قەدەم خێر؛ ژنێکی فەیلی لە شاخەکانی زاگرۆس
قەدەم خێر لە ساڵی ١٨٩٩ لە ئەشکەوتی گود لە چیای تەنگەڤانی باکووری ئەندیمشک لە دامێنی زاگرۆس و لە هۆزی قەڵاوەندی فەیلی چاوی بە ژیان هەڵهێنا، ئەو کە تاقە خوشکی نۆ برا بوو، لە سەرەتای ژیانییەوە بە بوێری و کەسایەتییەکی جیاواز ناسرا.
لەو سەردەمەدا، ناوچەکانی فەیلی لەلایەن میرە کوردەکانەوە بە شێوەیەکی نیمچەسەربەخۆ بەڕێوەدەبران، ئەو هێشتا نەوجەوان بوو، چەک و تیرکەوانی هەڵگرت و لەگەڵ براکانی بەشداریی نەبەردە سەختەکانی دژی سوپای ئێران کرد و شاخەکانی زاگرۆس بوونە شاهیدی بوێری و ئازایەتیی ئەو ژنە جەنگاوەرە.
قەدەم خێر؛ ڕێبەرایەتی ڕاپەڕینی فەیلییەکانی گرتە ئەستۆ
کاتێک ڕەزا شای پەهلەوی لە ساڵی ١٩٢٥ هاتە سەر دەسەڵات، بە بیانوی چاکسازی و نیشتەجێکردنی عەشیرەتەکان سوپایەکی دڕندەی ڕەوانەی لوڕستان کرد تا دەسەڵاتی میرەکان لەناو ببات، لە ساڵی ١٩٢٩ هێرشێکی قورس کرایە سەر ناوچەکە، بەڵام شۆڕشگێڕانی لوڕستان بە فەرماندەیی میر شامرادخان (برای قەدەم خێر) بوێرانە بەرگرییان کرد، لە جەنگێکی سەختدا لە بەرزاییەکانی "گاوازین" شامرادخان، برایەکی تری و سەفقولی خانی هاوژینی قەدەم خێر بە فێڵ و دڕندەیی سوپای شا شەهید کران.
شەهیدبوونی هاوژینەکەی و دوو برای، ئاگرێکی گەورەی لە دەروونی قەدەم خێردا هەڵگیرساند، ئامادە نەبوو ملکەچی و دیلی قبووڵ بکات، شوێنی شامرادخانی برای گرتەوە، چەکی کوردایەتی کردەشانی و لە چیاکانی زاگرۆس ئاڵای ڕاپەڕینی بەرز کردەوە، لە ماوەیەکی کەمدا هێزێکی تۆکمەی لە فەیلییەکان ڕێکخست تا لوڕستان بکاتە دەروازەی ڕزگاریی هەموو کوردستان.
ڕەتکردنەوەی هەژموونی پاشا و پەیامی یەکێتی بۆ باشوور
ناوبانگی جەنگاوەرییەکانی قەدەم خێر و زەبرە کاریگەرەکانی لە شەڕەکانی "بیرانوو" و "خورماداد"، ڕەزا شای ناچار کرد پەنا بباتە بەر ڕێگەی دیپلۆماسی و فێڵ، پاشا شاندێکی بە دیاریی گرانبەهاوە نارد و داوای لێبووردنی گشتی و تەنانەت داوای هاوسەرگیری لە قەدەم خێر کرد تا ڕاپەڕینەکە خامۆش بکات، بەڵام وەڵامی قەدەم خێر بەو داواکارییە نەخێرێکی بەهێز بوو.
لەلایەکی ترەوە، قەدەم خێر ڕوانگەیەکی فراوانی نەتەوەیی هەبوو و دەیویست بزووتنەوەکەی بباتە ئاستی سەرانسەری کوردستان، هەر بۆیە نامەیەکی بۆ شێخ مەحموودی حەفید لە باشووری کوردستان نارد و ئامادەیی خۆی دەربڕی تا تەواوی هێز و چەک و تەقەمەنییەکەی (کە بەشی دوو ساڵ شەڕی دەکرد) بخاتە ژێر فەرماندەیی شێخ مەحموود، بە مەبەستی ڕزگارکردنی گەلەکەیان.، بەڵام بەهۆی خەمڵاندنە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە و ڕێگرییەکانی دەوروبەر، ئەم هاوپەیمانییە مێژوویییە سەرئەنجامی نەبوو.
چەواشەکاری لەژێر پەردەی ئایندا و دواساتەکانی نەمری
دوای ئەوەی سوپای ئێران بێئومێدبوو لەوەی شکست بە هێزەکەی لوڕستان بهێنێت، ڕەزا شا ئاینی کردە ئامراز، بەرگێکی قورئانی بە مۆری خۆیەوە نارد و سوێندی خوارد کە لێبووردنی گشتی دەردەکات و ناوچەکە ئاوەدان دەکاتەوە، ئەم هەڵخەڵەتاندنە بووە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری شۆڕشگێڕان چەکەکانیان دابنێن، قەدەم خێر کاتێک بینی تەنها سەد سواری لەگەڵدا ماوەتەوە، ناچار بوو بەم مەرجانە ڕازی بێت.
دوژمن لە یەکەم شەودا پەیمانەکەی شکاند، بەشێکی زۆری شۆڕشگێڕانی گوللەباران کرد و ١٧ سەرکردەی ناوچەکەی لەسێدارە دا، لە ڕەفتارێکی دوور لە مرۆڤایەتیدا پرچی قەدەم خێریان بە کلکی ئەسپێکی کوێرەوە بەست و ڕایانکێشا، بەڵام جەستە شکاوەکەی نەبووە هۆی تەسلیمبوونی ویژدانی، لە زیندانی تاراندا تا دوا ساتەکانی ژیانی لە بەندیخانەدا مایەوە و هەر لەوێش لە ساڵی ١٩٣٣ کۆچی دوایی کرد و چووە بەهەشتی شۆڕشگێڕە قارەمانە نەمرەکانی کورد و کوردستان و ناوی وەک ژنێکی قارەمان لە مێژووی کورددا تۆمار کراوە.
ئەمڕۆ، ناوی قەدەم خێر تەنها لاپەڕەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکو بووەتە بەشێک لە فۆلکلۆر، گۆرانیی ڕەسەنی لوڕی و داستانی شوانکاریی دایکان لە شەوە ساردەکانی زاگرۆسدا، کە یادەوەریی شێرەژنێک بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.
س.خ
