لە جوڵەیەکی سیاسی نوێدا بڕیارە سبەینێ لە هۆتێل شاری جوان لە شاری سلێمانی یەنەکە و نەوەی نوێ ڕێککەوتنێکی سیاسی واژۆ بکەن، وەک لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، دەیانەوێت هاوسەنگی هێز لە هەرێم ڕاست بکەنەوە و دۆخی ژیانی خەڵک ببوژێننەوە، هاوکات هێز بۆ ڕۆڵی پەرلەمان بگەڕێننەوە، بەڵام ئەم ڕێککەوتنە هەر لەگەڵ لە دایکبوونى نەیاری بۆ درووست بووە کە پەدەکەیە.
سەرۆکی هەردوو پارتەکە دەڵێن: چەندین ساڵە هاوسەنگی هێز بەلای پەدەکەدا شکاوەتەوە و کۆنترۆڵی سەرجەم جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتداریی هەرێمەکەی کردووە، ئەمەش وایکردوە کە دۆخی هەرێم و ژیانی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپی بڕوات، ئەوان بۆ ئەم ڕێککەوتنەیان چەندین هۆکار و بەڵگە دەهێننەوە کە وەک پێویستییەکی حەتمی سەیری دەکەن.
پەدەکە هەر لە سەرەتاوە بووەتە نەیاری ئەم ڕێککەوتنە و دەڵێت: ڕێککەوتنەکە قابیلی قبووڵ نییە و بە هیچ شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ ناکەن، ئامادەش نین لەسەر پێکهێنانی حکومەت بە یەک تیم گفتوگۆ لەگەڵ یەنەکە و نەوەی نوێ بکەن، بەڵام سەرۆکی هەردوو حزبەکە خاڵی کۆتاییان دانا و دەڵێن: ئێستا ئێمە ٣٩ کورسین و نیوەی حکومەتمان دەوێت بە پۆستی سەرۆکی حکومەتەوە.
یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنى سیاسی نەوەی نوێ سەبارەت بە ئامانجی سەرەکی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەنەکە بۆ ڕۆژنیوز ڕایگەیاند، ئێمە چەند جارێک وتوومانە ئەم ڕێککەوتنە بۆ دژایەتی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکو دەمانەوێت هاوسەنگی سیاسی بۆ هەرێم بگۆڕین کە پەدەکە کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی کردوە، بەتایبەت پۆستە باڵاکانی هەرێم لەدەستی پارتیدایە، ئەم پۆستانە هیچ شتێکیان لە دۆخی ژیانی خەڵک نەگۆڕیوە، ئێمە دەمانەوێت بەم ڕێکەوتنە دۆخی ژیانی خەڵک بگۆڕین.
ئەو بەرپرسەی نەوەی نوێ، کە لەبەر هەستیاری دۆخەکە بە باشی نەزانی ناوی بهێنین باسی لەوە کرد، لەگەڵ یەنەکە ڕێککەوتنەکەیان تەنیا بۆ ئەوەیە نموونەیەکی حکومڕانی سەردەمیانە لەم هەرێمە پێشکەش بکەن، کە شایستەی خەڵک بێت کە هاوسەنگیی و شەفافیەت لە داهات و بەڕێوەبردندا هەبێت، نەک لایەنێک بە ئارزووی خۆی بریار لە چارەنووسی ئەم هەرێمە بدات.
پەیوەست بە نیگەرانی پەدەکە لەم ڕێککەوتنە، بەرپرسەکەی نەوەی نوێ جەخت دەکاتەوە نیگەرانی پەدەکە لەوەیە کە زۆرینەی پەرلەمانی و حکومڕانی لەدەست دەدات و چیتر ناتوانێت چۆن بیەوێت ئاوا تەشخان و پەخشانی داهاتی وڵات بکات، دەشڵێت: پارتى دەبوو پشتگیری ئەوە بکات لایەنە سیاسیەکان لە دەوری یەک کۆببنەوە و ئەم دۆخە تێپەڕێ نین.
سەرەکیترین خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەی یەنەکە و نەوەی نوێ بریتین لەم خاڵانە:
- ڕۆڵی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە هێزی بکرێت.
- ئامادەکردنی پڕۆژە یاساکان و پەسەندکردنیان.
- گێڕانەوە و هەموارکردنی ئەو یاسایانەی پێویستیان بە هەموارکردنەوە هەیە.
- ئامادەکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی کە ئاستی بژێوی هاووڵاتییان باشتر دەکەن و پەسەندکردنیان.
- گێڕانەوەی بڕێک لە پارەی پاشەکەوتکردن و لێبڕینی مووچەی مووچەخۆران.
- پێدانی سلفەی زەواج بە گەنجان.
- دابەزاندنی نرخی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی تر.
- کەمکردنەوەی باج و ڕسومات لەسەر کاسبکاران.
- دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان و دامەزراندنی دامەزراوەیەک بۆ ڕاژە و هەلیکار.
- یەکلاکردنەوەی کێشەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کاتی و گرێبەست.
بەپێی ڕێککەوتنەکە فراکسیۆنەکانی یەنەکە و نەوەی نوێ لە هەردوو پەرلەمانی هەرێم و عێراق، حکومەتی هەرێم و عێراق بە یەک تیم و هاوبەشی کار دەکەن، لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاساکان و بریارەکاندا هاوبەش دەبن.
هەردوو لایەنەکە دەرگایان بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کردووەتەوە تاکو بچنە ناو ڕێککەوتنەکەوە، بۆ ئەوەش بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ چەند لایەنێک کۆبوونەوە، بەڵام ئەو لایەنانە ڕەتیان کردوەتەوە، بۆیە دواجار بریاردرا کە سبەینێ یەنەکە و نەوەی نوێ ڕێککەوتنەکەیان واژۆ بکەن.
یەنەکە لە پەرلەمانی کوردستان ٢٣ کورسی هەیە و نەوەی نوێش ١٥ کورسی بە هەردووکیان ٣٨ کورسییان هەیە و باس لە سێ کورسی دیکەش دەکەن کە لە دەرەوەی ئەم ڕێککەوتنە پشتیوانی لە یەنەکە دەکەن، یەکێکیان بزوتنەوەی گۆڕانەوە و دوانەکەی تر ڕوون نییە کێیە.
ئەم ڕێککەوتنە بووەتە ئاڵنگارییەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، بۆیە دیار نییە چارەنووسی هەرێم بەرەو کوێ دەبات، ئایا ڕێککەوتنەکە هەرێم دەکاتە دوو ئیدارە یان حکومەت پێکدەێت و هەرێم لە ئەگەرەکانی دوو ئیدارەیی ڕزگار دەکەن.
هـ.ح
