د. مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ میدیا عێراقییەکان باسی لە تێپەڕاندنی کێشەی نەختینە و ڕێگەچارەسەرییەکان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق کرد.

ئەو ڕاوێژکارە ڕایگەیاند، حکومەت لەپێناو پڕکردنەوەی بۆشاییە کاتییەکانی نەختینە و دابینکردنی مووچە بەبێ پەککەوتن، پەنا بۆ سەرجەم بژاردەکان دەبات لەسەروو هەمووشیانە قەرزی ناوخۆیی.

د. مەزهەر محەمەد ساڵح جەختی لەوەش کردەوە، ئەم کورتهینانە قورسە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر کاتی دابەشکردنی مووچە و بووەتە هۆی دواکەوتن و تێکچوونی خشتەی پێشووی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران.

وتیشی: قەبارەی خەرجیی مانگانەی مووچە، خانەنشینی و تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی بە تەنیا نزیکەی هەشت تریلیۆن دینارە.

پێشتر وتەبێژی حکومەتی عێراق پشتڕاستی کردبووەوە کە عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی "سەخت" بووەتەوە؛ چونکە لە کاتێکدا حکومەت مانگانە پێویستی بە نزیکەی ١٠ تریلیۆن دینار هەیە، داهاتی نەوتی وڵاتەکە تەنیا لە ٢ تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار زیاتر نییە.

 

ئـ.ع