ڕۆژنامەی " شەرقلئەوسەت " سەبارەت بە سەردانەکەى محمەد باقر قالیباف سەرۆکى پەرلەمانى ئێران بۆ بەغداد و ئەو پرسانەی گفتوگۆی لەبارەوە کردووە ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاپرۆتەکەدا هاتووە، سەردانەکەی قالیباف بە تەواوی ئامانجەکانی نەپێکاوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە هەوڵەکانی بۆ ڕازیکردنی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران لە پرسی ڕێکخستنەوەى چەک لە لایەن دەوڵەتەوە، دوای کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکە لە کۆتایی ئەیلوولدا.
قالیباف لە بەغداد لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە شیعییەکان کۆبووەوە، هەروەها ئێوارەی چوارشەممە بەشداری لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەى هەماهەنگى کرد بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران زەیدی.
بەگوێرەی خوێندنەوە سیاسییەكان كە باس دەكرێن زەیدی پێداگرە لەسەر ڕێزگرتن لە وادەی دیاریکراو بۆ ڕێکخستنەوەی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، لە بەرامبەردا هێزە سیاسییەکان و گرووپە چەکدارەکان فشار دەكەن بۆ ئەوەی بە مۆڵەتەکە یان مەرجەکانی جێبەجێکردنیدا بچێتەوە.
د. سەیف سەعدی سیاسەتمەداری عێراقی دەڵێت: سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی چیتر شیاو نین بۆ گێڕانی ڕۆڵی ناوەندگیر لە نێوان زەیدی و ئەو گرووپانەی ڕەتیدەکەنەوە چەک ڕادەست بکەن، بەهۆی دابەشبوونی هەڵوێستەکانیان و تێکەڵبوونی دۆسیە سیاسی و دادوەرییەکانی تر.
باس لەوەشکراوە، زەیدی لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا بە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ڕاگەیاندووە، نیازی نییە لە مۆڵەتی ٣٠ـى ئەیلوول پاشەکشە بکات.
تا ئـێستا دیار نییە لە دواى ٣٠ـى ئەیلولەوە چی ڕوودەدات لە عێراق، چونکە حکومەت سوور لە سەر ڕێکخستنەوەى چەک و گرووپە چەکدارەکانیش ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان دابنێن.
هـ.ئ
