ئەمڕۆ، لە دووەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هەردوو ڕۆژنامەنووسی ژن (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین)، خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد لە باشووری کوردستان و هاوپیشە و ڕیهەڤاڵانیان لە شوێنی کارکردنیان لە شاری سلێمانی، بە ڕاگەیاندراوێک یادی شەهیدانیان کردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە لە لایەن ڕۆژنامەنووس هەوار محەمەد خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: لەو چرکەساتەوەی وشە دەبێتە پردێک بۆ گەیاندنی ڕاستی و کامێرا دەبێتە چاوێکی بێدار بۆ تۆمارکردنی ئازارەکانی نیشتمان، مێژوویەکی نوێ بۆ چاپەمەنیی ئازاد لە کوردستان دەنوسرێتەوە، ئەم مێژووە، کە بە خوێنی ڕۆژنامەنووسانی راستی سوور بووە، چیرۆکی ڕەوڕەوەیەکە کە هیچ تەمومژێکی تیرۆر و گەردەلوولێکی تۆقاندن ناتوانێت ڕێگەی لێ بگرێت، ئەمڕۆ کە لێرە کۆبووینەتەوە، تەنیا بۆ یادکردنەوەی چەند ناوێک نییە، بەڵکو بۆ بە رزڕاگرتنی ڕێبازێکە کە لەپێناو هۆشیاریی گشتی و بەرگریکردن لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، باجێکی گەورەی داوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، ئێمە وەک ڕاگەیاندنی ئازاد، لەژێر سێبەری جوگرافیایەکی پڕ لە مەترسیدا کار دەکەین، لەم ناوچەیەدا، کاری ڕۆژنامەنووسی تەنیا گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەی مەکینەیەکی گەورەی بێدەنگکردنە، وەک چۆن لە هەموو بنەما یاسایی و مرۆییەکاندا هاتووە، کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان پێویستییان بە پاراستنی زیاتری دەنگی ئازاد هەیە، لەم نیشتمانەدا، ڕاگەیاندنی ئازاد بووەتە چرایێک کە ڕێگەی ئازادی بۆ گەلەکەمان ڕووناک دەکاتەوە، زۆرجار یەکەم چەکی هێرشبەران ئاراستەی ئەو قەڵەمانە دەکرێت کە ڕاستییەکان وەک خۆی دەنووسنەوە.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ئەمڕۆ، ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٦، دوو ساڵ بەسەر ئەو تاوانە دڕندانەیەدا تێدەپەڕێت کە لە نزیک شاری سەیدسادق ئەنجام درا، لەو ڕۆژە خەمناکەدا، دوو ئەستێرەی گەشی ئاسمانی ڕاگەیاندنی کوردی، (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین) بە شێوەیەکی نامرۆڤانە کرانە ئامانج، ئەوان نە چەکیان پێ بوو، نە بەشێک بوون لە بەرەی جەنگ، تەنیا کامێرایەکیان پێ بوو کە دەبووە دەنگ و رەنگی گەل و حەقێقەتیان تێدا تۆمار دەکرد و قەڵەمێک بوون کە مێژووی بەرخودانی مرۆڤایەتیان دەنووسییەوە، بەپێی ماددەی ٧٩ـی پڕۆتۆکۆڵی یەکەمی زیادکراوی ڕێککەوتننامەی ژنێف، ڕۆژنامەنووسان لە ناوچەی ململانێکاندا وەک "کەسانی مەدەنی" دەناسرێن و هەر هێرشێکی ئەنقەست بۆ سەر ئەوان، بە "تاوانی جەنگ" ئەژمار دەکرێت، تیرۆرکردنی گوڵستان و هێرۆ، پێشێلکردنی ئاشکرای هەموو پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین بوو.

جەختیشی کراوەتەوە، دوای دوو ساڵ، ئێمە لێرەین، نەک وەک شینگێڕ، بەڵکو وەک درێژەپێدەری ڕێگەی پیشەیی و مرۆیی ئەوان، دەنگی حەقیقەتی ئەوان کپ ناکرێت و قەڵەمەکەیان لە دەستی هەزاران گەنجی تینووی ئازادیدا دەنووسێتەوە، لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا، هێرشەکان تەنیا بەوان نەوەستا، بەڵکو ڕێهەڤاڵانی تری وەک (عەزیز کیلوئۆغلۆ، نازام داشتان و جیهان بیلگین)ـیش بوونە قوربانیی ئەو عەقڵییەتە تاریکەی کە لە ڕاستی دەترسێت، ئەم زنجیرە تیرۆرە، نیشانەی شکستێکی ئەخلاقی و یاساییە لە ئاست پاراستنی ڕۆژنامەنووسان.

داواشکراوە، ئێستا کە ناوچەکە لە قۆناغێکی هەستیار دایە و هەمووان باس لە دیالۆگ و ئاشتی دەکەن، ئەرکی ڕاگەیاندنی ئازاد قورستر دەبێت، ئێمە دەبینە بڵندگۆی ئەو گەلانەی کە دەیانەوێت لە دەرەوەی چوارچێوە توندوتیژەکان، بە ئاشتی و دیموکراسی بژین، لە ڕوانگەی یاساییەوە، بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەم تیرۆرانە، هانی تاوانباران دەدات بۆ بەردەوامبوون، بۆیە داوا دەکەین دامەزراوە یاساییەکان چیدی ڕێگە نەدەن بکوژانی قەڵەم لە سزا ڕزگاریان بێت.

لە کۆتاییشدا دووپاتکراوەتەوە، لە بەردەم شکۆی ئەو قوربانییانەدا، بەڵێن دووپات دەکەینەوە کامێراکانمان و شاشەکانمان ڕەش نابن، ئێمە بە قەڵەم و کامێراکانمان، ڕێبواری ڕێگەی ڕاستی دەبین، تیرۆر دەتوانێت جەستەمان لێ وەرگرێتەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئەو حەقیقەتە بکوژێت کە ئێمە نوێنەرایەتی دەکەین.

ب. جـ

5 وێنە
1 / 5