ئەم جاشایەتییە لە دژایەتی عەشیرەتەکان بۆ سمکۆی شکاک دەستی پێکرد و بووە هۆی ڕووخانی کۆماری مەهاباد و لەژێر ناوی "قیادە موەقەتە"، "پێشمەرگەی موسڵمان" و "بەسیجی کورد" بووە ئامرازێکی سەرەکی لە دەستی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بۆ لاوازکردنی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لەو بەشەدا.

خێڵایەتی دژ بە نەتەوایەتی لە سەردەمی قاجاڕ و پەهلەوی یەکەم

بەرلەوەی حزبی سیاسیی مۆدێرن لە ڕۆژهەڵات سەرهەڵبدات، ململانێکان زیاتر لە نێوان عەشیرەتەکاندا بوو، شاکانی قاجاڕ و دواتریش ڕەزا شا پەهلەوی، سیاسەتی "بەکارهێنانی کورد دژی کورد"ـیان پەیڕەو کرد، بۆ نموونە کاتێک سمکۆی شکاک لە دەیەی ١٩٢٠ـدا ڕاپەڕینی بەرپاکرد، حکومەتی ناوەندیی ئێران بەشێک لە سەرۆک عەشیرەتە ڕکابەرەکانی سمکۆی شکاکی (وەک عەشیرەتەکانی گەورک، مەنگوڕ، یان چەند لایەنێکی تر) بە پارە و چەک ڕازی بکات کە هاوشانی سوپای ئێران دژی سمکۆ شەڕ بکەن و پاکتاوی بکەن.

سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و ساڵانی دواتر

ئەم قۆناغە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بوو لە جیاکردنەوەی بەرەی نەتەوەیی و بەرەی هاوکارانی داگیرکەر، لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆماردا بە ڕابەرایەتی پێشەوا قازی محەمەد، بەشێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان بە ڕواڵەت سوێندی دڵسۆزییان خوارد، بەڵام کاتێک هێزەکانی سۆڤیەت کشانەوە و سوپای شای ئێران بەرەو مەهاباد هات، چەندین سەرۆک عەشیرەت (کە دواتر بە "سەرۆک جاشەکان" یان دەرەبەگە هاوپەیمانەکانی شا ناسران) پشتیان لە کۆمار کرد و پێشوازییان لە سوپای شا کرد، ئەم خیانەتە ناوخۆییە یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووخانی کۆمار و لەسێدارەدانی پێشەوا قازی.

بەپێی یاداشتەکانی پەرتووکی "خیانەتەکانی قیادە موەقەتە، بە نەتەوەی کورد"، کە لەلایەن عەبدوڵای حەسەن زادە و دکتۆر قاسملووەوە نووسراوە، دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیری ٦ـی ئاداری ١٩٧٥ لە نێوان شای ئێران و سەدام حسێن، کە ئەو کات جێگری سەرۆککۆماری عێراق بوو، چەکدارانی پەدەکە بە فەرمانی شای ئێران هێرش دەکەنە سەر بارەگا سنوورییەکانی حزبی دیموکرات و دەیانپێچنەوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شانبەشانی سەرباز و جاشەکانی ڕژێم دەکەونە ڕاوەدوونانی پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، هەروەها بە فەرمانی مەلا مستەفا زنجیرە تیرۆرێک دەستپێدەکەن دژی سەرکردە و شۆڕشگێڕە دیارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

سەردەمی خومەینی و درووستبوونی "پێشمەرگەی موسڵمان" (١٩٧٩)

دوای ڕووخانی ڕژێمی شا لە ساڵی ١٩٧٩ و دەستپێکردنی شەڕی چەکداری نێوان حزبە کوردییەکان (حدکا و کۆمەڵە) لەگەڵ ڕژێمی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دیاردەی جاشایەتی چووە قۆناغێکی سیستەماتیک و سەربازیی ترسناکەوە، خومەینی و دەسەڵاتدارانی تاران لە ساڵی ١٩٧٩–١٩٨٠ـدا ڕێکخراوی پێشمەرگەی موسڵمانیان لەو کوردانە پێکهێنا کە مەیلی ئاینییان هەبوو یان کێشەی شەخسی و عەشیرەییان لەگەڵ حزبە چەپ و نەتەوەییەکاندا هەبوو.

ئەم هێزە (کە لە ناو خەڵکدا بە "جاش" ناسران) بوونە شارەزای ڕێگاکان و پێشڕەوی سوپای پاسداران و بەسیج بۆ گرتنەوەی شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵات، ئەوان ڕۆڵێکی خوێناوی و کاریگەریان گێڕا لە ناسینەوە، دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی کادر و پێشمەرگە نیشتیمانپەروەرەکان.

هەر لەو سەردەمەدا قیادە موەقەتە کە نەوەکانی مەلا مستەفا بارزانی پێکیانهێنابوو، دژی تەڤگەرە ڕزگارییخوازەکانی کورد پشتیوانی خۆیان بۆ خومەینی دەربڕیی و کەوتە گیانی پێشمەرگەکانی حدکا، فازل میرانی لەو سەردەمەدا لە چاوپێکەوتنێکدا کە پێگەی فارسی "بی تاوان" بڵاویکردووەتەوە، لەبارەی پەیوەندیی پەدەکە و ڕژێمی خومەینییەوە دەڵێت: ئێمە بەشێکین لە ئێران و ڕێگەش نادەین هیچ گورزێک بەر شۆڕشەکەی ئیمام خومەینی بکەوێت.

بەگوێرەی پارچە ڤیدیۆیەکی ئەرشیفی سوپای پاسداران، کە چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ فەرماندەیەکی پێشمەرگەی قیادە موەقەتەی پەدەکە، جەخت لە هاوپەیمانی پەدەکە و ڕژێمی ئێران دەکات بۆ ڕاوەدوونان و سەرکوتکردنی، بزووتنەوەی ڕزگارییخوازیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨١ تا ١٩٨٢.

جاشی حەق بەدەست و بەسیجی کورد لەمڕۆدا

لە دوای کشانەوەی هێزە چەکدارەکانی حزبە کوردییەکان بۆ سەر سنوورەکان و باشووری کوردستان لە دەیەی ١٩٩٠ـدا، شێوازی جاشایەتی لە ڕۆژهەڵات گۆڕدرا بۆ پێکهاتەیەکی مەدەنی-سەربازی، ئێستا دیاردەکە لە ژێر ناوی "بەسیجی عەشایەری" یان بوونە ئەندام لە سوپای پاسداراندا بەردەوامە، زۆرجار ڕژێمی ئێران بەهۆی بێکاری و هەژاریی توندەوە لە کوردستان، گەنجان ناچار دەکات چەک هەڵگرن یان ببنە سیخوڕ.

لە کاتی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی ٢٠٢٢ـیشدا، ئەم جاشە خۆجێییانە لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە بەکارهێنران بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، ناسینەوەی کچان و کوڕانی ڕاپەڕیو و تەقەکردن لە هاوشاریانی خۆیان، لەو ڕێگەیەوە ڕژێمی سەدان کوردی دەستگیر و شەهید کرد.

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، دوای ئەوەی ڕژێمی ئێران لەشکرکێشی بەئاراستەی بانە، مەریوان و مەهاباد دەستپێکرد و بە هۆیەوە چوار گەریلای یەرەکە شەهیدبوون، گەنجانی نیشتیمانپەروەری کوردستان دوو جاشیان بە ناوەکانی (خالد خالیدی نیا و بورهان کریسانی)، هەر لە سەرەتای مانگی حوزەیرانیشدا ئەو گرووپە جاشێکی دیکەیان بە ناوی (حەمە چکۆل) سزادا.

سبەی: ڕەگ و مێژووی جاشایەتی لە باکووری کوردستان-٢

ب. جـ