ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ڕژێمی ئێران دژی مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دەزگای دادوەریی ئێران، ئەمڕۆ بەیانی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرێکی بەناوی "مەجید ئادینە"ـی لە پارێزگای ئالبورز ڕاگەیاند؛ ناوبراو لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە کەرەج دەستبەسەر کرابوو و بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپیشاندانەکان بە مەبەستی ڕووخاندنی ڕژێم سزاکەی بەسەردا سەپێنرا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەموو تۆمەتەکانی ڕەت کردبووەوە و بێبەش کرابوو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پرۆسەیەکی دادپەروەرانەی دادگاییکردن.

باس لەوەش کراوە، لە ماوەی ئەم مانگەدا بەلایەنی کەمەوە ٦٠ سزای لەسێدارەدان جێبەجێ کراون کە لە نێویاندا سێ ژن و منداڵ هەبوون و دوو حاڵەتیشیان لەبەرچاوی گشتی ئەنجام دراون، هاوکات لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە ١١ سزای لەسێدارەدانی نوێ دەرچوون و حەوت بڕیاری دیکەش لە لایەن دادگای باڵای وڵاتدا پشتڕاست کراونەتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، گوشارەکان بۆ سەر ئازادیی بیروڕا گەیشتوونەتە لووتکە؛ بە جۆرێک ١١٢ حاڵەتی دەستبەسەرکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵان تۆمار کراوە و لە کۆی گشتیدا پێنج هەزار و ٧٣ مانگ بەندکردن، ٤٨ مانگ دوورخستنەوە، ٤١٧ لێدانی قامچی و سزای دارایی بەسەر ٧٠ هاووڵاتیدا سەپێنراوە، کە سزادانی ٧٧ ساڵ زیندانی بۆ ١٦ هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد نموونەیەکی بەرچاوی ئەم زۆردارییە دادوەرییەیە.

ڕاپۆرتەکەی سەرنج دەخاتە سەر خراپیی دۆخی بەندیخانەکان و ٩٠ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی بەندکراوان، لەوانە گیانبەختکردنی بەندکراوێک بەهۆی پشتگوێخستنی پزیشکی، دوو حاڵەتی خۆکوژی، چوار حاڵەتی لێدان و ئەشکەنجە و ٥١ حاڵەتی بێ‌سەروشوێنکردنی بەندکراوان.

لە هەمان کاتدا، توندوتیژیی ڕێکخراو بەرامبەر ژنان، منداڵان و پێکهاتە ئاینییەکان زیادی کردووە؛ دەستبەسەرکردنی ٢٠ هاووڵاتیی بەهایی و سەپاندنی سزای قورسی بەندکردن بەسەریاندا، تۆمارکردنی حەوت حاڵەتی ژنکوژی، شەش کوشتنی پیاو بەهۆی نامووسی، گیانبەختکردنی کچێکی ١٨ ساڵە بەهۆی خۆسووتاندن، کوژرانی پێنج منداڵ و سزادانی کچێکی ١٦ ساڵە بە شەش مانگ بەندکردن، بەشێکن لە ئاماری پڕ لە نیگەرانیی ئەم مانگە.

لە ناوچە سنوورییەکان و ناوەندەکانی کاریشدا، پێنج کۆڵبەر و چوار سووتەمەنیبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و ٣٥ کرێکاریش بەهۆی نەبوونی پاراستن لە شوێنی کار گیانیان لەدەست داوە، هاوکات ١٣٣ کرێکاریش بریندار بوون و ١٣٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کارگێڕیش بەڕێوە چووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم دۆخە کاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێ کەوتووەتەوە؛ لەوانە خستنەناوەی پێنج دادوەری دادگای شۆڕش لە لیستی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا و داواکاریی بەپەلەی مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی لەسێدارەدانی هاووڵاتیان.

ب.چ