مێژووی ئەم دیاردەیە لە ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێکهاتنی دەوڵەتی نەتەوەیی سووریا و دواتریش بە حوکمی پارتی بەعسی ئەسەدەکاندا تێدەپەڕێت و درێژ دەبێتەوە بۆ هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورک و ڕادەستبوون بە سیاسەتەکانی ئەحمەد شەڕع.
سەردەمی فیدراسیۆنی خێڵەکی و دەسەڵاتی فەرەنسا (١٩٢٠-١٩٤٦)
بەرلەوەی چەمکی "جاشایەتی" بە مانا سیاسییە مۆدێرنەکەی سەرهەڵدات، لە سەردەمی ئینتیدابی فەرەنسیدا، هێزە داگیرکەرەکان سیاسەتی "پەرتکە و زاڵبە"ـیان پەیڕەو دەکرد.
فەرەنسییەکان هەوڵیان دەدا لە ڕێگەی پێدانی ئیمتیازات و پارە بە بەشێک لە سەرۆک خێڵە کوردی و عەرەبەکانی هەرێمی جزیرە، بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینە ناوخۆییەکان یان جێگیرکردنی هەژموونی خۆیان بەکاریان بهێنن.
لە بەرامبەردا، لایەنە وڵاتپارێزەکانی کورد وەک کۆمەڵەی خۆیبوون، دژی ئەم جۆرە هاوکارییانە بوون کە لە بەرژەوەندی دۆزی نەتەوەییدا نەبوو.
سەردەمی حوکمی بەعس و دروستکردنی "بریکارەکان" (١٩٦٣-٢٠١١)
دوای هاتنی پارتی بەعس بۆ سەر دەسەڵات لە سووریا، شێوازی هاوکاریکردنی نەیارانی کورد گۆڕانی بەسەردا هات و بوو بە کارێکی سیستەماتیک لە ڕێگەی دەزگا هەواڵگرییەکانەوە، حکومەتی بەعس نەدەهات هاوشێوەی عێراق (فەوجی جاش) بە ئاشکرا و بە چەک و جلی تایبەتەوە دروست بکات، بەڵکو زیاتر پشتی بە کڕینی ویژدانی کەسایەتییە خێڵەکییەکان، سەرۆک عەشیرەتەکان و کەسانی بێکار دەکرد بۆ ئەوەی ببنە چاودێر و سیخوڕ بەسەر چالاکوانانی سیاسی و ڕۆشنبیرانی کوردەوە.
ئەم هێڵە بریکارە لە کاتی ڕاپەڕینی ٢٠٠٤ـی قامیشلۆدا ڕۆڵێکی زۆر خراپیان بینی لە گواستنەوەی زانیاری بۆ ڕژێم و یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی گەنجانی کورد.
قەیرانی سووریا و قۆناغی نوێی دوای ٢٠١١
لە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی سووریا و دروستبوونی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتیکی ڕۆژئاوا، مانا و شێوازی ئەم دیاردەیە تەواو گۆڕا و چەندین بەرەی نوێ دەرکەوتن کە لە لایەن لایەنە کوردییەکانەوە بە "جاشایەتی" یان "خیانەت" ناوزەد کران.
یەکێک لەوانە گرووپە چەکدارە کوردییەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بوون، کە چوونە پاڵ ئەنجوومەنی نیشتیمانیی سووریا و هاوپەیمانی دەوڵەتی تورک بوون (وەک چەکدارانی ڕابتوو یان ئەو گرووپانەی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی بەشدار بوون، لە ڕوانگەی زۆربەی هاووڵاتییانی ڕۆژئاواوە، ئەم گرووپانە وەک "جاشایەتی مۆدێرن بۆ دەوڵەتی تورک" سەیر دەکرێن، چونکە یارمەتی داگیرکەر دەدەن بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە کوردییەکان.
هەروەها شبیحەی کوردی (دیفاع وەتەنی)، لە ناوچەکانی وەک حەسەکە و قامیشلۆ، بەشێک لە کەسایەتی و چەکدارە کوردەکان مانەوە لەگەڵ ڕژێمی ئەسەدیان هەڵبژارد و لە چوارچێوەی هێزەکانی بەرگری نیشتیمانیدا چەکیان دژی هێزە کوردییەکان هەڵگرت.
دژایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و قەسەدە
دوای بونیادنانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەرفراوانبوونی قەسەدە، چەکدارانی ڕۆژ کە لەلایەن پەدەکەوە پاڵپشتی دەکران و دەوڵەتی تورک مەشقی پێدەکردن، دژایەتیی خۆیان بۆ قەسەدە دەربڕیی تا گەیشت بەوەی کە قەسەدە ڕێگرییان لێبکات لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بوونیان هەبێت.
هەروەها دەوڵەتی تورک تۆڕێکی سیخوڕیی بەرفراوانی لەناو ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەندامانی سەربە ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) پێکهێنابوو، کە سیخوڕییان بەسەر ئەندامانی باڵای قەسەدە و پەیەدەوە دەکرد و دەستیان لە شەهیدکردنی دەیان شۆڕشگێڕدا هەیە و دانپێدانانەکانیشیان بەڵگەی ئەو سیخوڕییانەن.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەنەکەسە بە دەستێکەڵکردن لەگەڵ دەوڵەتی تورک بە تەواوی دژایەتی خۆی بۆ پەیەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دەربڕیی و لەمڕۆشدا وێڕای ئەوەی هەموو لایەنە کوردییەکان کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردییان ئەنجامداوە و بڕیاردراوە لایەنی کورد پێکەوە بچنە سەر مێزی دانووستان بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری سووریادا.
بەڵام ئەنەکەسە بە تەنها و بەبێ گوێدانە بڕیارەکانی کۆنفرانسەکە چووە دیمەشق و بە بەشدارییکردن لە هەڵبژاردن ڕادەستی سیاسەتە قڕکارییەکانی ئەحمەد شەرعی سەرۆکی حکومەتی کاتیی سووریا بووە.
لە کاتێکدا کورد کە ڕێژەی زیاتر لە ٢٠٪ـی سووریا پێکدەهێنێت و دەبێت لانیکەم ٤٠ کورسی پەرلەمانی هەبێت، کەچی ئەنەکەسە ڕازی بووە بەوەی کە ئەحمەد شەرع تەنها نزیکەی ١٠ کورسی بۆ کورد دابینبکات، پەیەدە و زیاتر لە ٢٠ پارتی سیاسیی کوردی ئەم سیاسەتە ڕەت دەکەنەوە بەڵام ئەنەکەسە ئامادەیی خۆی بۆ بەشدارییکردن لەو پەرلەمانە نیشانداوە کە ئامانجەکەی لەناوبردنی کورد و دەستکەوتەکانییەتی کە بە خوێنی نزیکەی ٢٠ هەزار شەهید بەدەستهاتووە.
کۆتایی
ب. جـ
