ئەمڕۆ، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا، باسی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و دۆخی ئێرانی کرد.

پزیشکیان باسیلەوەکردووە، دوژمنانی ئێران پشتیان بە لێکترازانی ناوخۆیی بەستووە، تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کارکردنی پێکەوەیی پێویستییەکی بەپەلەیە، بۆ خزمەتکردنی گەلی ئێران و بەهێزکردنی توانای وڵات بەرامبەر ئاڵەنگارییەکان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، دەسەڵاتداران نکۆڵی لە بوونی کەموکورتی و کێشەکان ناکەن و حکومەت لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنیان، دەخوازین لە ڕێگەی تەبایی یەکڕیزییەوە، وڵات بەرەو پێشەوە ببەین.

هەروەها سەبارەت بە دۆخی ئابووری ئێران وتی: بەردەوامبوونی پاڵپشتیی دارایی حکومەت بۆ نرخی بەنزین، ڕەنگە توانای حکومەت بۆ زیادکردنی بەشەخۆراک و دەرماڵەی خانەنشینان سنووردار بکات، ئەوەش لە سێبەری ئەو فشارە داراییانەی ڕووبەڕووی بوودجە و ئابووری بنەڕەتی وڵات بوونەتەوە.

وتیشی: ئەوەی لە دانووستان بەدەستهاتووە دەستکەوتێکی گەورەیە و لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران پەسەند کراوە، ئەمڕۆ باشترین دەرفەتە بۆ کۆتایی هاتنی جەنگ، لە کاتێكدا ئێمە لە دۆخی بەهێزیداین و هەموو جیهان دانبەسەرکەوتنمان دەنێن.

س. ع