نووسینگەی ڕاگەیاندنی قاسم عەبوودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، لە بارەی کۆبوونەوەی عەبوودی لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لەو کۆبوونەوەدا دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ڕێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران تاوتوێ کراون، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بکات، هەردوولا ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
قاسم عەبوودی ئاماژەی بەوەداوە، عێراق پابەندە بەو ڕێککەوتنە ئەمنییە هاوبەشەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، پەیوەندیی نێوان عێراق و ئێران مێژوویی و توندوتۆڵە، هەروەها سەقامگیریی عێراق لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی ناوچەکەدایە.
ڕوونیشی کردەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت و وڵاتانی جیهان بەگشتی دەکاتەوە، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئابووریی وڵاتەکەدایە.
لە بەرامبەردا، قالیباف دووپاتیکردەوە، ئێران شانازی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دەکات و پشتیوانی لە بەرنامەی حکومەت دەکات بۆ دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی، کە چەک لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا رێک بخات، وڵاتەکەی پابەندە بەو ڕێککەوتنە ئەمنییانەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراون.
دوێنێ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەسەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتنە بەغداد و لەلایەن عەدنان فەیحان جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشوازی لێکرا و لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی کۆبوویەوە.
هـ.ئ
