لەم دۆسییەیەدا، لە ڕوانگەی فکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بە بەکارهێنانی پێدراوە مێژووییەکان، تیشک دەخەینە سەر ئەو میکانیزمە ستراتیژییانەی ئەمەوییەکان بۆ بەسیاسیکردنی ئاین گرتیانەبەر، لەگەڵ ئەو پەیامە جێگرەوەیەی کە ئەمڕۆ وەک "ئیسلامی دیموکراتیک" پێشنیار دەکرێت.
ئامرازە ستراتیژییەکانی ئەمەوییەکان بۆ بەسیاسیکردنی ئاین
دەسەڵاتی ئەمەوی کۆمەڵێک میکانیزمی هەمەجۆری گرتەبەر بۆ ئەوەی ئاین بکاتە چەکێک دژی نەیارەکانی و پاساوێک بۆ مانەوەی خۆی، لەوانەش:
تیۆری جەبر و قەزا و قەدەر: دەسەڵاتدارانی ئەمەوی پڕوپاگەندەیان بۆ "فیقھی جەبر" دەکرد؛ بەو مانایەی کە گەیشتنی ئەوان بە دەسەڵات ویست و قەدەری خواییە، لێکەوتەی ئەم بیرکردنەوەیە ئەوە بوو کە هەر جۆرە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەک دژی دەسەڵات، وەک دەرچوون لە ویستی خودا لەقەڵەم دەدرا.
بەکارھێنانی نازناوی "خەلیفەی خودا": خەلیفەکانی بەنو ئومەییە ناونیشانی "خەلیفەی خودا"ـیان لە جیاتی "خەلیفەی پێغەمبەر" بەکارھێنا؛ ئەمەش بە مەبەستی بەخشینی پیرۆزییەکی ڕەها بە کەسایەتی حاکم و بەستنەوەی دەسەڵات بە مافی خوداییەوە.
کۆنتڕۆڵکردنی کایەی ئاینی: مزگەوتەکان و مینبەرەکان کرانە ناوەندی ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی و پیاھەڵدانی خەلیفەکان، لە هەمان کاتدا، بەشێک لە فەقێ و زانایانی ئاینی بە لای دەسەڵاتدا ڕاکێشران و پۆستی دادوەرییان پێدرا، تا بەرگی یاسایی و شەرعی بە بڕیارە سیاسییەکان ببەخشن.
دروستکردنی فەرموودەی ھەڵبەستراو: لەو سەردەمەدا ئەم دیاردەیە سەریھەڵدا، کە تێیدا وتەی جۆراوجۆر دەخرانە پاڵ پێغەمبەر (د.خ) بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی بەنو ئومەییە یان تانەدان لە نەیارە سیاسییەکانیان (وەک ئالوبەیت و عەلەوییەکان).
خوێندنەوەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ مێژووی ئەمەوی؛ "ئیسلامی دەسەڵات"
ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، لە گۆشەنیگایەکی فەلسەفی و مێژوویی ڕەخنەییەوە لەم بابەتە دەکۆڵێتەوە، ئەو لە نووسین و شڕۆڤەکانیدا (بەتایبەت لە "مانفێستۆی شارستانییەتی دیموکراتیک")، سەردەمی ئەمەوییەکان وەک "مەترسیدارترین وەرچەرخان" دەستنیشان دەکات کە تێیدا ئیسلامی شۆڕشگێڕ لە ناوەڕۆکە بەھایی و ئەخلاقییەکەی خاڵی کرایەوە.
ڕێبەر ئاپۆ چەند سەرنجێکی سەرەکی لەو بارەیەوە دەخاتەڕوو و پێی وایە، پێی وایە ئیسلام لە سەرەتای خۆیدا (سەردەمی مەدینە) خەسڵەتێکی کۆمۆناڵی و کۆمەڵایەتی ھەبووە کە بەرگری لە مەزڵوومان و ھەژاران دەکرد، بەڵام سەردەمی ئەمەوی کودەتایەکی ڕیشەیی بوو؛ ئاینی لە "ویژدانی کۆمەڵگە"ـوە گۆڕی بۆ "ئامرازێکی دەستی دەسەڵات" بۆ پاساودانی فراوانخوازی و باڵادەستیی چینایەتی.
هەروەها بە توندی ڕەخنە لە چەمکی "خەلافەتی خودایی" دەگرێت لای ئەمەوییەکان و وەک دووبارە بەرھەمھێنانەوەی زھنییەتی پاشا ئەکەدی و فیرعەونەکان بە بەرگێکی ئیسلامییەوە دەیبینێت، ڕوونی دەکاتەوە کە سەپاندنی ئەم پیرۆزییە ڕەهایە، بۆ ئەوە بوو کە نەیارێتی حاکم یەکسان بکرێت بە کوفر و دەرچوون لە ئاین.
لە شیکارییەکەیدا، ڕێبەر ئاپۆ پەیوەندییەک لە نێوان سەرھەڵدانی ئەمەوییەکان و لەدایکبوونی "شۆڤێنیزمی نەتەوەیی" (دەمارگیری قوڕەیشی و ئەمەوی) دەبینێتەوە، بەجۆرێک ئاین بەکارھێنرا بۆ سەپاندنی باڵادەستیی ڕەگەز یان بنەماڵەیەکی دیاریکراو بەسەر گەلانی تردا (مەوالی).
دەشڵێت: دەوڵەتی ئەمەوی بنەمای مۆدێلی "دەوڵەت-نەتەوە" و سیستەمی چینایەتی پێشوەختی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دانا، کە فتوحات و ئاینی تەنیا وەک پەردەیەک بۆ کۆکردنەوەی سەروەت و سامانی ئیمپراتۆریەتەکە بەکاردەهێنا.
بە دیدی ڕێبەر ئاپۆ، پشتبەستنی دەسەڵاتی ئەمەوی بە فکری جەبری، پرۆسەیەکی "ئەندازیاری کۆمەڵایەتی و ماڵیکردنی سیاسی" بوو، ئامانجەکە کپکردنی ڕۆحی بەرگری بوو لەناو گەلاندا، تا کۆمەڵگە وا تێبگەیەنرێت کە ھەژاری، زوڵم و کۆیلایەتی قەدەری خودایین و پێویستە ڕادەستیان بن.
ئیسلامی دیموکراتیکی؛ جێگرەوەی پێشنیارکراو
لە بەرامبەر ئەم مۆدێلە مێژووییەدا کە ئاین بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات بەکار دەهێنێت، ڕێبەر ئاپۆ چەمکی "ئیسلامی دیموکراتیک" وەک جێگرەوە پێشنیار دەکات.
ئەم مۆدێلە داوای ئەم خاڵانە دەکات: جیاکردنەوەی ئاین لە تۆڕەکانی بەرژەوەندی و دەسەڵاتی حاکم، گەڕانەوە بۆ بەها ئەخلاقی و شۆڕشگێڕییەکانی سەرەتای ئیسلام کە لەسەر دادپەروەری، فرەیی و ئازادیی ژن بنیاد نرابوون و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان گەلان (کورد، عەرەب، فارس، و تورک) بەبێ پلەبەندی و هێز و سیستەمی چەوساندنەوەی دەوڵەتی ستەمکار.
لە دەرەنجامی ئەم خوێندنەوە مێژوویی و فەلسەفییەدا، ڕوون دەبێتەوە کە مۆدێلی حوکمڕانیی ئەمەوی تەنیا لاپەڕەیەکی کۆن نییە لە مێژوودا، بەڵکو بناغەی سیستەمی "ئیسلامی دەسەڵات" بوو کە کاریگەرییەکانی تا دۆخی سیاسیی هاوچەرخی ناوچەکە بەردەوامە، جێگیرکردنی "ئیسلامی دیموکراتیک" وەک مۆدێلێکی ئەخلاقی و فرەخوازی، بەستراوەتەوە بە گەڕاندنەوەی ئاین بۆ ناو جومگەکانی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە و دوورخستنەوەی لە بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی ستەمکار.
ئـ.ع
