لە ئێستادا، پرسی ئامادەکردنی ڕەشنووسێکی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ناردنی بۆ پەرلەمان لە ڕۆژەڤدایە، بەڵام ناوەڕۆکی ڕەشنووسەکە چییە؟ سیاسەتەکانی پشتەوەی چین؟ تا چەند مافەکانی گەلی کورد تێیدا جێدەگرێت و مامەڵەی دەوڵەتی تورک بەرامبەر پرسی کورد چۆنە؟ لەمیانی ئەم دۆسییەیەدا دەیخەینەڕوو.
هەنگاوەکانی تەڤگەری ئازادی لە پرۆسەی چارەسەرییدا
دوو ڕۆژ دوای بانگەوازییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥، پەکەکە تاکلایەنە ئاگربەستی ڕاگەیاند و دواتریش لە ٥-٧ـی ئایاری هەمان ساڵ کۆنگرەی ١٢ـیەمینی پەکەکە ئەنجام درا و بڕیاری کۆتاییهێنان بە ڕێبازی خەباتی چەکداری و چالاکییەکان لەژێر ناوی پەکەکە درا.
لە ١١ـی تەمووزیش لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، ٣٠ گەریلا بە پێشەنگایەتی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکە، لە مەراسیمێکی سیمبولییانەدا بۆ نیشاندانی نیازپاکی بۆ پرۆسەکە، لەبەرچاوی ڕای گشتی چەکەکانیان سووتاند.
لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتییدا، بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی لە ٢٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بناری قەندیل ڕایگەیاند، کە بۆ ئەوەی پێکدادانی ئەگەریی دروست نەبێت لەنێوان گەریلا و سوپای دەوڵەتی تورکدا، لەو ناوچانەی کە مەترسی پێکدادانیان هەیە لە سنووری تورکیا دەکشێنەوە.
هەروەها لە ١٦ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند، ئەو هێزانەمان کە لەو ناوچانەبوون مەترسی پێکدادان و شەڕیان لەسەر بوو کشاندمانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان.
هەوڵی بێوچانی ڕێبەر ئاپۆ و شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی
هاوشان بە هەنگاوەکانی تەڤگەری ئازادی، ڕێبەر ئاپۆش لە هەوڵی چڕ و پڕدایە تا پرۆسەکە سەربخرێت و پرسی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە چارەسەربکرێت و کۆمارێکی دیموکراتیک بونیاد بنرێت، لەو چوارچێوەیەشدا لە پەیامەکانیدا جەختی لە پابەندبوون بە پرۆسەکە کردووەتەوە و لە پەیامەکەشیدا بۆ یەکەمین ساڵی پرۆسەکە ڕایگەیاند، بۆ گواستنەوە بەرەو ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک، پێویستیمان بە یاساکانی ئاشتی هەیە، چارەسەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پێشبینی بنیادنانی تەلارسازی و یاسایەک لە چوارچێوەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووریدا دەکات.
لە ماوەی زیاتر لە ساڵ و چوار مانگی ڕابردوودا شاندی ئیمراڵیی دەم پارتیش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا و تەنانەت کاربەدەستانی باڵای دەوڵەتیش زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بەرفراوانیان ئەنجام دا و لە هەوڵدابوون کە ڕەشنووسی یاسایەک ئامادەبکرێت کە بۆچوونی گەلی کوردیش لە خۆبگرێت، ڕێبەر ئاپۆ ناونیشانی ئەو یاسا ئاشتییەی کە پێویستە دەربکرێت بە "یاسای بنەڕەتی یان یاسای چوارچێوە" دەستنیشان کردووە.
لە کۆتا دیداریشیدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، کە لە ٢٤ـی ئایاری ٢٠٢٦ ئەنجامدرا، ڕێبەر ئاپۆ نەخشەڕێگایەکی بۆ پرۆژەیاسای چاوەڕوانکراو ئامادەکردووە کە لە تەوەرەکانی (تایبەتمەندی یاساکە، پێکهاتەی پرۆسەکە و پێناسەکردنی ڕۆڵ و پێگەی ئەکتەرەکانی ناو پرۆسەکە) پێکدێن.
دەوڵەت چی کرد؟
لەو ماوە زۆرەدا، تا ئێستا دەوڵەتی تورک هیچ هەنگاوێکی نەناوە و تەنها کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا دامەزرێندرا و وێڕای هەموو ڕەخنەکانیش لایەنی کوردی ڕاپۆرتەکەی قەبووڵ کرد.
بڕیار وابوو کە دوای جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ هەنگاوە یاساییەکان دەستپێبکەن و پڕۆسەکە بگاتە ئەنجامێک کە کۆمارێکی دیموکراتیک بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەڵام هیچ هەنگاوێک نەنرا و دواخرا بۆ مانگی نیسان، لەو مانگەشدا هیچ هەنگاوێک نەنرا و دواخرا بۆ حوزەیران.
هەر لەو ماوەیەدا دەوڵەت کودەتای سیاسیی کردە سەر جەهەپە و دادگا بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی ڕەها"ـی دەرکرد، بەو بڕیارەش چیتر ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە نییە و تەنانەت ئەنجوومەنەکەشی ڕەتکرایەوە، چاودێران ئەو کات پێیان وابوو، کە ئەم هەوڵە بۆ بەدەستهێنانی کاتە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە و دەیەوێت بە درووستکردنی پشێوی پرۆسەکە لە ڕۆژەڤدا دەربکات.
ڕەشنووسێک بۆ ڕادەستبوون لەلایەن دەوڵەتەوە!
کات گەیشتە مانگی حوزەیران، میدیاکانی سەر بە دەسەڵات لە تورکیا ناو بەناو ڕاپۆرتیان لەسەر ڕەشنووسی یاسایی ئامادە دەکرد و تا ڕادەیەک ناوەڕۆکی ڕەشنووسە یاساییەکەیان بڵاوکردەوە.
ئەو ڕەشنووسە یاساییە، کە پێویستە بخرێتە پێش پەرلەمان، دەبێت سەرەتا ئاراستەی ڕێبەر ئاپۆ و هەموو لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا بکرێت، بەڵام ئاکەپە وەک پارتی یەکەمی تورکیا و دەسەڵاتداری دەوڵەت کە ڕەشنووسەکە ئامادە دەکات، لەلایەک هەوڵی بەدەستهێنانی کاتی دەدا و پڕۆسەکەی دوادەخست، لەلایەکی دیکەش ڕەشنووسێکی ئامادەکردووە کە بۆنی ڕادەستبوون و پاکتاوکردنی کوردی لێدێت تا چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، یاساکە، بۆ یەکجار و بەشێوەی کاتی دەردەکرێت، سەرەتا بۆ ماوەی سێ مانگ کاری پێدەکرێت بەڵام پەرلەمان دەتوانێت ماوەکەی بۆ سێ مانگی دیکەش درێژ بکاتەوە، هاوکات ناوی لێدەنرێت یاسای "ڕێکخستنی هەڵوەشاوە" بۆ ئەوەی هیچ لایەن یان ڕێکخستنێکی دیکە هاوشێوەی گولەنییەکان سوود لە یاساکە وەرنەگرن و تەنها تایبەت بێت بە پەکەکە و تەڤگەری ئازادی، هەروەها ڕێگە بە هیچ مەراسیمێکی گەڕانەوەی بە کۆمەڵ نادرێت.
لە ڕەشنووسەکەدا پۆلێن بەندی بۆ ئەو کەسانە دەکات، کە دەیانەوێت سوود لە یاساکە وەربگرن، بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیاکانی دەوڵەت بڵاویان کردووەتەوە، ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لە شەڕدا نەکردووە و لە ڕوانگەی دەوڵەتەوە "تاوان"ـیان ئەنجام نەداوە، دەتوانن بگەڕێنەوە و لە هەنگاوی یەکەمدا پێنج هەزار کەس دەتوانن بگەڕێنەوە و دادگایی دەکرێن.
هەروەها ئەوانەشی کە بەشداربوون لە شەڕ دوای گەڕانەوەیان دادگایی دەکرێن و دەکرێت سزاکانیان سووک بکرێتەوە و ئەوانەی کە سزای پێنج یان ١٠ ساڵ وەردەگرن، سزاکەیان جێبەجێ دەکرێت، بەڵام لە دەرەوەی زیندان و لەژێر چاودێریکردندا دەبێت هەروەها ناتوانن لەو ماوەیەدا بەشداریی لە هیچ دامودەزگایەکی دەوڵەت و تەنانەت سیاسەتییشدا بکەن.
پۆلێنی سێیەم لە ڕەشنووسەکەدا ئەوەیە، کە ڕێبەر ئاپۆ و ئەندامانی باڵای ڕێکخستنەکە لە دەرەوەی چوارچێوە یاساییەکە دەبن، پێشنیاری، باشووری ئەفریقا، فینلەندا و نەرویج بۆ بەرپرسانی باڵا کراوە و دۆخی ڕێبەر ئاپۆش لە ژێر گۆشەگیریی تونددا دەمێنێتەوە بێ ئەوەی پێگەیەکی بۆ دیاریبکرێت یان مافی هیوای بۆ دەستەبەربکرێت، کە لەسەرەتاوە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بانگەشەی بۆ دەکرد.
پرۆسەی پێداچوونەوە بە سزای زیندانییانی سیاسیی، کە بە زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس دەخەمڵێندرێن، بە شێوەی تاک بەڕێوەدەچێت، نەک ئەوەی کە دۆزی (کەجەکە-پەکەکە) لە تورکیا هەڵبگیرێت و ئەوانەی کە بەو دۆزە دادگاییکراون ڕاستەوخۆ ئازاد بکرێن، لەسەر ئەوەش نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوەداوە، کە "یاساکە تایبەتمەندی لێبوردنی گشتی نابێت"، بەرپرسانی دەم پارتیش دەڵێن: دەبێت یاساکە پۆلێنبەندی تێدا نەبێت و هەمووان بگرێتەوە و گشتگیر بێت.
دواخستنێکی دیکە بۆ پایزی ئەمساڵ
دوای ئەوەی کە لە مانگی حوزەیرانیشدا هیچ ڕەشنووسێک نەچووە بەردەم پەرلەمانی تورکیا و ڕاگەیاندرا، کە پشووی پەرلەمان دواخراوە و دوای کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ناتۆ کە لە ٧-٨ـی تەمووزدا لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، ئاکەپە ڕەشنووسەکە دەخاتە بەردەم پەرلەمانی تورکیا و ئەستەمیشە لەم خولەی یاساداناندا یاساکە بە تەواوی دەربچێت، بەڵكو دوادەکەوێت بۆ پایزی ئەمساڵ.
٣٣ـیەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری و هەڵسەنگاندنی ئاکەپە، کە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان و بە بەشداری پەرلەمانتاران و بەرپرسانی پارتەکە لە ساپانجا بەڕێوەچوو، جەخت لەوە کرایەوە، کە پێویستە ڕەشنووسەکە بە زوویی ئاراستەی پەرلەمان بکرێت.
بەڵام لە کۆبوونەوەکەشدا ئاماژە بەوەکراوە، کە دەزگای هەواڵگیریی میت و لایەنە ئەمنییەکان دەبێت ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر چۆڵکردنی تونێلەکان و دەستبەرداربوونی زیاتر لە ٨٠٪ـی ئەندامانی ڕێکخستنەکە (گەریلا) لە چەک پشتڕاست بکەنەوە، دواتر هەنگاوەکان دەنرێت.
بەم پێودانگەش بێت، لای ئاکەپە پێشکەوتنی پرۆسەی ئاشتی بەستراوەتەوە بە ڕادەستبوونی گەریلا و دانانی چەکی خۆپاراستن، بەڵام تەڤگەری ئازادیی پۆلێنبەندی و ڕادەستبوون ڕەت دەکاتەوە.
هەڵوێستی کەجەکە و تەڤگەری ئازادیی چییە؟
لە ١٢ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) جەختی کردەوە، لە کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکەدا نەمانوتووە چەک دادەنێین بەڵکو وتوومانە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری ڕادەگرین، بۆ چەکدانان پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی ئەم پڕۆسەیە بەڕێوەببات و تا ئازاد نەبێت و هەنگاوی یاسایی و سیاسیی نەنرێت ئەوا چەک دانانرێت.
هەروەها کۆنسەی هاوسەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ٢ـی تەمووز هۆشدارییەکی گرنگی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، نە ڕێبەر ئاپۆ و نە تەڤگەری ئازادییمان، ئەم هەلومەرج و "ئەمری واقع"ـە قبووڵ ناکەین، هەڵسەنگاندن و سەپاندنی سیاسەتی شەڕی تایبەت لەژێر وتەی ‘ئێمە یاسامان دەرکردووە'، قبووڵ کراو نییە و مامەڵەیەکی نائەقڵانییە.
کەجەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا گفتوگۆ و دانووستان ئەنجام نەدرێت، ڕا و سەرنجی تەڤگەرەکەمان وەرنەگیرێت و لەسەر ئەم بنەمایەش؛ بگوترێت کە "یاسایەک بە فڵان شێواز دەردەکرێت و ناوەڕۆکەکەشی فڵان و فڵان بڕگەی تێدا دەبێت"؛ ئەوا ئەم هەنگاوە وەک یاریپێکردنە، وەک سەپاندن و پیلانگێڕییەک سەیر دەکرێت، هەر خۆی نوعمان کورتوڵموش پێشتر لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندبوو؛ "یاسایەک دەردەکرێت، ئەوانەی دەگەڕێنەوە با بێن و ئەوانەشی ناگەڕێنەوە ئەوا ڕێکاری پێویستیان لە دژ دەگیرێتەبەر"، لە کاتێکدا، هەر بڕیارێکی لەو شێوە پەیوەندیدار بەم ڕێکخستنەوە، بە شێوازێکی یەکگرتوو و گشتگیر دەدرێت و بە هەمان شێوازیش جێبەجێ دەکرێت.
بانگەشەکانی میدیای تورکیا و بێئاگابوونی دەم پارتی
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەوڵەت لە میدیاکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە گوایە ڕەشنووسەکەی ئاکەپە پێشکەش بە ڕێبەر ئاپۆ کرابێت، بەڵام ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە هیچ زانیارییەکی لەو شێوەیە لەبەردەستیاندا نییە و تەنانەت ٤٠ ڕۆژە شاندی ئیمراڵی دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجام نەداوە و هەلومەرج و دۆخی ڕێبەر ئۆجالان باشتر نەکراوە و گۆشەگیری بەردەوامە.
هاوکات د. خەیری هەزارگوڵ، لە وتارێکدا بۆ ڕۆژنامەی یەنی یاشام، ئاشکرای کردووە، کە ڕێبەر ئاپۆ ڕەشنووسێکی حەوت مادەیی ئاراستەی دەوڵەت کردووە بەڵام دەوڵەت وەڵامیان نەداوەتەوە تا ئێستا.
ڕاستییەکان لە زمانی ئاکەپەوە
وێڕای هەموو ئەم سیاسەت و مامەڵە نابەجێیانەی دەوڵەت، وەک ئەوەی بڵێیت هەموو داواکارییەکانی کورد دابینکرابێت و مافی هەبوون و زمان و کولتووری گەلی کورد دەستەبەرکرابێت و ئازادیی جەستەیی ڕێبەری ئاپۆ پێکهاتبێت و کەجەکە ڕێگریی لێبکات، محەمەد ئوچوم، ڕاوێژکاری باڵای ئەردۆغان و جێگری سەرۆکی دەستەی ڕامیارییە یاساییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری دەوڵەتی تورک، لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەوانەی بەشدارن لەو هەوڵانەی کە ئامانجیان خراپ بەکارهێنان و بەلاڕێدابردنی پرۆسەی دانوستانە لەگەڵ ئۆجالان، لایەنە پەیوەندیدارەکان و پێکهاتە یاساییەکان، زوو یان درەنگ باجەکەی دەدەن.
هەڕەشەی ئەوەش دەکات، کە دانوستان لەگەڵ ئۆجالان لەم قۆناغە کۆتاییەدا دەتوانێت لە کەشێکی زۆر ئارامتردا بەرەو خاڵی زۆر پێشکەوتووتر بڕوات، ئەوانەی کە دەیانەوێت بە وتار و کرداری بنەڕەتی لەسەر داواکاری ناڕاست زیان بە پرۆسەکە بگەیەنن، لەژێر باری ئەم بەرپرسیارێتییەدا دەچەمێنەوە.
بەڵام کە سەیری دۆخەکە دەکەیت لە ڕاستیدا، ئەوا دەردەکەوێت کە بۆ ئەوەی پرسی کورد و گەلانی ناوچەکە چارەسەر ببێت و کۆمارێکی دیموکراتیک بونیادبنرێت، ڕێبەر ئاپۆ چی دەستپێشخەرییەکی کردووە و تەڤگەری ئازادییش چەند هەنگاوی کۆنکرێتی و پێویستی ناوە، ئەوەشی کە ئاشتی ناوێت و هەوڵی پاکتاوکردن دەدات یان دەیەوێت خۆی بسەپێنێت و بە چەند مافێکی کەم گەلێک ڕووبەڕووی قڕکردن بکاتەوە کێیە!
کورد لە پرۆسەکەدا جەخت لە چەسپاندنی مافەکانی لە دەستووردا و ڕێکخستنی یاسایی بۆ کردنەوەی دەرگای سیاسەت، ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و زەمینەسازی بۆ هەڵگرتنی ئەو یاسایانەی کە پەیوەندییدارن بە گەریلاکانی ئازادییەوە تا بتوانن بگەڕێنەوە بۆ باکووری کوردستان و تورکیا دەکات، لە بەرامبەریشدا لەناو دەوڵەتدا تەنها ویستی پاکتاوکردنی گەلی کورد دەبیندرێت، ئەگەر ئەم عەقڵییەتەش بەردەوام بێت ئەوا مسۆگەر پرۆسەکە ڕوو لە شکست دەکات و ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرش بۆسەر گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، تەڤگەری ئازادیی و کەجەکەش ئەم مەترسییەیان خستەڕوو.
ب. جـ
