کاتێکیش کوردان تێدەگەن ڕۆڵ و پێگەیەک یان مافێکی نەتەوەییان لە چوارچێوەی کۆماری تورکیادا نییە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بەرخۆدان و بەرگریی لەپێناو پاراستنی ناسنامەی خۆیان، بەڵام زۆر بە توندیی و دڵڕەقانە دەکەونە بەر شاڵاوی قڕکاریی فاشیزمی دەوڵەتی تورک، لەبەر ئەوەی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەش بەرهەمی قۆناغێکی دیکەی سیستەمی سەرمایەداریی و دیزاینی دەوڵەتە ئیمپریالیست و هەژموونخوازە جیهانییەکانە، بکەرانی ناو ئەو سیستەمە لە بەرانبەر هەموو تاوانە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگ دەبن.

ئەمریکا دوای جەنگی جیهانیی دووەم ڕۆڵی کەواسووری بەر لەشکری هەژموونگەرایی سیستەمی جیهانیی دەگێڕێت و لە ساڵی ١٩٥٢ـدا کۆماری تورکیای کرد بە ئەندامی ناتۆ و بە گوێرەی بەرژەوەندیی سیاسەتەکانی خۆی کۆنترۆڵی کرد، ناتۆ هێزێک نییە بۆ ئاشتی درووست کرابێت، بەڵکوو هێزێکە بۆ پاراستنی سیستەمی جیهانیی کە دەوڵەت-نەتەوە و سەرمایەداریی دوو کۆڵەکە بنەڕەتییەکەین.

ساڵی ١٩٧٨ پەکەکە (پارتی کرێکارانی کوردستان) بە ڕێبەرایەتیی ڕێبەر ئاپۆ دادەمەزرێت و پێشەنگایەتیی تێکۆشانی ڕزگاریی نەتەوەیی دەگرێتە ئەستۆ، ئەمەش بۆ گەلی کورد قۆناغی ژیانەوەیە، لە دوای ئەوەوە ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە لە باکووری کوردستان و لە ساڵانی دواتردا لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیشدا دەبنە تاکە ئومێدی ڕزگاریی نەتەوەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی دیکەی کوردستان.

لە دوای ئەو ساڵەوە دەوڵەتی تورک لە هەر ڕۆژێک، مانگ و ساڵێکدا هەموو توانا و هێزی خۆی لە ڕووی سیاسەتی نێوخۆیی، هەرێمیی و نێونەتەوەیی، جیۆپۆلەتیکیی، سەربازیی، هەواڵگریی، ئابووریی، بازرگانیی، ئاویی، میدیایی و شەڕی تایبەت (سایکۆلۆژیی)... هتد دژی پەکەکە و گەلی کورد خستووەتە گەڕ. کاتێکیش هەر دەوڵەت و لایەن و کەسێک پشتیوانیی لە داواکانیان بۆ دوژمنایەتیی پەکەکە نەکردبێت، ئەوا کاربەدەستانی وەک دوژمنی تورکیا ناساندوویانە، دەوڵەتی تورک چووەتە نێو هەر ڕێککەوتن و پیلانگێڕییەکەوە کە ئامانج لێی سەرکوتکردنی کورد و پەکەکە (تەڤگەری ئازادیی کوردستان) بووبێت.

بەهۆی پاڵپشتیی ناتۆوە، دەوڵەتی تورکیا هەمیشە سیاسەتێکی دووڕووی لە ناوخۆ و دەرەوە گرتووەتە بەر، ئەم سیاسەتە دووڕووەیان بە ئاشکرا لەمەڕ پرسی کورد و بەرانبەر تەڤگەری ئازادیی دەرکەوتووە، ناتۆ پێگەی تورکیای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد بە شوێنێکی ستراتیژی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسییەکان و فراوانکردنی هەژموونی سەربازیی، هەر بۆیە ڕۆڵی جەندرمەی بە تورکیا بەخشی و پشتگیریی بێسنووری لە گلادیۆی تورکیا دەکرد، وەک ڕێبەر ئاپۆ ڕوونی کردووەتەوە، گەر پشتگیریی و هاوکاریی ناتۆ نەبووایە، هێزەکانی ئاسایشی تورکیا نەک ساڵانێک، بەڵکوو بۆ ساڵێکیش نەیاندەتوانی بەتەنیا شەڕێکی وەها بەرفراوان بەرانبەر پەکەکە بەڕێوە ببەن. گەر بیشیانکردایە، لە ماوەیەکی کورتدا دەوڵەت مایەپووچ دەبوو.

لە بەندی پێنجی ناتۆدا هاتووە: "هێرش بۆ سەر ئەندامێکی ناتۆ، هێرشە بۆ سەر هەموو ئەندامەکانی"، ناتۆ لەبەر ئەوەی کە هێزی پەکەکەی بە مەترسیی بۆ تورکیا، واتە بۆ یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی خۆی دەزانی، بە چەندین قۆناغ هەوڵی پیلانگێڕیی بۆ پاکتاو یان بێکاریگەرکرنی ئەم تەڤگەرە داوە، بەڵام شکستی هێناوە.

ڕێبەر ئاپۆ لە بەرگی پێنجەمی "مانیفستۆی شارستانێتی دیموکراتیک"ـدا چوار قۆناغی پیلانگێڕیی و شەڕی گلادیۆ ناتۆ بەرانبەر پەکەکە (شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل) دیاری دەکات، قۆناغی یەکەم لە گرووپی ئاپۆییەوە تا کودەتای سەربازیی ١٢ـی ئەیلولی ١٩٨٠ لە تورکیا، دووەمین قۆناغ بە کودەتاکە دەست پێ دەکات و تا ساڵی ١٩٨٥ بەردەوام دەبێت، کە لەم قۆناغەدا گلادیۆی ناتۆ ئامانجی ئەوە بوو پەکەکە و بزووتنەوە چەپەکانی دیکەی تورکیا لەناو ببات، سێیەمین قۆناغ لە ساڵی ١٩٨٥ـەوە تا کوشتنی تۆرگۆت ئۆزال لە ساڵی ١٩٩٣ـدا بەردەوام دەبێت.

ڕێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کردووە کە ئەو هێزە سەرەکییەی لە کوردستان دژی هەڵمەتی ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ شەڕی کرد، سوپا نهێنییەکەی ناتۆ، واتە هێزەکانی گلادیۆ بوو، لەبەر ئەوەی ئەڵمانیا ناوەندی سوپای گلادیۆ بوو، یەکەم دەوڵەت بوو، کە لە ساڵی ١٩٨٥ـدا پەکەکەی بە "ڕێکخراوێکی تیرۆریست" لەقەڵەم دا.

گلادیۆی ناتۆ لە ساڵی ١٩٨٦ـدا لە ناوەڕاستی شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید ئۆڵف پاڵمەی سەرۆکوەزیرانی تیرۆر کرد، ئەویش بۆ ئەوەی  تاوانەکە بخەنە ئەستۆی پەکەکە و ناوبانگی وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆریست" لە سوید، ئەورووپا و جیهان ڕەش بکەن، پاڵمە سیاسەتمەدارێکی گەورە و دۆستی گەلانی چەوساوە بوو، هەڵوێستێکی مەزنی بەرانبەر دیکتاتۆرەکان و خوێنڕشتن لە هەموو جیهاندا هەبوو و بە ڕاشکاویی قسەی خۆی دەکرد، دواجار دادگای سوید لە ساڵی ٢٠١٩ کەیسەکەی داخست و ڕەتیکردەوە، کە پەکەکە و کورد هیچ پەیوەندییەکیان بە دۆسیەی کوشتنی پاڵمەوە هەبێت، داخستنی دۆسیەکەش بەپاساوی ئەوەبوو کە بکوژی ڕاستەقینەی پاڵمە ساڵی ٢٠٠٠ خۆی کوشتووە.

چوارەمین قۆناغی شەڕەکانی گلادیۆی ناتۆ ساڵانی ١٩٩٣-١٩٩٨ دەگرێتەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٣ـدا لایەنگرانی ئاشتی و ڕێگەچارەی دیموکراتیک لەناو دەوڵەتی تورکدا تەسفیە کران، یەکێک لە گەورەترین هێرشەکانی لەناوبردن لەسەر گەلی کورد و پەکەکە بەڕێوەچوو، نزیکەی چوار هەزار گوند ڕوخێنران و سوتێندران؛ بە ملیۆنان کورد بە زۆرەملێ ناچاری کۆچکردن کران.

دواتر بۆ ئەوەی کۆتایی بە پێگەی ستراتیژیی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بهێنن، بە سەرپەرشتیی گلادیۆی ناتۆ زۆر هێزی ناکۆک لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە ساڵی ١٩٩٩ دژی ڕێبەر ئاپۆ یەکیان گرت و دواجار بە هاوکاریی دەزگا سیخوڕییەکانی سی ئای ئەی ئەمریکا، مۆسادی ئیسرائیل و میتی تورک لە نایرۆبی پایتەختی کینیا ڕفێنرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورکیان کرد.

ساڵی ٢٠١٣ لە گەرمەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چارەسەر لە باکووری کوردستان و تورکیا، لەناو جەرگەی پاریس گلادیۆی ناتۆ بە ڕێگەی هەواڵگریی میتی دەوڵەتی تورکەوە ئۆپراسیۆنێکی دژی کادری پێشەنگی پەکەکە ساکینە جانسز و دوو هەڤاڵی بەڕێوە برد، کە لە ئەنجام دا شەهید کران، سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی ناتۆ لەم ئۆپراسیۆنەدا ئاشکرایە، چونکە بەبێ ڕێگەپێدانی ناتۆ، وڵاتێكی ئەندامی ناتۆ ناتوانێت لە وڵاتێكی دیكەی ناتۆدا چالاكیی بكات.

دەوڵەتی تورک هەمیشە پێگەی جیۆپۆلەتیکیی و خۆیشی وەک تاکە هاوپەیمانی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەتە پەڵپ و پاساو بەرانبەر هێزە هەژموونگەرەکانی ڕۆژئاوا تا هەموو خواست و چاوچنۆکییە سیاسییەکانی بەدی بهێنێت، بەڵام دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، پاشان سووریایان خستە ژێر کۆنترۆڵی سیاسەتی خۆیانەوە، دۆستایەتیی ستراتیژی سەرمایەداریی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبیی و بەتایبەت کەنداو و هاوپەیمانی هەمیشەییان لەگەڵ ئیسرائیل، چیتر ئەو پێگە سەرەکییەی تورکیا لە ئاستی هەرێمیی و نێونەتەوەییدا وەک خۆی نەمایەوە، ئیدی دەوڵەتی تورک زانی کە جیۆپۆلەتیکەکەی پەراوێز خراوە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا پشکی سیاسیی نییە.

دوایین جار لە ٨ـی تەمووزی ٢٠٢٦ـدا ناتۆ لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کۆبووە و دوای ئەوەش ڕاگەیاندراوێکی شەش خاڵیی بڵاوکردەوە، لە خاڵی یەکەمدا، جارێکی دیکە جەخت لەسەر بەندی پێنج کرایەوە: "هێرش بۆ سەر ئەندامێکی ناتۆ، هێرشە بۆ سەر هەموو ئەندامەکانی"، پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ، جارێکی دیکە وەک دەیان ساڵی پێشوو سیاسەتەکانی بەپێی دژایەتی تەڤگەری ئازادیی کوردستان و گەلی کورد دادەڕێژێتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ئێستادا لە باکووری کوردستان و تورکیادا پرۆسەی ئاشتی بەڕێوەدەچێت؟ ڕێبەر ئاپۆ، تەڤگەری ئازادیی کوردستان و گەلی کوردیش ئەوە باش دەزانن، کە ئەگەری پیلانگێڕیی دەوڵەتی تورک دژی پرۆسەکە هەمیشە کراوە، وەک چۆن پێشتر بە دەیان جار ئەوە ڕووی داوە. بۆ نموونە، کاتێک لە کانوونی دووەمی ٢٠١١ لە نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکەدا دیدار بۆ پرۆسەی ئاشتیی و چارەسەری پرسی کورد بەڕێوە دەچێت، شاندێکی دەوڵەتی تورک لە ئەنقەرەوە دەچنە تاران و پێشنیار بۆ کاربەدەستدانی ئێران دەکەن تا پێکەوە دژی پەکەکە ئۆپەراسیۆن بکەن و لەناوی ببەن.

ئاشکرایە، هێزە هەژموونگەرەکانی ئەمریکا و ئەورووپا تورکیایەکیان ویستووە، کە بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵ بگێڕێت، واتە لغاوەکەی لە دەستی خۆیاندا بێت، هەر ئەمەشە، کاتێک ناتۆ و ئەو دەوڵەتە هەژموونگەرانە بەڵێن و ڕێککەوتنێک لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا دەکەن، ئیدی ئەو دەوڵەتە هار دەبێت،  لوتبەرزانە بە وشەیەکیش باسی پرسی کورد ناکات و ئەوەی بۆی گرنگ نەبێت چارەسەری ئەو پرسەیە، بەڵکوو زیاتر هەوڵی داگیرکاریی دەدات و کۆمەڵکوژیی ئەنجام دەدات.

 بۆیە، چەوتیی هەرە مەزنی دەوڵەتی تورک ئەوەیە خۆی سپاردووەتە ئەو ئەرکەی کە دەوڵەتە هەژموونگەرەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە دامەزراندنییەوە بۆیان درووست کردووە، لەبری ئەوەی پرسی کورد چارەسەر بکات، تاکە هەوڵی ئەوە بووە کورد سەرکوت بکات و پەکەکە (تەڤگەری ئازادیی کوردستان) لەناو ببات.

ڤ.م

سەرچاوە: فورات نیوز