یاسای چوارچێوەی "پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی" کە لە ١٢ مادە پێکهاتووە، بە ٤٦٧ دەنگ لە پەرلەمانی پەسەندکرا و بووە یاسا، ئەم یاسایە کاتژمێر ١٢:٠٠ـی شەوی ڕابردوو بە واژۆی سەرۆککۆماری تورکیا تەیب ئەردۆغان لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە.

جێبەجێکردنی یاساکە تا ڕاپۆرتی دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی (MGK) ڕادەگیرێت و دواتر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، یاسای چوارچێوە کە بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک ئامادەکراوە، یاسایەکی کاتی دەبێت و بۆ ماوەی شەش مانگ کاری پێ دەکرێت، درێژکردنەوەی یاساکەش بەندە بە سەرۆککۆمارەوە.

دوای یاسای چوارچێوە، ئەمجارە هەنگاوی دیموکراسی و هەمووارکردنەوەی یاساکە دەگیرێتەبەر بەگوێرەی مادەی حەوتەمی ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی پەرلەمان.

دوای ئەوەی یاسای چوارچێوە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە، چاوەڕوان دەکرێت یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەمەودوا چی ڕوودەدات بۆ جێبەجێکردنی یاساکە؟ چی ئامادەکارییەک دەکرێت؟ چەند دەستە دادەمەزرێنرێت و یاساکە چۆن جێبەجێ دەکرێت؟ هەموو ئەمانە پرسیارە سەرەکییەکانی ڕای گشتیین.

کەی یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟

یاسای چوارچێوە دوای ڕاپۆرتی دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا جێبەجێ دەکرێت، تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دیاری نەکراوە، بەڵام لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەنجوومەنەکە لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئاکەپە ئەردۆغان کۆدەبێتەوە.

دەوترێت لەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ڕاپۆرتی دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە پێشکەشی سەرۆککۆمار ئەردۆغان دەکات و دوای ئەم ڕاپۆرتە یاساکە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرچاوەکانی بەشدار لە پرۆسەکەدا باسی جێبەجێکردنی یاساکە لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەکەن، هەتا مانگی تشرینی یەکەمیش بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەستەکان دادەمەزرێن و لە مانگی تشرینی یەکەمدا، دوای ڕاپۆرتی دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە، یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دەستەی یەکەم دامەزرا

بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، سێ دەستە دادەمەزرێن، دوو لەو دەستانە پێشتر بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاندرابوو، یەکێک لەو دەستانەش دەستەی بەدواداچوون دەبێت کە لەژێر ئیدارەی جەودەت یڵماز جێگری سەرۆک کۆماردایە، ئەم دەستەیە لە هەشت کەس پێکدێت، جەودەت یڵماز جێگری سەرۆک کۆمار دوای بڵاوبوونەوەی یاساکە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا ڕایگەیاند، کە دەستەیەکیان دامەزراندووە و ئەو وەزارەت و دامودەزگا دەوڵەتییانەی کە دەخرێنە ناو دەستەکەوە دەستیان بە کارکردن کردووە، وەزارەتەکانی داد، ناوخۆ، دەرەوە و بەرگریش لەم دەستەیەدا بەشدار دەبن، هەروەها سکرتێری گشتیی سەرۆککۆمار و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆکی میت ئیبراهیم کالن بەشدارن لەم دەستەیەدا.

هەروەها جەودەت یڵماز ڕایگەیاند، کە ڕۆژی دووشەمە ٢٤ـی ئاب یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامدەدەن و لەم کۆبوونەوەیەدا بە پێی پێویست لیژنە دادەمەزرێن.

دەستەی چاودێری لە پەرلەمان دادەمەزرێت

هەروەها دەستەی چاودێری لە پەرلەمان بە سەرپەرشتی سەرۆکی پەرلەمان و بە بەشداری لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان دادەمەزرێت، چاودێری جێبەجێکردنی یاساکە دەکات تا بتوانێت ڕاسپاردە پێشکەش بکات، جگە لەوەش دەستەی جێبەجێکردن کە بە سەرپەرشتی جەودەت یڵماز جێگری سەرۆک کۆمار دامەزراوە، بەردەوام دەستەی چاودێری پەرلەمان لە جێبەجێکردنی یاساکە ئاگادار دەکاتەوە.

هێشتا دیار نییە ئەو دەستەیە لە چەند کەس پێکدێت، بەڵام دەوترێت ١٧ ئەندامە، هەروەها پێشبینی دەکرێت لە ژێر چاودێری ئەم دەستەیەدا لیژنە دابمەزرێن و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هتد بەهەمان شێوە ئەگەر بیانەوێت دەتوانن بەشداری ئەو لیژنانە بکەن.

پێشبینی دەکرێت ڕێبەر ئاپۆ لە دەستەی سێیەمدا جێگا بگرێت

هەروەها لەلایەن تەڤگەری ئازادییەوە دەستەیەک دادەمەزرێت و بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، ڕێبەر گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، وەک هەماهەنگکاری ئاشتی و سیاسی لەم دەستەیەدا بەشداری دەکات، هەروەها ئەم دەستەیە بە شێوەیەکی هەماهەنگ لەگەڵ دەستەکانی دەوڵەت کاردەکات، پێشبینی دەکرێت لەمەودوا بارودۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان باشتر بێت و بتوانێت لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و ئەکادیمیستەکان کۆببێتەوە.

دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دەدرێت

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە پێکهاتووە لە پەرلەمانتاران پەروین بوڵدان و مەدحەت سنجار، لەم هەفتەیەدا لەگەڵ تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەتەوە و بڕیارە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بچنە دوورگەی ئیمراڵی و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دیدار ئەنجام بدەن، هەروەها ناوەڕۆکی ئەم دیدارە پەیوەست دەبێت بە یاسای چوارچێوە و پێکهێنانی دەستەکان و ئەو کارانەی کە دەبێت لەمەبەدوا بکرێت.

سەرچاوە/ ئاژانسی هەواڵیی وڵات

بـ. قـ

https://rojnews.news/?p=723337