کات ڕۆیشت و کاتێک مرۆڤایەتی گەیشتە ساڵانی ١٩٩٠ـکان، یەکێتیی سۆڤیەت کە نوێنەرایەتیی ئەو دوژمنکارییەی دەکرد و لە لایەن لایەنگرانییەوە وا بیر دەکرایەوە کە "هەرگیز ناڕووخێت"، ڕووخا و تێکشکا و چوونە ناو لاپەڕەکانی مێژووەوە. ئێمەش وامانزانی کە ئیتر ئەو دوژمنکارییە کۆتایی هاتووە. چونکە دوژمنکارییەکە ئایدۆلۆژی بوو و کاتێک یەکێتیی سۆڤیەت کە خۆی وەک "کۆمۆنیست" پێناسە دەکرد ڕووخا، دەبوو بۆ سەرمایەدارانیش ئەو دوژمنکارییە کۆتایی پێبێت.
له ڕاستیدا بۆ ماوەیەک وا دیار بوو کە شتێکی لەو شێوەیە ڕوودەدات. پەیوەندییەکانی نێوان "فیدراسیۆنی ڕووسیا" و دەوڵەتانی دیکە کە لەسەر وێرانەکانی یەکێتیی سۆڤیەت دروستببوون، لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەورووپیدا بەرەو ئاساییبوونەوە چوون. تەنانەت دەستکرا بە گفتوگۆکردن لەسەر ئەوەی کە ناتۆ (NATO) ئەرکی خۆی تەواو کردووە و لەم چوارچێوەیەدا دەبێت کۆتایی بە بوونی خۆی بهێنێت.
ئەم دۆخە لە تورکیادا ڕەهەندی گەورەتریشی بەخۆوە بینی. پەرەسەندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ "دەوڵەتانی تورکی (وەک تورکمانستان، ئازەربایجان، قزخستان.. هتد"، دەوڵەتی کۆماری تورکیای ئاڕاستە کرد بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ فیدراسیۆنی ڕووسیادا دروست بکات. "دۆستایەتیی ڕووسیا" خەریک بوو جێگەی "دوژمنکاریی ڕووسیا" بگرێتەوە لە تورکیادا. بەم شێوەیە، ئەو سیستەمانەی کە دژبەیەک دەردەکەوتن، ئاوێتەی یەکتر بوون و بوونە سیستەمێکی یەکگرتوو.
ئەم دۆخە لە بنەڕەتدا تا ئەم دواییانە بەردەوام بوو، بەڵام ئەو کۆبوونەوە گرانبەهاکەی ناتۆ کە لە ڕۆژانی ٧-٨ـی تەمووزدا لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، هەموو ئەو شتانەی کە دەمانزانین دیسانەوە سەراوژێر کردەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا بە ڕوونی بینیمان کە ناتۆ نەک هەر قەبارەی خۆی بچووک ناکاتەوە و بەرەو کۆتاییبوونی خۆی ناڕوات، بەڵکو بەپێچەوانەوە، هەوڵ دەدات خۆی گەورەتر و بەربڵاوتر بکات؛ بنەمای کارەکانی خستووەتە سەر زیادکردن و پەرەپێدانی زیاتری ئەو چەکانەی کە توانای لەناوبردنی چەندین جارەی گۆی زەوییان هەیە. نەک هەر کۆتایی بە دوژمنکارییەکان ناهێنێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، دوژمنی نوێ بۆ خۆی دروست دەکات.
کاتێک سەیری ئەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوەیە دەکرێت، ئەم ڕاستییە بە ڕوونی دەبینرێت. لە کۆبوونەوەکەی ئەنقەرەوە، بڕیاری پڕچەککردنی زیاتر و وەبەرهێنانی زیاتر لە بەرهەمهێنانی چەکی نوێدا دەرچوون. ئەو ژمارانەی کە نووسراون، لە ئاستێکدان کە گوێگر تووشی شۆک دەکەن. باس لە بودجەی پڕچەککردنی ٥٥ ملیار دۆلاری دەکرێت. هەروەها بڕیار دراوە کە هاوکاریی زیاتر لە ٧٠ ملیار دۆلار پێشکەشی ئۆکرانیا بکرێت بۆ ئەوەی دژی ڕووسیا بجەنگێت.
بێگومان ڕاستی لەوەش زیاترە کە بیستوومانە و دەیزانین. ئێستا با بیر بکەینەوە، ئەگەر ئەم پارەیە بەبێ چەوساندنەوە لە کەرتی ئابووریدا وەبەرهێنانی پێ بکرایە، ئایا لە جیهاندا کەس بە برسییەتی دەمایەوە؟
ئەگەر تەنها بەشێک لەو پارەیە لە کەرتی پەروەردە و فێرکردندا خەرج بکرایە، ئایا لە جیهاندا مرۆڤی نەخوێندەوار دەمایەوە؟
ئەگەر ئەم هێزە داراییە لە بوارەکانی وەک تەندروستی و کولتووردا وەبەرهێنانی تێدا بکرایە، ئایا لە جیهاندا قسە لە دواکەوتوویی دەکرا؟ ئاشکرایە کە ئەگەر وا بووایە هیچ کام لەم کێشانە نەدەمان. ڕاستی دەسەڵات و دەوڵەت ئا ئەمەیە، ئەم ڕاستییەش بە تەواوی دژ بە مرۆڤایەتی و کۆمەڵگایە.
کۆبوونەوەکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، ڕاستی کۆمەڵەیەکی ناتۆی دەرخست کە بە تەواوی لەسەر بنەمای دوژمنکاری و شەڕ دامەزراوە. کۆبوونەوەیەک بوو کە بە تەواوی ڕووسیا و چینی کردبووە ئامانج و هەموو شتێکی بەپێی شەڕکردن لەگەڵ ئەم دەوڵەتانەدا پلانی بۆ داڕشتبوو. ڕوونە کە چەمکی "بەرگری" تەنها چیرۆک و فێڵێکە. لە ڕاستیدا هەموو شتێک لەسەر بنەمای هێرشبردن داڕێژراوە. خۆی لە تیۆریی هاوچەرخی شەڕدا دەوترێت: "باشترین بەرگری، هێرشبردنە". کاتێک هێرشیش لەناوبردنی ئەوی تر لەخۆ دەگرێت، ئەوا خۆپەرستی و تاکڕەوییەک بە ناوی "تەنها دەبێت من بوونم هەبێت" دێتە کایەوە.
تێفکرین لە ڕاستی دەسەڵات، سیستەمی دەوڵەت و ناتۆ لە ڕێگەی ئەنجامەکانی کۆبوونەوە پڕ لە بەهاکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، دەرەنجامی زۆر فێرکەر و بەسوودمان پێدەبەخشێت. لە ڕاستیدا لە گۆڕەپانەکەدا "دەوڵەتان" بوونیان نییە؛ وەک چۆن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاماژەی پێداوە، تەنها "دەوڵەت (بەیەک تاک دەوڵەت)" بوونی هەیە، ئەو دەوڵەتانەش کە بە ناوە جیاوازەکانەوە ناو دەبرێن، تەنها لقەکانی ئەو تاکە دەوڵەتەن.
ئەم دەوڵەتانە کە لە شێوەی لقی تاکە دەوڵەتێکن، هەموویان بە پشتبەستن بە یەکتر بوونیان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بە دوژمنکاری بەرامبەر بە یەکتر دەژین. لەسەر بنەمای دوژمنکاری و شەڕکردن لەگەڵ یەکتردا بەردەوامن. واتە هەم دوژمنی یەکترن و هەمیش بوونیان بەندە بە یەکترەوە. سیستەمی دەسەڵات و دەوڵەت بەو شێوەیە سیستەمە. لە دۆخی ئێستادا، هەم بوونی ناتۆ بەندە بە بوونی ڕووسیا و چینەوە و هەمیش دوژمنایەتییان دەکات.
لە گۆڕەپانەکەدا بوون و سیستەمێکی دژبەیەک لەم ئاستەدا هەیە. سیستەمی دەسەڵات و دەوڵەت کە بوونی یەکتر بە مەرج دەگرێت، لە هەمان کاتدا لە دۆخێکی بەردەوامی دوژمنکاری و شەڕدایە لەگەڵ یەکتردا و تا ئەو ئاستەی کۆمەڵگاکان و سروشت لەناو ببات دەست دەکات بە چەوساندنەوەیان. مرۆڤایەتی لەناو گێژاو و چنگە کڕێژەی سیستەمێکی چەتەگەریی چەوسێنەری ئاوادا گیری خواردووە.
ئەگەر سەرنج بدەین، لە لایەک دوژمنکاری کۆتایی دێت و لە لایەکی تر سەر هەڵدەداتەوە، لە شوێنێک شەڕ کۆتایی پێ دێت و لە شوێنێکی تر دەست پێ دەکرێتەوە. واتە تا سیستەمی دەسەڵات و دەوڵەت بوونی هەبێت، کۆتاییهاتنی دوژمنکاری و شەڕ و گەیشتن بە ئاشتی مەحاڵە. لە دۆخێکی ئاوادا، باشترین حاڵەت تەنها دەکرێت ئاگربەست بێت. بەڵام ئاشتی ڕاستەقینە تەنها لەسەر بنەمای تێپەڕاندنی سیستەمی دەسەڵات و دەوڵەت دێتە ئاراوە و بەدی دێت.
ئەم خەسڵەتەی سیستەمی دەسەڵات و دەوڵەت، لە ڕێگەی کۆبوونەوەکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، بە شێوەیەکی کراوە بە هەموو کەس نیشان درا. لەم کۆبوونەوەیەدا، هێزی سەرمایەداری بە جۆرێک لە جۆرەکان هەوڵی دا چاوترسێنی گەلان و سەرجەم چەوساوەکان بکات. ویستی نیشانی بدات کە چۆن باڵادەستە و چۆن جگە لە خۆی هیچ شتێکی تر ناتوانێت بوونی هەبێت. مرۆڤایەتی بە شەڕ هەڕەشەی لێکرا. خۆی لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، فەرمانی هێرشی نوێ لە لایەن سەرۆکی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران دەرچوو، بەمەش تەواوی ناتۆ کرا بە هاوبەشی ئەم شەڕە. ئەو ئامانج و هەڕەشەیەی کە لە ژێر پەردەی ڕووسیا و چیندا ئەنجام دەدرێت، لە ڕاستیدا گەلان، ژنان، ڕەنجدەران و سەرجەم چین و توێژە چەوساوە و بێبەشکراوەکان دەکاتە ئامانج.
باشە لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا چی پێویستە بکرێت؟ زۆر ڕوونە کە بەر لە هەر شتێک، پێویستە ئەم ڕاستییە بە باشی ببینرێت و بە دروستی تێگەیشتنی بۆ بکرێت. دیسان پێویستە بزانرێت و باوەڕ بدرێت بەوەی کە ئەم دۆخە نە قەدەرە و نە ناچاری، بەڵکو بەپێچەوانەوە جیهانێکی جێگرەوە و بەدیل گونجاوە و دەکرێت ببێت. لەوەش زیاتر، بۆ خوڵقاندنی ئەم جیهانە نوێیە، پێویستە هێزەکان یەکبخرێن و بە شێوازی داهێنەرانە خەبات بکرێت. ڕزگاربوون لەم سیستەمی زۆرداری و چەوساندنەوەیەی ئێستا تەنها بەم شێوەیە دەکرێت. ئاشتی و دیموکراسی ڕاستەقینەش تەنها بەم شێوەیە بەدی دێت.
کۆتا کۆبوونەوەی ئەنقەرە بە هەمووانی نیشان دا کە تەنانەت دڵۆپێک لە عەقڵییەتی دیموکراتی لە ناتۆدا بوونی نییە. مافی بوونی کەسی تر بێجگە لە خۆی ناناسێت و بوونی خۆی لە لەناوبردنی ئەوانی تردا دەبینێتەوە. لەبەر ئەم هۆکارەش، مەحاڵە ئاشتیخواز بێت و دیموکراسی پەرە پێبدات. ئەمەش ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە چەندە گرنگ و پێویستە تەڤگەرێکی ئاشتیخواز لەسەر ئاستی جیهانی دژ بەم سیستەمی ئێستایە گەشەی پێبدرێت و خەباتی ئاشتی بەڕێوەبچێت. هەروەها واتا و گرنگیی گەشەپێدانی سیستەمی دیموکراتی وەک بەدیلێک دژی سیستەمی دەوڵەتی ئێستا دەخاتە ڕوو.
ئایا تەڤگەریكی ئاوا بۆ ئاشتی و دیموکراسی دەکرێت گەشەی پێبدرێت؟ بێگومان دەکرێت گەشەی پێبدرێت. تێگەیشتن و هەڵوێستی تەڤگەری ئازادیی گەلی کورد نموونەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی کە ئەمە گونجاو و کەرەستەیەکی دەستپێشخەرە. ٣٠ تێکۆشەری ئاپۆیی، لە ١١ـی تەمووزی ٢٠٢٥ـدا بە سووتاندنی چەکەکانیان، بە هەمووانیان نیشان دا کە دەکرێت تەڤگەرێکی لەو شێوەیە گەشەی پێبدرێت. لە بەرامبەر جیهانی سیستەمی دەوڵەتگەرادا کە لەسەر بنەمای دوژمنکاری و شەڕ دامەزراوە، ئەوان جیهانی سیستەمی کۆمەڵگای دیموکراتییان ڕاگەیاند کە لەسەر بنەمای ئازادی و ئاشتی بنیات نراوە.
لەم خاڵەشدا با ئەمە دەستنیشان بکەین؛ وەک ئەوەی هەندێک کەس کە خۆیان بە سۆسیالیست دەزانن بانگەشەی بۆ دەکەن، تێڕوانینی "دەوڵەتی ئەو خراپە و دەوڵەتی من باشە" دروست نییە. دەوڵەت هەر دەوڵەتە، جەوهەر، شێواز و کردەوەکانیشی وەک یەکن؛ ئەوەش لە ئەمڕۆماندا لە نێو نەتەوەیەکگرتووەکان و ناتۆدا بەرجەستە بووە، بۆیە ناتوانرێت جیاکاری لە نێوان باش و خراپدا بکرێت. ئەوەی گرنگە، جیابوونەوەیە لەم چەتەگەرییە جیهانییەی چەوساندنەوە و زۆرداری کە ئێستا بووەتە دیاردەیەکی گەردوونی و هەڕەشە لە سروشت و کۆمەڵایەتیبوون دەکات و هەروەها سیستەمی کۆمەڵگای دیموکراتیکی خۆمان وەک بنەما و کارکردن بگرینەبەر و پەرەی پێبدەین.
سەرچاوە/ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلەتیکدا
ب. جـ
