب. چ