دکتۆر پەروانە حسێنی چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و ئەندامی ڕاوێژکاریی شۆڕشی ژنان لە ئێران سەبارەت بە خەباتی دامەزراوەکە و ڕۆڵی ژنان لە ناوندەکانی بڕیاردان و شۆڕشدا لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ڕادیۆی زەمانە زانیاریی خستەڕوو.

"دامەزراوەکە هەوڵدانە بۆ هەنگاوێکی دیکەی هاوشێوەی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی"

دکتۆر پەروانە حسێنی ڕایگەیاند، شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوتارێکی نوێی خستووەتە ناو کۆمەڵگەی گەلانی ئێرانەوە، ئەم شۆڕشە چەمکەکانی وەک ئازادی، یەکسانی، شکۆی مرۆڤ، مافی چارەی خۆنووسین و ڕووبەڕووبوونەوەی پێکهاتەکانی هەژموونی هێنایە ناوەندی سیاسەت، شۆڕشی "ژن ژیان ئازادئ" گۆڕانکارییەکی گرنگی لە تێڕوانینی داهاتووی وڵاتەکەدا خوڵقاند و ژنانی لە پەراوێزی گوتاری سیاسییەوە هێنایە ناوەندەکەی و نیشانی دا کە ئازادی ژن لە ئازادی کۆمەڵگە جیا ناکرێتەوە، بۆیە ئەم دامەزراوەیە دەستپێشخەری کرد و هەوڵدانە بۆ هەنگاوێکی دیکە لە هاوشێوەی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" کە شۆڕشەکە تەنیا لە شەقامەکاندا نەمێنێتەوە بەڵکو ببێتە دەسەڵاتێکی سیاسی ڕێکخراو و بەردەوامبوون.

"پرسی ڕاستەقینە ئەوەیە، ژنان چەندە مافی بڕیاردانیان هەیە"

سەبارەت بە پێگەی ژنان لە کایەیی سیاسەت و ناوەندەکانی بڕیارداندا ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجمان بەهێزکردنی ئامادەیی کاریگەرانەی ژنانە لە هاوپەیمانی سیاسی و دامەزراوە و پڕۆسەکانی هەنووکەیی و درووستکردنی هێزێکی سەربەخۆی ژنانە کە بتوانن بە دەسەڵات و دەنگی خۆیانەوە بچنە ناو گۆڕەپانی سیاسییەوە، پرسی ڕاستەقینە ئەوەیە ژنان چەندە مافی بڕیاردانیان هەیە لە داڕشتنی دامەزراوەکان و یاسا و دابەشکردنی سەرچاوەکان، ڕەنگە ژمارەی ژنان لە پێکهاتەیەکدا زیاد بکات، بەڵام ئەگەر یاسا و پەیوەندییەکانی دەسەڵات وەک پێشوو بمێننەوە، یان ئەگەر بوونیان تەنیا ڕەمزی و بۆ نمایشکردن بێت، ئەوە خۆی کێشەکەیە.

"دیموکراسی بە بێ بەشداری ڕاستەقینەی ژنان بەدی نایەت"

بە بۆچوونی دکتۆر پەروانە حسێنی، ئەندامی ڕاوێژکاریی شۆڕشی ژنان، ئەزموونی مێژوویی دەریخستووە، ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە شۆڕشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا ئامادەییەکی بەهێزیان هەبووە، باجیان داوە و ڕۆڵی بنەڕەتییان گێڕاوە، بەڵام کاتێک هاتە سەر پێکهێنانی حکومەت و ناوەندی بڕیار، پەراوێزخراون، لەکاتێکدا دیموکراسی بە بێ بەشداری ڕاستەقینەی ژنان بەدی نایەت.

"بەرهەمهێنانەوەی کولتووری پیاوسالاری گۆڕانکاریی بنەڕەت نییە"

باسی لەوەشکرد، پێکهاتەی سیاسی بگۆڕێت بەڵام هەمان پەیوەندی نایەکسانی دەسەڵات و هەمان کولتووری پیاوسالاری و هەمان میکانیزمی دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی ژنان بەرهەم بهێنرێتەوە، ئەمە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی نییە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە ​​دەسەڵاتی سیاسی ژنان تەنیا بە ژمارەی ئەو ژنانە ناپێورێت کە دەچنە ناو حزبێک، حکومەتێک، یان هاوپەیمانییەکەوە.

"هاودەنگی لە فرەچەشنی هاوکاری و بڕیاردانی بەکۆمەڵە"

ئەوەشی خستەڕوو، فرەچەشنی زۆر بە جددی وەردەگرین و پێمان وایە ئەم فرەچەشنییە دەبێت لە میکانیزمەکانی بەشداریکردن و بڕیاردان و دانانی لەپێشینەکان و بەرهەمهێنانی گوتاری ڕاوێژکارییەکە ڕەنگ بداتەوە، ئەمە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە چەمکی هاودەنگی، یەکێتی و هاوپشتی ڕاستەقینە بە واتای داننان بە جیاوازییەکان و لە هەمان کاتدا درووستکردنی پرەنسیپ و ئامانجی هاوبەش و میکانیزمی دیموکراسی بۆ هاوکاری و بڕیاردانی بەکۆمەڵە.

"ژنان دەبێت لە دارشتنی سیاسەت و یاسادا ڕۆڵیان هەبێت"

دکتۆر پەروانە حسێنی جەختی کردەوە، ژنان دەبێت هێندەی پیاوان ڕۆڵ بگێڕن لە یاسادانان و داڕشتنی سیاسەت و بنیاتنانی دامەزراوەکان، ئەم ڕۆڵە نابێت تەنیا ڕەمزی و نمایشکاری بێت، پێویستە ڕاستەقینە بێت.

س.خ