وەکو دەبینرێت، کارەکانی ئەو یاسایانەی باسیان دەکرێت، زۆر ئاڵۆز و بەزەحمەت بەڕێوەدەچن، هەڵبەتە ئەم دۆخە لە تێڕوانین و مامەڵەی دەوڵەت و دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت، لەبەرئەوەی کە ئەو هێزانەی باسیان دەکرێت، لە گۆشەی دیموکراتیکبوونی تورکیا و چارەسەریی پرسی کوردەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا دەکەن، زیهنییەت و سیاسەتە سەرەکییەکانی ئەوان هێشتا لەسەر بنەمای پشتگوێخستنی پەکەکە و لەم چوارچێوەیەدا لەسەر بنەمای درێژەدان بە هەڵوێست دژی کوردە، ئەمەش بە درووشمی ‘تورکیای بێ تیرۆر’ دەردەبڕن، بە پەکەکە دەڵێن “ڕێکخستنی تیرۆر” و تەنها باسی “تەسفیە” دەکەن، واتا زمانی پڕۆسەی شەڕ وەک خۆی درێژە پێ دەدەن، ئەمەش لەناو لایەنی کورددا کە بە ڕاستی ئاشتی و چارەسەری دەوێت، دەبێتە هۆی بێمتمانەیی.

لەبەرئەوە سەرەڕای ئەوەی کە ماوەیەکی زۆرە باس لەم یاسایە دەکرێت، کەچی کەس ناوەڕۆکی یاساکە نازانێت، هەموو شتێک بە شێوەیەکی زۆر شاراوە بەڕێوەدەبرێت و زۆر بە وردەکاری و بە هۆشیارییەوە هەڵوەستەی لەسەر  دەکرێت، هەروەها بۆ چارەسەری کێشە گەورە و گرنگەکانی وەکو دیموکراتیکبوون و پرسی کورد مامەڵەیەکی لەم شێوەیە گونجاو نییە، ئەگەر سەرنج بدرێت، بەهۆی ئەم مامەڵەیەوە زۆر جار کێشە ڕوودەدەن و هەموو جارێک دوای چوونە ئیمراڵی داوای چارەسەر لە ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەکرێت، ڕوونە کە دوایین سەردانیش لە ٢ـی ئابدا بۆ ئیمراڵی لەسەر هەمان بنەما ئەنجامدراوە و لەلایەن شاندی ئیمراڵیی دەم پارتییەوە ڕاگەیاندرا کە ‘ڕێککەوتن ڕوویداوە’، بەم پێیە؛ ڕۆژی پێنجشەمە یاساکە لە پەرلەمان تێدەپەڕی، بەم ‘یاسای چوارچێوە’یە کە باس لەوە دەکرێت بۆ پەکەکە جێگەیەکی تایبەتی هەیە، قۆناغی دووەمی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەستی پێ دەکرد.

وەکو ئاشکرایە، ئەم پڕۆسەیە بە ‘بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’ـی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ـدا دەستی پێکرد، پێناسە و ڕامانی پرۆسەکە لەم بانگەوازەدا دەرکەوت، شرۆڤە و قووڵاییەکەشی لە کتێبی “مانیفێستۆی کۆمەڵگەی کۆمۆناڵی دیموکراتیک”ـدا ڕاگەیاندرا.

هەڵبەتە بەر لە بانگەوازی ٢٧ـی شوبات، لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـەوە گفتوگۆی گرنگ کرابوو، پێشتر لە ٢٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـدا سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی لە پەرلەمان بانگەوازی لە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کرد و گوتی: “با کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەکی ڕێکخستن بهێنێت و بێت لە گرووپی دەم پارتیدا قسە بکات،” ڕۆژی دواتر، لە ٢٣ـی تشرینی یەکەمدا ڕێبەر ئاپۆ قسەی لەگەڵ عومەر ئۆجالانی برازایدا کرد و ڕایگەیاند، کە ئەو ئامادەیە و هێزی ئەوەی هەیە کە “پرسەکە لە توندوتیژی دوور بخاتەوە و بیهێنێتە سەر زەمینەی سیاسەت و یاسا،” دواتر ئەندامانی پێشووی شاندی ئیمراڵی سری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان دووبارە چوونە ئیمراڵی و لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا کۆبوونەوە، بەرم شێوەیە بانگەوازی ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ ئەنجام درا.

پڕۆسەکە بە بانگەوازی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکرد، پاشان ڕێبەر ئاپۆ و لایەنی کوردی چەندین هەنگاوی نوێیان نا و بە تەنیا قۆناغی یەکەمی پڕۆسەکەیان بەڕێوە برد، پەکەکە لە ٥-٧ـی ئایاری ٢٠٢٥دا کۆنگرەی ١٢هەمینی خۆی پێکهێنا، لە کۆنگرەکەدا بەپێی بانگەوازیی ٢٧ـی شوبات، بڕیاری کۆتایی هێنان بەوکارانەی لە ژێر ناوی پەکەکەدا دەکرێن و کۆتایی هێنان بە ستراتیژی شەڕی چەکداری درا، لە ١١ـی تەمووزی ٢٠٢٥دا بە پێشەنگایەتی هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەسێ هۆزات، ٣٠ گەریلا چەکەکانی خۆیان سووتاند، دیسان پەکەکە هەم لە هەرێمە سنوورییەکان کە مەترسیی شەڕ لەوێ هەیە گۆڕانکاریی کرد و هەمیش هێزەکانی خۆی کە لە ناوخۆی تورکیادا بوون کشاندەوە.

بێگومان ئەمانە هەموویان پێشهاتی مێژوویی بوون، کە پێشتر تەنانەت خەیاڵکردنیان زۆر سەخت بوو، بەم هەنگاوانە لایەنی کوردی نیشانی دا کە لە ئاشتی و دیموکراتیزەکردندا پێداگرە و بەمەش قۆناغی یەکەمی کۆتایی پێ هێنا، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە و تا ئێستاش ڕایگەیاند، دەبێت دەربازی قۆناغی دووەم بن، ئەم قۆناغی دووەمەش خۆی لە هەنگاونانی یاسایی و سیاسی دەبینیەوە، بێگومان ئەو دامەزراوەی کە دەبوو ئەم هەنگاوە سیاسی و یاساییانە بنێت، دەوڵەت و دەسەڵاتی ئاکەپە بوون.

دەوڵەت و دەسەڵات لە سەرانسەری قۆناغی یەکەمدا تەنیا کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانیان درووست کرد و ڕاپۆرتیان ئامادە کرد، ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنەکەش داوای دەکرد کە دەوڵەت هەنگاوی یاسایی بنێت، بەڵام لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە دەسەڵاتی ئاکەپە هەنگاوی یاسایی نەنا، ڕێبەر ئاپۆ لە سەرەتای مانگی شوباتەوە پێشنیاری “ئەگەر یاسا نەتوانێت هەنگاو بنێت، با سیاسەت بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ بگرێت”ـی کرد، بەڵام دیسانەوە وەڵامێکی بەجێ و گونجاو نەدرایەوە، لەم هەڵوێستەدا دۆخی جەنگی جیهانیی سێیەم لە ناوچەکەدا، بەتایبەتیش شەڕی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا، دەسەڵاتی ئاکەپە چاوەڕوانی ئەوە بوو، ئەمریکا و ئێران ڕێک بکەون و دەرفەتێک بۆ خۆی درووست بکات، دیسان هیوای خواست کە کۆبوونەوەی ناتۆ ڕێگەیەکیان بۆ بکاتەوە. کاتێک بینی ئەم چاوەڕوانییە بەدی نایەت، ئەمجارەیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی بوونی تورکیا، بڕیاری دا ‘یاسای چوارچێوە’ دەربکات.

ئێستا وەکو ئەوەی لە ئیمراڵی ڕێککەوتن کرابێت، ئەگەر ئەو ‘یاسای بنەڕەتی’ یان ‘یاسای چوارچێوە’ لە پەرلەمان دەربچێت، ئەوە دەبێتە یەکەم هەنگاوی یاسایی کە لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتەوە نرا بێت، بەمەش لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا قۆناغی دووەم دەست پێ دەکات، بێگومان هەموو شتێک بەم یاسایە چارەسەر نابێت و لە پاش ئەمەش دەبێت یاسای نوێ لەبارەی پرۆسەکەوە دەربکرێن. ئەم یاسایە، تەنیا ڕێگە بۆ بڕیاری کۆتایی هێنان بەو کارانەی لە ژێر ناوی پەکەکەدا دەکرێن خۆش دەکات تاوەکو لە پراکتیکدا جێبەجێی بکات. بۆ ئەوەی ئەم جێبەجێکردنە پراکتیکییە پێش بکەوێت؛ بۆ نمونە، دەبێت پێداویستییە یاساییەکان بۆ ئەو گەریلایانەی پەکەکە کە چەکەکانیان سووتاندووە ئامادە بکرێن، تاوەکو بتوانن سیاسەتێکی دیموکراتیک بکەن، دیسان دەبێت “یاسای تێکۆشان لە دژی تیرۆر” هەڵبوەشێنرێتەوە یان بگۆڕدرێت، زمانی شەڕ پشتگوێ بخرێت و دەربازی زمانی ئاشتی ببن، هەروەها ئەو دامەزروانەی کە فشار و توندوتیژی لەسەر گەل درووست دەکەن بەتایبەتی ژیتەم و جەردەوانەکان (گوندپارێز، جاش) هەڵبوەشێنرێنەوە.

 لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت ئەو هەمووراکردنەوە یاساییانەی کە تورکیا دیموکراتیک دەکەن و پرسی کورد بەرەو چارەسەری دەبەن، واتە ئەو پێکهاتە یاساییەی کە پێی دەوترێت “یاساکانی ئینتێگراسیونی دیموکراتیک” پەرەی پێ بدەن، دەبێت لە تورکیا ئازادیی فکر، زمان و ڕێکخستنبوونی تەواو مسۆگەر بکرێت.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەرچوونی ئەم ‘یاسای چوارچێوە’ وەکو ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ دیاری کردووە، هەنگاوێکە خاوەن گرنگییەکی مێژووییە، گرنگی هەنگاوی یەکەم، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە ڕستەی “ڕێگەی هەزار کیلۆمەتری بە هەنگاوێک دەست پێ دەکات” بە شێوازێکی زۆر سەرنجڕاکێش دەربڕیوە، واتە ڕایگەیاندووە، ئەو ڕێگەیەی دەستی پێ کراوە وەکو هەزار کیلۆمەتر زۆر درێژە و ئەم ڕێگە درێژە تەنیا هەنگاو بە هەنگاو دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت، لێرەدا جەخت لەوە دەکرێتەوە، دیموکراتیزەبوونی تورکیا لەسەر بنەمای ئازادیی کورد، هەم هەوڵێکی درێژی دەوێت و هەم خاوەن گرنگییەکی مێژووییە.

دیارە کە لە مێژە ئاوازی ئەو ڕێگەیەی کە دەبێت بگیرێتەبەر، دەردەبڕا، ئەم هێڵە وەک “ئینتێگراسیونی دیموکراتیک” پێناسە کرا، لە هەمان کاتدا ڕاگەیاندرا، ڕۆیشتن لەسەر ئەم ڕێگەیە چەندە سوود دەگەیەنێت، ئەو هەنگاوانەی کە لەلایەن هیچ کەسێکەوە چاوەڕوان نەکرابوون بە شێوازێکی یەکلایەنە و زۆر بە ئیرادەوە نران و بەمەش هەوڵ درا ئەو کەشوهەوای متمانە نەبوونە لە ناو ببرێت، لەم پرۆسەیەدا سەرنجی هەمووان بۆ شتێکی تریش ڕاکێشرا: ڕاگەیاندرا، ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی تێکۆشانە و تەنیا بە تێکۆشانی کۆمەڵایەتی دەتوانێت سەرکەوتووبێت، لەبەر ئەوە ئێستا دەبێت ئەم تێکۆشانە کۆمەڵایەتییە بە شێوازێکی ڕێکخراوتر و کاریگەرتر بەڕێوە بچێت، واتە نەک ئەوەی مرۆڤ سەیری یاسا بکات و بکەوێتە ناو خەمساردییەوە، بەپێچەوانەی ئەمەوە بۆ ئەوەی هەنگاوی دواتر بە سەرکەوتوویی بنرێت، دەبێت هەموو کەسێک بۆ تێکۆشان هەڵوێست وەربگرێت.”

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆڵەتیکا