ئەم سیستەمە بەهۆی مافیابوونی قۆروچییەکان و بەکارهێنانی "دانپێدانەران" وەک تیمی تیرۆر، بووە شێرپەنجەیەکی ناوخۆیی لە جەستەی کورد دا، پەتایەکی کوشندە کە تا ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمڕۆش، هێشتا وزە و توانای ناوخۆیی کورد بۆ بەرژەوەندیی نەیارەکانی بەفیڕۆ دەدات.
سوارەکانی حەمیدیە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، دەوڵەتی عوسمانی ڕووبەڕووی مەترسی پارچەبوون و سەرهەڵدانی تەڤگەرە نەتەوەییەکان ببووەوە، سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لە ساڵی ١٨٩١ـدا بڕیاری دامەزراندنی هێزێکی چەکداری لە عەشیرەتە کوردە سوونەکان دا کە بە "سوارەکانی حەمیدیە" ناسران.
ئامانج لەمەش بەکارهێنانی عەشیرەتە کوردییەکان بوو دژی نەیارانی دەسەڵاتی عوسمانی و هەروەها ڕێگریکردن لە درووستبوونی یەکێتیی نەتەوەیی لەنێوان خودی کوردەکاندا، سوڵتان ئیمتیازی تایبەت، پارە، زەوی و دەسەڵاتی ڕەهای دابوو بە سەرۆک عەشیرەتەکان، ئەم هێزانە لەژێر ناوی ئیسلام و خەلافەتدا دەجووڵانەوە و داپڵۆسینێکی توندیان دژی پێکهاتەکانی ناوچەکە ئەنجامدا.
ئەمەش یەکەم هەنگاوی ڕێکخراو بوو بۆ درووستکردنی درز و ناکۆکی قووڵ لە نێوان عەشیرەتە کوردییەکاندا و کردیانی بە دوو بەرەی "لایەنگری دەوڵەت" و "یاخیبوو".
سیستەمی پاسەوانی گوند لە کۆماری تورکیا
دوای ڕووخانی عوسمانییەکان و دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣، سیاسەتی بەکارهێنانی کورد دژی کورد بە شێوازی نوێ بەردەوام بوو، بەتایبەت لە کاتی ڕاپەڕینەکانی باکوور (شێخ سەعید، ئاگری، دێرسیم) کە تێیدا هەندێک عەشیرەتی لایەنگری دەوڵەت هاوکاری سوپای دەوڵەتی تورکیان کرد.
جەمیل بایک، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، لە پەرتووکی مێژوویەک لە ئاگردا دەڵێت: کاتێک ویستمان لە کوردستان دەست بە کار و خەبات بکەین، پارتی "ڕزگارییخوازی نەتەوەیی کوردستان (کوک)"، کە بە هاوکاری دەوڵەتی تورک دامەزرابوو، هێرشیان کردە سەرمان، تەنانەت لەو کاتەدا دەوڵەت هێندەی ئەم گرووپە هەڤاڵمانی شەهید نەکردبوو.
لە ساڵی ١٩٧٧ دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورک (میت)، گرووپێکی سیخوڕیی بەناوی (ستێرکا سۆر) درووستکرد، ئەندامانی ئەو گرووپە بەشێکیان پێشتر ئەندامی پەدەکەی تورکیا بوون، کە لە ١٨ـی ئایاری ١٩٧٧ لە شاری عەنتاب (حەقی قەرار) یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکەیان شەهیدکرد، لەگەڵ چەند ئەندامی دیکەی پەکەکە.
بەڵام سیستەماتیکترین شێوازی ئەم دیاردەیە لە ساڵی ١٩٨٥ـدا لە سەردەمی حکومەتی تورگوت ئۆزالدا ڕاگەیاندرا، کاتێک پەکەکە خەباتی چەکداری دەستپێکرد، دەوڵەت یاسای ژمارە ٤٤٢ـی گۆڕی و سیستەمی "پاسەوانانی گوند"ـی دامەزراند.
دەوڵەت چەک و مووچەی بەو گوندنشین و عەشایرانە دەدا کە ئامادەبوون دژی گەریلا شەڕ بکەن، ئەو گوندانەی چەکیان وەرنەدەگرت، ڕووبەڕووی کۆچپێکردنی زۆرەملێ، سووتاندنی گوندەکان و ئەشکەنجە دەبوونەوە.
ئەم کەسانە کە لەناو خەڵكی باکووری کوردستاندا بە (جاش یان قۆروچی) ناویان دەهێندرا، بەهۆی شارەزاییان لە جوگرافیای ناوچەکە، وەک چاوساغی سوپای تورک کاریان دەکرد و لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕدا دادەنران.
کۆنترا گەریلا و قۆناغی تاریک
"کۆنترا گەریلا" چەمکێکە بۆ هێزە نهێنی و نایاساییەکانی ناو دەوڵەتی قووڵی تورکیا کە لە دەرەوەی یاسا کار دەکەن بۆ سەرکوتکردنی تەڤگەری کوردی و چەپەکان، لە باکووری کوردستان، ئەم چەمکە تێکەڵاوبوونی چەندین هێزی جیاواز دەگەیەنێت.
ژیتەم، هەواڵگری سەربازیی جەندەرمە بوو کە بووە ترسناکترین دەزگای تیرۆر لە باکوور لە کۆتایی هەشتاکان و نەوەدەکاندا، کاری سەرەکییان ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و کوشتنی چالاکوانانی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەدارانی کورد بوو، کە بە "بکوژ نادیار" ناویان دەرکردبوو.
لەم قۆناغەدا، چەمکی "کۆنترا" تەنها بۆ تورکە ڕەگەزپەرستەکان نەبوو، بەڵکو گرتنەوەی چەندین گرووپی کوردی وەک کۆنترا-گەریلای ناوخۆیی بوو، ئەمانە ئەو کەسانەبوون پێشتر لە ڕیزەکانی گەریلادا بوون و ڕادەستببوونەوە یان دەستگیرکرابوون و پێیان دەوترا (دانپێدانەر) لەلایەن ژیتەمەوە چەکدار دەکرانەوە و بەکار دەهێنران بۆ سیخوڕی و تیرۆرکردنی هاووڵاتییانی کورد، چونکە زمان و شێوازی کاری ناوچەکەیان بەباشی دەزانی.
هەروەها حزبوڵای کوردی کە گرووپێکی ئاینیی چەکدار بوو لە باکووری کوردستان و لە نەوەدەکاندا لەلایەن دەوڵەتی قووڵی تورکیاوە ڕێگەی پێدرا و پاڵپشتی کرا بۆ تیرۆرکردنی وڵاتپارێزان، ڕۆژنامەنووسانی ئۆپۆزسیۆن و لایەنگرانی تەڤگەری کوردی، شەڕی توندیان دژی پەکەکە و لایەنگرانی دەکرد و دواتر کاتێک ئەرکەکەیان تەواو بوو، دەوڵەت سەرکردەکانیانی سڕکردەوە.
دۆخی ئێستای جاشایەتی
لە ساڵی ٢٠١٦ و بەتایبەتی لە سەروبەندی پاراستنی ڕەوای شارەکانی باکووری کوردستاندا، دەوڵەتی تورک لەناو گەڕەکەکاندا تۆڕێکی سیخوڕیی لە جاش دروست کردبوو کە ئامانجی کۆکردنەوەی زانیاریی بوو لەسەر گەنجانی کورد، ئەم تۆڕە تا ئەم ساڵانەی دواییش بەردەوامبوون لە سیخوڕییکردن.
سیستەمی پاسەوانانی گوند تا ئێستاش لە تورکیا بەردەوامە، هەرچەندە ناونیشانەکەیان گۆڕدراوە بۆ "پاسەوانی ئەمنی"، لە ئێستادا زیاتر لە ٧٢ هەزار کەس لەم سیستەمەدا کار دەکەن.
دەوڵەتی تورک لەم ساڵانەی دواییدا نەک تەنها لە ناوخۆی باکوور، بەڵکو لە لەشکرکێشییە سنووربەزێنەکانی باشووری کوردستان وەک چاوساغ و هێزی پشتیوانی لۆجیستی سوپای تورک سوود لەم پاسەوانە چەکدارە کوردانە دەبینێت، کە ئەمەش بەردەوامییدانە بە هەمان ستراتیژی مێژوویی "بەکارهێنانی کورد دژی کورد".
سبەی: ڕەگ و مێژووی جاشایەتی لە باشووری کوردستان-٣
ب. جـ
