زیارەتکارانی پارێزگا جیاجیاکانی عێراق و چەندین وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی هاتوونەتە کەربەلا و لە ناوچەی "قەن تەرەت سەلام"ەوە بەرەو مەرقەدی ئیمام حوسێن و لەوێشەوە بە شەقامی کۆمارییدا بەرەو ناوچەی "بەیتی حەرەمەین" بەڕێ کەوتن، بۆ بەشداریکردنی لە یادی عاشوورا.

"ڕاکردنی توێریج" بە یەکێک لە دیارترین ڕێوڕەسمەکانى عاشورا لای شیعە دادەنرێت، ناونانی ئەم ڕێوڕەسمە دەگەڕێتەوە بۆ شارۆچکەى "توێریج" (کە ئێستا بە هندیة دەناسرێت)، چونکە لە ڕووی مێژووییەوە بەشداربووان لەو شارۆچکەیەوە بەرەو کەربەلا بەڕێ دەکەوتن.

 ئەم ڕێوڕەسمە لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٣ لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە قەدەغەکرابوو، بەڵام دوای ساڵی ٢٠٠٣ بە شێوازێکی ئاشکرا و بەربڵاو گەڕایەوە و ساڵانە ژمارەی بەشداربووانی ڕوو لە زیادبوون دەکات.

چۆن سەری هەڵدا؟

ئەم ڕێوڕەسمە هاوشێوەی ڕێوڕەسمەکانى دیکەی حوسێنی بە چەندین قۆناغی قەدەغەکردن و سنووردارکردندا تێپەڕیووە، سەعید ڕەشید مێژوونووسی کەربەلایی دەڵێت: بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان، مێژووی دامەزراندنی ئەم ڕێوڕەسمە بۆ ساڵی ١٨٥٥ یان لە گێڕانەوەیەکی دیکەدا بۆ ساڵی ١٨٧٢ زایینی دەگەڕێتەوە، واتە تەمەنی ئەمە نزیکەی ١٥٠ ساڵ دەبێت.

بارەگای سەرەکی و دامەزرێنەری ئەم ڕێوڕەسمە کەسایەتییەکی ناوداری شارۆچکەى هیندیە (توێریج) بووە بە ناوی "میرزا ساڵح قەزوینی"، کە لە ١٠ـى ڕۆژی یەکەمی موحەڕەمدا لە ماڵەکەی خۆیدا ماتەمینی دەگێڕا، دواتر لەگەڵ کۆمەڵێک لە دۆستانی ئەهلی بەیت سواری ئەسپەکانیان دەبوون و بە هاوارکردنی دروشمی حوسێنی دەستیان بە ڕاکردن دەکرد، کاتێک خەڵکی کەربەلاش دەیانبینین، پەیوەندییان پێوە دەکردن.

سەعید ڕەشید ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک میرزا ساڵح و هاوەڵەکانی دەگەیشتنە ناوچەی "قەن تەرەت سەلام"، نوێژی نێوەڕۆیان دادەمەزراند و پاشان ڕێوڕەسمەکەیان بەرەو بازاڕە کۆنەکانی کەربەلا (بازاڕی ابن حەمزە، سەفارین، عەلاوی و خەفافین) درێژە پێدەدا تا دەگەیشتنە مەرقەدی ئیمام حوسێن و براکەی عەباس، دوای ئەوەش دەچوونە شوێنی خێمە حوسێنییەکان و لەوێ خێمەیەکیان دەسووتاند بە هێمای سووتاندنی خێمەکانی ئیمام حوسێن لەلایەن سوپای یەزیدەوە لە ڕۆژی عاشورادا.

قۆناغی قەدەغەکردن لە سەردەمی بەعسدا

ئەم مەراسیمە تا ساڵی ١٩٩٠ بەردەوام بوو، بەڵام دوای ڕاپەڕینی شەعبانییەی ساڵی ١٩٩١، ڕژێمی بەعس قەدەغەیەکی توندی بەسەردا سەپاند، سەرەڕای ئەمەش خەڵکی بە دزیو و بەبێ ڕێکخستن بەردەوام بوون، کە ئەمەش وایکرد دەزگا ئەمنییەکانی سەردەمی سەدام حوسێن هەڵمەتی گرتن و لەسێدارەدان دژی بەشداربووان ئەنجام بدەن.

جابر تاڵقانی یەکێک لە خزمەتکارانی مەوکبی  کەربەلا و دەڵێت: هێزەکانی بەعس لە ڕۆژی دەیەمدا لەسەر ڕێگاکان بڵاوەیان دەکرد بۆ دەستگیرکردنى بەشداربووان، بەتایبەت گەنجان، هەندێک جار  جلی زیارەتکارانیان لەبەر دەکرد، تا دواتر بەشداربووان  بناسنەوە و دەستگیریان بکەن.

باسی لەوەشکرد، زۆرجار گەنجەکانیان ڕادەکێشا ناو ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن (ئەمبوڵانس) بە ناوی ئەوەی نەخۆشن، بەڵام لە ڕاستیدا دەستگیریان دەکردن.

دوا بەدوای ڕووخانی ڕژێمى بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣دا، ئەم ڕێوڕەسمە ئایینییە بە شێوازێکی فەرمی، ڕێکخراو و بە پانتاییەکی فراوانتر لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق گەڕایەوە و ساڵانە پەرە دەستێنێت.

3 وێنە
1 / 3

هـ.ئ