ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە شەپۆلی سەرکوتی ژنان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، نازەنین حسێنپوور، هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵ، دایکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی شێناوای سەر بە شارۆچکەی پیرانشار لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێنج ڕۆژە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتیی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا شوێنی ڕاگرتنی نادیارە.

باس لەوەشکراوە، ڕۆژی یەکشەممە نازەنین حسێنپوور دوای بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە و خێزانەکەی سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام، لە دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی بێئاگان.

ئاماژە بەوەش کراوە، ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەی نادیارە.

هاوکات، زارا ڕەببانی، هاووڵاتیی ١٨ ساڵەی کوردی خەڵکی بۆجنورد لە خوراسانی باکوور و لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دوواییە لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕژێمی ئێرانەوە سزای ١٥ مانگ و دوو ڕۆژ بەندکردن و سزای دارایی بەسەردا سەپێنرا، ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تەمەنی ١٧ ساڵ بووە.

لە لایەکی دیکەوە، ناسر عەتەباتی، سەرۆکی گشتیی دادوەریی پارێزگای ورمێ دەرکردنی ١٤ دۆسیەی لەم پارێزگایەدا بە تۆمەتی «پەیڕەو نەکردنی باڵاپۆشی زۆرەملێ » بڵاوکردەوە.

هەروەها عەتەباتی داوای بەرزکردنەوەی ئاستی دەستوەردانی دامەزراوە حکومییەکانی لە بابەتی باڵاپۆشی زۆرەملێ کردووە، ڕوانگەیەک کە چاودێران پێیان وایە دەبێتە هۆی توندتربوونی فشارە کۆمەڵایەتییەکان و سنووردارکردنی زیاتری مافەکانی ژنان، لە ڕاپۆرتەکەدا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ناسنامەی تۆمەتباران و ووردەکاریی دۆسیەکان ڕانەگەیەندراوە.

 

ب.چ