وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و کۆتاییهاتنی پڕۆسەی ئامادەکردنی پشکی هەرێمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ٢٠٢٧ ڕاگەیاند.
بە پێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتەکە، تەواوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی شەهیدان لە پڕۆژەکەدا جێگیر کراوە.
هەروەها مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە بۆ چەندین ساڵ ڕاگیرابوو، تێیدا جێگیر کراوە، هاوکات مووچەی پێشمەرگە، خانەنشینان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەگەڵ بەغدا هاوتا کراون و شایستەکانیان دابین دەکرێت.
وەزارەتى دارایی جەختیکردوەتەوە، پرسی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست، لەگەڵ دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، خاوەن بڕوانامە باڵاکان، پزیشکان و هاوپیشە تەندرووستییەکان جێگیر کراون.
هەروەها وەزارەتەکە ڕوونیکردوەتەوە، چارەسەرکردنی بنەڕەتی بۆ کێشەی ئەو فەرمانبەرانەی کە لە سیستمی (UPN) تۆمار نەکراون یان کێشەیان هەیە ڕەچاو کراوە، لەگەڵ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و خەرجییەکانی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان .
وەک لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هیواخوازە حکوومەتی فیدراڵ بە بەرپرسیارێتی و پاراستنی مافە دەستوورییەکانەوە مامەڵە لەگەڵ پشکی هەرێم لە بودجەدا بکات، هاوکات داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرێت بە یەکدەنگی داکۆکی لەم پشکانە بکەن تاوەکو لە ياسای بودجەدا بچەسپێن.
ئـ.ع
