نزیکدەبینەوە لە تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین)، کە لە ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٤ لە کاتی چوونیان بۆ سنووری هەورامان بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بە ئامانج گیران و شەهیدبوون.

دوو ڕۆژنامەنووسی ژن لە باشووری کوردستان لە ساڵیادی ئەو دوو شەهیدەدا و لە بارەی بە ئامانجگرتنی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە لەلایەن دەسەڵات و داگیرکەرانەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

"گوڵستان و هێرۆ لەپێناو گەیاندنی ڕاستییەکان گیانیان فیدا کرد"

شێنێ محەمەد ڕۆژنامەنووس دەڵێت: سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە و هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە دادەنێم کە لە پێناوی گەیاندنی ڕاستییەکاندا گیانیان فیدا کرد، شەهیدکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە پەیوەندی بە جوگرافیای هەرێمی کوردستان و بۆردوومان و داگیرکارییەکانەوە هەبوو، بەڵام گیانبەختکردنی ڕۆژنامەنووسان و ئەو هەڕەشە و فشارانەی سەریان پەیوەندی بە دەسەڵاتی پیاوسالارییەوە هەیە.

شێنێ محەمەد

"دەسەڵات و سیستەمی سەرمایەداری ژنان وەک کاڵا بەکار دەهێنێت"

لەبارەی ئاستەنگییەکانی بەردەم ژنان و بەردەوام بە ئامانجگرتنیانیش دەڵێت: دەسەڵات و سیستەمی سەرمایەداری لە جیهاندا زۆرجار ژنان لە میدیاکاندا وەک کاڵا بەکار دەهێنێت، نەک وەک خاوەن بیرۆکە، بەرنامە و دیدگای تایبەت بە خۆیان و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، زۆربەی میدیاکان هێشتا لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەبرێن و کەمترین دەرفەت بەو ژنانە دەدرێت کە توانای ئەوەیان هەیە بەرنامە و پرۆژەی تایبەت بۆ پرسەکانی ژنان پێشکەش بکەن، ژنان دەبێت لە پرۆسەی بڕیاردان و ئاراستەکردنی ناوەڕۆکی میدیایی ڕۆڵی سەرەکییان هەبێت.

"ئەرکی حکومەتە داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسانی ژن بکات"

ئەو ڕۆژنامەنووسە پێیوایە ئەرکی حکومەتە داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسانی ژن بکات و پاراستنیان لە هەڕەشە و دەستدرێژی و فشارە کۆمەڵایەتی و ئەلیکترۆنییەکان دابین بکات و دەڵێت: ژنان بەهۆی بچووکترین وشە یان بۆچوون تووشی هەڕەشە و هەڵمەت دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت دەبێت ڕێکارێکی یاسایی و چاودێریی ڕوون بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابین بکات و ئەو کەسانەی هەڕەشە و هێرش دەکەن بیانخاتە بەردەم دادگا.

"هەمیشە هەوڵی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان هەیە"

هەر لەبارەی شەهیدبوونی هەر دوو ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد "گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین"، ساکار ئەرسەلان ڕۆژنامەنووس دەڵێت: سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی قەڵەم ئەو شەهیدانەی لە پێناو ئازادیدا دەنگیان کپ کرا دادەنێم، تەمەنای ئەوە دەکەین تیرۆرکردن و ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان کۆتایی پێ بێت، چونکە هەمیشە هەوڵی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان هەیە، داوا لەو لایەن و کەسانە دەکەین کە داکۆکی لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان دەکەن، هەڵوێستێکی ڕوون و جدییان هەبێت بەرامبەر ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دەکرێنە ئامانج و تووشی هەڕەشە و تیرۆر دەبنەوە.

ساکار ئەرسەلان

"ڕۆژنامەنووس پەردە لەسەر نهێنییەکان هەڵدەداتەوە، بۆیە دەکرێتە ئامانج"

بەپێی قسەکانی ئەو، ڕۆژنامەنووسان مافی خۆیانە بە ئازادی بۆچوون و سەرنجەکانی خۆیان دەرببڕن و لە ڕێگەی قەڵەم و میدیاوە پەیامی درووست و ڕاست بە هاوڵاتییان بگەیەنن، پاراستنی ئەم مافەش پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و بنەماکانی ڕۆژنامەنووسییە، بەڵام دەسەڵاتی سیاسی زۆرجار ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج، چونکە ڕۆژنامەنووس بە کار و نووسینەکانی پەردە لەسەر نهێنی و بابەتە شاراوانەکان هەڵدەداتەوە، بۆیە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەئامانج دەگیردرێن.

"بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانی ژن بۆ ترساندنی ژنانە"

ساکار ئەرسەلان ڕۆژنامەنووس جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو هەڕەشە و فشارانەی ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسانی ژن دەبێتەوە پەیوەندی بە عەقڵییەتی پیاوسالارییەوە هەیە و دەڵێت: عەقڵییەتی پیاوسالاری هێشتا لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا بوونی هەیە و لە هەندێک ناوچەدا تەنانەت پەرەی سەندووە، هەر بۆیە بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانی ژن بۆ ترساندنی ژنانە، چونکە ئەو پیاوانەی لە سیستەمی بەڕێوەبردن و کایەی سیاسیدا دەسەڵاتیان هەیە هەوڵ دەدەن هەیبەتی خۆیان بەرامبەر بە ژنان بسەپێنن، بەڵام ژنان هەوڵ دەدەن ئەو دەنگانەی هەیە بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە بگەنە خەڵک و دەنگی کۆمەڵگە بن.

"ئەرکی حکومەتە یاساییەکی دیاریکراو بۆ پاراستنی ژنان دابنێت"

باس لەوە دەکات، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ئەو ڕێکخراو و دامەزراوانەی داکۆکی لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان دەکەن، ئەوەیە هەوڵ بدرێت سیستەمێکی یاسایی و ڕێکارێکی دیاریکراو دابنرێت بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە هەڕەشە و هێرشەکان، پێویستە یاسایەکی ڕوون هەبێت کە بتوانێت پارێزگاری لە ژنان بکات و ماف و ئاسایشیان بپارێزێت، ژنان بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەن و پاراستنیان بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی و حکومییە.

"یاد و ڕێگای ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بپارێزین"

ساکار ئەرسەلان ڕۆژنامەنووس لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: هیوادارم بتوانین یاد و ڕێگای ئەو ڕۆژنامەنووسە ئازادانە بپارێزین کە لە پێناوی ئازادیدا گیانیان بەختکردووە و بەرگرییان لە ماف و ئازادی کردووە، هەروەها پێویستە توانایی و ئەزموونی ژنان زیاتر بخرێتە پێشەوە، چونکە توانا و هێزی ژنان دەتوانێت ڕێگا بۆ سەربەرزی، ئازادی و بەدەستهێنانی مافەکانیان لە هەموو کایەکاندا خۆش بکات.

 

س.خ