
مامۆستا هێلین کارا، وتەبێژی پەروەردەی مەخموور و مامۆستا محەمەد بیلەن، وتەبێژی ناوەندی کولتوور و هونەریی مەخموور، سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و یاسای چوارچێوە و دۆخی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
مامۆستا هێلین کارا باسی لە یاسای چوارچێوە کرد کە لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندکرا و ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی گەلی کورددا کە پرسی کورد بەم شێوەیە لە پەرلەماندا لە ڕۆژەڤدا بێت.
وتیشی: ئەو کەسەی لە سەرەتادا دەستی بەم پڕۆسەیە کرد، بە فکر و تێڕوانینی خۆی، ڕێگەی بۆ پرۆسەکە کردەوە ڕێبەر ئاپۆیە، بۆیە دەبینین ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەی کە ئەمڕۆ ڕوودەدەن، ئەو هەوڵانەی کە دەدرێن، ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ یەکلاکەرەوە و سەرەکییە.
هێلین باسی لەوەشکرد، لە پرۆسەی ئێستادا، ئەو ئاستەی گەلی کورد و تورکیا پێی گەیشتووە، پێویستی بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ هەیە، ڕێبەر ئاپۆ دەبێت بە شێوەیەکی ئاسوودە بەشداری پرۆسەکە بکات، دەبێت دەرگای ئیمرالی بکرێتەوە و بتوانێت لەگەڵ هەمووان گفتوگۆ بکات، نووسەران و ڕۆشنبیران و هتد دەبێ بتوانن بیبینن.
لە کۆتاییشدا ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمڕۆ پێویستی سەلامەتی پڕۆسەکە ببینرێت، دەبێت ڕۆڵی ڕێبە ئاپۆ لە دیاریکردنی پێگەیەکدا ڕوون بکرێتەوە، وەکو گەلی کورد و ئەوانەی پشتیوانی و جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە دەکەن، ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ خاڵێکی سەرەکییە.

هەروەها مامۆستا محەمەد بیلەن وتەبێژی ناوەندی کولتوور و هونەریی مەخموور سەبارەت بەهەمان بابەت وتی: ئەگەر دەوڵەتی تورک بیەوێت چارەسەرێک بەرەوپێش ببات پێویستە مافی هیوا بە ڕێبەر ئاپۆ بدات و لە هەمان کاتدا دەبێت پێگەی ڕێبەر ئاپۆ دیاری بکات.
محەمەد بیلەن ڕاشیگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ ٥٠ ساڵە بە ڕەنجێکی زۆرەوە تێکۆشان دەکات، تەڤگەر ٤٢ ساڵە تێکۆشانی چەکداری ئەنجام دەدات، ئەو کەسەی ئەم شەڕەی ڕاگرت و ئەم پرۆسەیەی دەستپێکرد ڕێبەر ئاپۆ بوو، ئەگەر دەوڵەتی تورک بەڕاستی بیەوێت ئەم پرۆسەیە بگەیەنێتە چارەسەر، دەبێت ڕێگا خۆش بکات بۆئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و با ئازاد بێت، ئەگەر ئازادیی جەستەی ڕێبەر ئاپۆ نەبێت، ئێمە وەک تەڤگەر و گەل، ناتوانین ئەم پرۆسەیە سەربخەین، سەرکەوتنی پرۆسەکە بە ڕێبەر ئاپۆەوە گرێدراوە، ڕێبەر ئاپۆ کەسێک نییە کۆمەڵگەیەکە، ئایدۆلۆژیایەکە، لە دەرەوەی ئازادیی جەستەی ڕێبەر ئاپۆ هەموو شتێک هەڵخەڵەتاندنە.
لە کۆتاییشدا باسی لەوەکرد، بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی ڕاست لە پرۆسەکانی پێشوو نزیک نەبووەتەوە، ئەو پرۆسانە سەرکەوتوو نەبوون، ئەگەر بەم یاسایە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدی بهێنرێت، ئەوا پرۆسەکە دەگاتە چارەسەر، چونکە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەو مانایەیە کە پرۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت.
بـ. قـ
