ئەمڕۆ، تیدرۆس ئادهانۆم، بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی، لە کۆبوونەوەیەکی بە پەلەدا هۆشدارییدا سەبارەت بە نەخۆشی ئیبۆلا، لە ڕاگەیەندراوێکیشدا زانیاریی نوێی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تێدرۆس ئادهانۆم، لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا جەختی لە پێویستیی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاشکاوانەی دۆخەکە کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە پەتاکە لە دۆخی کۆنترۆڵکردن دەرچووە.

وتیشی: مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هێشتا بە بەرزی ماوەتەوە و شەپۆلی ئێستای پەتاکە بە خێراییەکی زۆر زیاتر لە شەپۆلەکانی پێشوو بڵاودەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیبۆلا گەیشتووەتە شەشەمین هەرێمی کۆنگۆی دیموکرات و ژمارەی گیانلەدەستدانیش بۆ دوو هەزار و ٣٢٥ کەس بەرزبووەتەوە، بەمەش دەبێتە دووەم کوشندەترین شەپۆلی بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا لە مێژوودا.

لای خۆشیانەوە بەرپرسانی تەندروستی نیگەرانیی خۆیان لە شێوازی بڵاوبوونەوەی تووشبوونەکان دەربڕیوە، بەو پێیەی ٧٠٪ بۆ ٨٠٪ـی حاڵەتە نوێیەکان هیچ پەیوەندییەکی زانراویان بەو نەخۆشانەوە نییە کە پێشتر دەستنیشانکراون.

س. ع