کاتژمێر ١٠:٠٠ لە شارۆچکەی ڕانیە، پێشبڕکێی بیرکاری هزری لە کوردستان، بە بەشداریی ٣٠٠ منداڵ لە سەرانسەری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
کاتژمێر ١١:٠٠ لە شارۆچکەی تەق تەق، لیژنەی سەرپەرشتیاری کارەکانی پێنجەمین فێستیڤاڵی هەنجیر، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دەدات.
کاتژمێر ٣:٠٠ لە فاملی مۆڵی شاری سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە یەکەمین پێشانگای پەرتوکی کوردیی و شێوازی بەڕێوەچوونی پێشانگاکە بەڕێوەدەچێت.
ڕۆژنامەنووسێکی ژن لە شاری سلێمانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە تیرۆرکردنی هەردوو ڕۆژنامەنووسی ژن گوڵستان و هێرۆ تیرۆری نەتەوەیی و بێدەنگکردنی ژنان بوو، دەشڵێت: گرنگترین یادکردنەوەیان پاراستنی ڕێبازەکەیانە لەلایەن ژنانی ڕۆژنامەنووس، دەبێت دەنگی ئەو ژنانە بگەیەنین کە بێدەنگ کراون.
چالاکێکی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاماژە بەوە دەکات، پارتی و یەکێتی دوو هێزن خۆیان لەسەرووی یاساوە دەبینن تەنانەت ئەگەر دەستوریش هەبێت، کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش باوەڕی بە هەرێم نەماوە، دەشڵێت: بڕوام وایە ئەم دوو هێزە هی ئەوەنین لەم سەردەمەدا بمێننەوە، بەڵکو بە ئەقڵییەتی شاخ بیر دەکەنەوە و هی ئەوەنین کۆمەڵگەیان بدرێتە دەست.
خاوەن پڕۆژەکانی ماسی لە سنووری کۆیە و چەمچەماڵ نیگەرانن لەوەی سەرەڕای ئەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕدا پارە ناکات، حکومەتیش بە ڕێنماییەکان و گرانی خزمەتگوزارییەکان تووشی قەیرانی کردون، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کۆیەش دەڵێت: بەشێکی زۆر لەوانە مۆڵەتی فەرمییان نییە و بە شێوەیەکی نازانستی دروست کراون.
ئەگەرچی خاکی هەرێمی کوردستان جوگرافیایەکی بەپیت و بەرهەمهێنەرە بۆ هەموو جۆرەکانی بەرهەمی کشتووکاڵی، بەڵام جوتیاران بەردەوام پشت بە پەینی کیمیایی و ماددە کیمیاییەکان دەبەستن، جووتیاران و پسپۆڕانی بوارەکە دەڵێن: باشترین شت جێگرەوەی ئەو پەینە کیمیایانە، پەینی سرووشتی بەکاربهێندرێت، چونکە پەینەکانی تر کاریگەرییان لەسەر خاک و بەرهەمی کشتوکاڵی هەیە.
