ئەمڕۆ لە شاری دهۆک سەدان پیشەوەر کاسبکار و خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە ناڕەزایەتییەکی بەرفراواندا دژی قۆرخکاریی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت دووکانەکانیان داخست و کارەکانیان ڕاگرت و گرتبوونەوە.

ئەم ناڕەزایەتییە دوای ئەوە هات کە کۆمپانیاکە کاری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە لێدراوەکانی هاوردەی بۆ خۆی قۆرخ کرد و خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی بە شێوەیەکی زۆرەملێ ناچار کرد کە تەنها لەلای ئەوان کارەکانیان ئەنجام بدەن، بەبێ ئەوەی ڕێگەیان پێ بدەن بە ئارەزووی خۆیان وەستا و پیشەوەر هەڵبژێرن.

بەشداربووانی گردبوونەوەکە ئاماژەیان بەوە کرد، ئەم ڕێوشوێنە نادادپەروەرانەیە بژێوی زیاتر لە سێ هەزار خێزان خستووەتە مەترسییەوە، لە کاتێکدا پیشەوەران بەردەوام پابەند بوون بە جێبەجێکردنی ئەرکە دارایی و باجە حکومییەکان.

ئەوەی ناڕەزایەتییەکەی توندتر کردووە ئەوەیە، لە ناو ئەو کۆمپانیا قۆرخکارەدا تەنانەت یەک کرێکاری خەڵکی دهۆکیش بوونی نییە، ئەمەش بە زوڵمێکی ئاشکرا و تەحەداکردنی ئاشکرای کاسبکارانی ناوچەکە دەزانرێت.

ئەمە سێیەم جارە لەمساڵدا کە پیشەوەرانی دهۆک لە ناوچە پیشەسازییەکان (وەک ناوچەی پیشەسازیی ڕۆژهەڵات و ئالۆکا) دژی ئەم دۆخە دەوەستنەوە، بە جۆرێک کە دوایین گردبوونەوە لە ١٤ـی ئایار بەڕێوەچوو بوو، سەرەڕای ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی پێشوودا بەڵێنی چارەسەرکردن و کۆتاییهێنان بە قۆرخکارییەکە درابوو، بەڵام هیچ کام لەو بەڵێنانە جێبەجێ نەکراون.

لە کۆتاییدا، پیشەوەران و خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل دواین هۆشداریی خۆیان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت کرد و ڕایانگەیاند ئەگەر بە زوویی سنوورێک بۆ ئەم قۆرخکارییە دانەنرێت، ئەوا هەڕەشەی داخستنی یەکجاریی ناوچەی پیشەسازی و پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە شارەکەدا دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

هـ.ح