بێلان عومەر، پسپۆڕی پەروەردەی میدیای تەکنیکی لە ڕێکخراوی خانزاد، سەبارەت بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان و چۆنییەتی خۆپاراستن لە تاوانە ئەلیکتۆنییەکان و ڕۆڵی ناوەندەکانی خوێندن بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
"زۆربەی گرفتەکان پەیوەندییان بە تاوانە ئەلیکترۆنییەکانەوە هەیە"

بێلان عومەر وتی: لە ئێستادا زۆربەی کێشە و گرفتەکان پەیوەندییان بە تاوانە ئەلیکترۆنییەکانەوە هەیە، بەهۆی کەمی هۆشیاری لەناو کۆمەڵگەدا و شێوازی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ژنان زیاتر لە کەسانی دیکە ڕووبەڕووی ئەم جۆرە تاوانانە دەبنەوە، زۆرجار ئەم پەیوەندییانە بە ناوی هاوڕێیەتی دەست پێدەکەن، دواتر دەگۆڕدرێن بۆ هەڵخەڵەتاندن و لە کۆتاییدا دەبنە هۆی ڕوودانی تاوانی ئەلیکترۆنی، زۆربەی ئەو کەیسانە دەگەنە ڕێکخراوی خانزاد.
"هۆکارە سەرەکییەکانی بێدەنگی قوربانییان، نەبوونی متمانەیە"
سەبارەت بە بێدەنگی ژنان بەرامبەر بە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، وتی: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێدەنگی قوربانییان، نەبوونی متمانەیە لە نێوان ئەندامانی خێزان، پێویستە خێزانەکان لەوە تێبگەن هەر مرۆڤێک ڕەنگە هەڵە بکات و کاتێک کەسێک ڕووبەڕووی ئەم جۆرە کێشانە دەبێتەوە، بتوانێت بە متمانەوە هانا بۆ خێزانەکەی ببات و پشتگیرییان وەربگرێت، نەک ئەوەی لە ترسی کاردانەوەکانیان بێدەنگ بمێنێتەوە، هەروەها درێژبوونەوەی ڕەوتی هەندێک لە کەیسەکان و ترسی لەدەستدانی ناوبانگ لەناو خێزان و کۆمەڵگە هۆکارێکی دیکەی دواخستنی سکاڵاکردنە.
"یاساکان پشتگیری تەواوی قوربانییەکان دەکەن"
بێلان عومەر پسپۆڕی پەروەردەی میدیای تەکنیکی لە ڕێکخراوی خانزاد جەختی لەوە کردەوە، قوربانییەکان پێویستە بوێری پاراستنی مافەکانی خۆیان هەبێت و سکاڵا لەلایەن پۆلیس یان بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنان تۆمار بکەن، پێی وایە دوای گەیشتنی کەیسەکە بۆ دادگا، یاساکان پشتگیری تەواوی قوربانییەکان دەکەن و سزای توند بەرامبەر ئەو کەسانە دادەنرێت کە هەڕەشە یان تاوانی ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدەن.
"پێویستە بەکارهێنەران بە ئاگاییەوە مامەڵە بکەن"
هاوکات جەختی لەسەر گرنگی هۆشیاری و خۆپاراستنی ژنان کردەوە و وتی: باشترین ڕێگا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان خۆپاراستنە، پێویستە ژنان هیچکات لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندی لەگەڵ کەسانی نەناسراو درووست نەکەن و بەردەوام بن لە زیادکردنی زانیاری و هۆشیارییان سەبارەت بە چۆنییەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ، هەروەها تاوانە ئەلیکترۆنییەکان تەنها لە ناردنی وێنە، ڤیدیۆ یان نامەدا کۆتایی نایەت، بۆیە پێویستە بەکارهێنەران بە ئاگایی و وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ تەکنەلۆژیای نوێ بکەن.
"لە کاتی کێشەکان ناچار بەخۆکوشتن نەبن"
ئەو ژنە پسپۆڕە داوای لە ژنان کرد لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمجۆرە کێشانە ناچار بە بێدەنگی نەبن و بەهۆی ئەو کێشانە کۆتایی بە ژیانیان نەهێنن، بەڵکو لە ڕێگەی درووستکردنی پەیوەندییەکی متمانەپێکراو لەگەڵ خێزانەکانیان و داواکردنی یارمەتی، بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
"پێویستە لە زانکۆ و پەیمانگاکان پرۆگرامێکی تایبەت بخوێندرێت"
بێلان عومەر پسپۆڕی پەروەردەی میدیای تەکنیکی لە ڕێکخراوی خانزاد لە کۆتاییدا ئاماژەی بە ڕۆڵی ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان لە هۆشیارکردنەوەی ژنان و کچان کردەوە و وتی: ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان بەرپرسیارییەتییەکی گەورەیان لەسەر شانە، بە تایبەتی ڕێنمایکارانی پەروەردەیی، توێژەرانی دەروونی و کۆمەڵایەتی، کە پێویستە پەیوەندییەکی پتەو و متمانەپێکراو لەگەڵ خوێندکاران درووست بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان هاوکارییان بکەن، پێویستە لە زانکۆ و پەیمانگاکان بابەت و پرۆگرامێکی تایبەت سەبارەت بە هۆشیاریی دیجیتاڵ، پاراستنی تایبەتمەندی و ڕێگریکردن لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بخوێندرێت.
س.خ
