سەردەمی پاشایەتی و ئینگلیز (١٩١٩ - ١٩٥٨)

دیاردەی جاشایەتی لە باشوور هاوشێوەی باکوور لەسەر بنەمای ناکۆکی عەشایەری دەستی پێکرد، کاتێک شێخ مەحموودی حەفید لە ساڵی ١٩١٩ـدا دژی بەریتانیا ڕاپەڕی، ئینگلیزەکان سیاسەتی "دابەش بکە و زاڵ بە"ـیان بەکارهێنا.

ئینگلیزەکان هێزێکی ناوخۆییان لە عەشایەرە جیاوازەکان (بەتایبەت عەشیرەتە ڕکابەرەکانی شێخ مەحموود یان پێکهاتەکانی تر) دروستکرد، ئەوان بە پارە و چەک هاوکاریی فرۆکە جەنگییەکانی بەریتانیایان دەکرد بۆ لێدانی شۆڕشەکەی شێخ مەحموود.

فەوجە سووکەکان (موستەشارەکان)ـی سەردەمی بەعس

مەترسیدارترین، ڕێکخراوترین و گەورەترین قۆناغی جاشایەتی لە باشووری کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٩٧٧ بۆ ١٩٩١ بوو لەژێر سایەی ڕژێمی بەعس و سەدام حسێندا.

دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٧٥) و دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێ، بەعس سیستەمی "فەوجی سووک (الافواج الخفیفة)"ـی دامەزراند، سەرکردەی ئەم فەوجانە پێیان دەگوترا "موستەشار" کە زۆربەیان سەرۆک عەشیرەت یان پیاوی دڵسۆزی بەعس بوون.

لە کۆتایی هەشتاکاندا ژمارەی جاشەکان گەیشتە پتر لە ١٥٠ بۆ ٢٥٠ هەزار چەکدار کە لە ژمارەی پێشمەرگە زۆر زیاتر بوون، دەوڵەت مووچەی باش، ئۆتۆمبێل، پارە و پارێزبەندیی یاسایی دابوو بە موستەشارەکان، زۆرێک لە گەنجانیش بۆ ئەوەی نەچنە سەربازیی زۆرەملێی عێراق لە شەڕی ئێراندا، دەبوونە جاش لە ناوچەکەی خۆیان.

لە پرۆسەی ئەنفالەکاندا، موستەشارەکان و جاشەکانیان وەک چاوساغی سوپای عێراق کاریان دەکرد، کە ئەمە ڕەشترین لاپەڕەی مێژووی جاشایەتییە، ئەوان ڕێگاکانیان بە ڕووی هاووڵاتییاندا دەگرت، گوندەکانیان تاڵان دەکرد و کوردیان دەستگیر دەکرد و ڕادەستی ڕژێمی بەعسیان دەکردن کە دواتر زۆربەیان بێسەروشوێن و ئەنفال کران، موستەشارەکان دەستیان سوورە بە خوێنی زیاتر لە ١٨٢ هەزار کورد هاوشان بە ڕژێمی بەعس.

ڕاپەڕینی ١٩٩١ و دۆخی دواتر

لە کاتی ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ـدا، بەرەی کوردستانی (پەدەکە و یەنەکە و لایەنەکانی تر) پەیامێکی لێبوردنی گشتییان بۆ موستەشار و جاشەکان دەرکرد بە مەرجێک چەکەکانیان دژی بەعس بەکاربهێننەوە، ئەم پەیامە وایکرد زۆربەی جاشەکان لە ڕۆژانی ڕاپەڕیندا فەوجەکانیان هەڵوەشێننەوە.

بەهۆی ئەم لێبوردنە گشتییەوە و دواتریش بەهۆی دەستپێکردنەوەی شەڕی ناوخۆی نێوان پەدەکە و یەنەکە لە ساڵی ١٩٩٤، زۆربەی ئەو موستەشار و جاشە کۆنانە نەک سزا نەدران، بەڵکو لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە لەژێر ناوی جیاوازدا (وەک فەرماندەیی پێشمەرگە یان خانەنشینی سەربازی) داڵدەدران و پلەیان پێدرا بۆ ئەوەی هێزی عەشایەرییان لە شەڕی ناوخۆدا بەکاربهێنرێت.

یەکێکی دیکە لە جاشایەتییەکان لە باشووری کوردستان ٣١ـی ئابی ١٩٩٦ـی پەدەکەیە، کە هاوشان بە سوپای بەعس هێرشیان کردە سەر هێزەکانی یەنەکە و پەدەکە دەبابەی بەعسی هێنایە ناوەڕاستی هەولێر و دەیان کوردیان کوشت و جۆگەلەی خوێنی براکانی لەناو هەولێر و سلێمانی درووستکرد.

لە ١٦ـی ئایاری ١٩٩٧ـیش لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆسەر پەکەکە، پەدەکە لە یەک کاتدا هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەیەکی هەولێر، ناوەندی گشتیی یەکێتی دیموکراتی کوردستان، ناوەندی کولتووری میزۆپوتامیای هەولێر، یەکێتی ژنانی ئازادیی کوردستان، هەروەها هێرش کرایە سەر ڕۆژنامەکانی وڵات و وڵاتی ڕۆژ و ناوەندەکانی ئەو ڕۆژنامانەیان تۆپبارانکرد، ئەمەش بە کۆمەڵکوژیی هەولێر دەناسرێت کە پەدەکە زیاتر لە ٨٠ گەریلا و چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار و هاووڵاتیی شەهید کرد.

لەو ساڵە بەدواوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ، لەگەڵ هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشووری کوردستان، پێشمەرگەکانی پەدەکە هاوکاری سەربازیی و لۆجستیی و سیخوڕیی سوپای داگیرکەری تورک دەکەن و چەندین جاریش هێرشیان کردووەتە سەر گەریلا یان سەربازانی دەوڵەتی تورکیان لە تەنیشت بارەگاکانی خۆیان داڵدە داوە.

سەرەنجام جاشایەتی لە باشووری کوردستان وەک ئامرازێکی داگیرکەران و حزبەکان، لە سەردەمی ئینگلیزەوە تا بەعس و قۆناغی دوای ڕاپەڕین، بەردەوام هۆکاری سەرەکیی تێکدانی ڕیزەکانی گەلی کورد، پارچەبوونی ناوخۆیی و لاوازکردنی دۆزی نەتەوەیی بووە.

سبەی: ڕەگ و مێژووی جاشایەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان-٤

ب. جـ

https://rojnews.news/?p=711092

https://rojnews.news/?p=710907