هەرێم ئەبوبەکر
ڕۆژی ٢١ـی ئەم مانگە لە سەرۆکایەتی هەرێم لە مەراسیمێکدا یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی ٨٠ـی پەدەکە و ٧٠ـی یەنەکە ڕاگەیەندرا و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و وەزیری پێشمەرگە ڕایانگەیاند، ئێستا هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو هەیە و لەمەودوا هەرێم یەک هێزی یەکگرتووی هەیە کە لە ژێر چەتری وەزارەتى پێشمەرگەدایە سەبارەت بەو پرسە و بانگەوازییەکەی جەمیل بایک و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، هیوای کۆمەڵە، ئەندامی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
هیوای کۆمەڵە وتی: یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خەون و ئاواتی هەموو گەلی کوردە کە خاوەنی یەک هێزی پێشمەرگە بین و خاوەن ئینتیمانی نەتەوەی و نیشتیمانی بێت بۆ پارێزگاری شکۆمەندی کورد، هەرچی هێز هەیە لە دونیادا ئەگەرلە هەموو ڕوویەکەوە سەیر بکەین کاتێک دابەش دەبێت لاواز دەبێت، لە یەکێتی و یەکگرتندا هێز و سەرکەوتن بەدەست دەهێنین و دەبێت ئەم یەکگرتنە تەنیا شکڵی نەبێت، بەڵکو بە کردەوە و ڕاستەقینە لە مەیدانی واقعیدا بیبینین.
هیوای کۆمەڵە وتیشی: دەبوو لە ساڵی ١٩٩١ وە خەمی پێشمەرگە بخورایە و هێزی چەکدار بۆ یەکلایکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان بەکار نەهێنرایە، دەبوا پێشمەرگە موڵکی هیچ ناوچە و لایەنێک نەبێت و هێزی پارێزگاری هەموو کوردستان بێت، دەبێت ژیانی پێشمەرگە باشتر بکرێت و ئاوڕیان لێبدرێتەوە لە هەموو ڕوویەکەوە چ لە ڕووی مووچە چ لە ڕووی پێداویستی سەربازی و تەکنەلۆژیاوە.
ئەو پێشمەرگە دێرینە ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە لە ناو هێزی پێشمەرگە هۆشیاری نەتەوەی بڵاو بکرێتەوە و نەکرێنە هێزی لایەنەکان و ئامانجیان تەنیا نەتەوەکەیان بێت و ڕێز لە ماندوبوونیان بگیرێت، نابێت پرسی کورد وەک چوار بەش ببینین، بەڵکو دەبێت بەیەک بەش بێت، چونکە ئەوە غەدری ڕۆژگارە وای لە کوردستان کردووە و دابەشی چوار بەشی کردووە، بۆیە ئەگەر ئێمە پێشمەرگەبین دەبێت پاراستنی هەر کوردێک بە ئەرکی خۆمان بزانین.
لە کۆتایی قسەکانیدا هیوای کۆمەڵە دەڵێت: پێویستە خەمی نەتەوە کۆمان بکاتەوە و هەموو هێزەکانمان یەکبخەین و بیر لە یەک لە شکری کوردی بکەینەوە، هیوادارم سەرکردە سیاسیەکانمان هەمان بیرکردنەوەیان هەبێت کە هێزەکانی گەریلا، شەڕڤا و پێشمەرگە یەکبخەن، ئێمە هەر لە سەرەتای پێشمەرگایەتیمانەوە بیرمان لەوە دەکردەوە کە بوونی هێزێکی یەکگرتوویی نیشتیمانیە کە ئەمە خەونی هەموو پێشمەرگە دێرینەکانە.
هـ.ح
