ڕۆژی ١٠ـی ئەم مانگە “یاسای چوارچێوە” لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا کە پەیوەستە بە چارەسەری پرسی کورد و جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، یاساکە کاردانەوەی جۆراوجۆری بە دوای خۆیدا هێنا و ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوویەوە هەر لە تەڤگەری ئازادی کوردستانەوە تا نووسەر و رۆشنبیران و گەل بە گشتیی، چونکە تێیدا ئەرک و ڕۆڵی رێبەر ئاپۆ دیاری نەکراوە، لەو بارەیەوە وریا حەسەن ڕۆژنامەنووس قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد.

" پڕۆسەیەکی تەواو لۆژیکی و ستراتیژی بوو"

وریا حەسەن وتی: ئەو یاسایە کە لە پەرلەمانی تورکیا دەنگی لەسەر دراوە و پەسەند کرا ئەوە بەشێکییەتی، بەشەکەی دیکەی هێشتا ناڕوونە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی کوردە یاخود نا ئەم یاسایە هەندێک لایەنی لاوازی تێدایە، ئایا گرەنتی چییە حکومەتی تورکیا دەتوانێت ئەو هەنگاوانە بنێت یاخود نا، چونکە دەزانین دەوڵەت دەیەوێت لە پاڵ ئەم هەنگاوانە کۆمەڵێک شتی دیکە بەدەست بهێنێت.

وریا حەسەن وتیشی: تورکیا دەیەوێت سود لەم گۆڕانکاریانەی ناوچەکە ببینێت و بەهەر نرخێک بێت کورد سوود لەم گۆڕانکارییانە وەرنەگرێت، هەر کەس بە تێڕوانینی خۆی دەڕوانێتە پڕۆسەکە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم پڕۆسەیە پڕۆسەیەکی تەواو لۆژیکی و ستراتیژی بوو جا بگاتە ئەنجام یاخود نا، چونکە ئێمە لە ململانێیەکی چل ساڵەدا چەندین دانوستاندن بووە، بەڵام لایەنی تورکی ئامادە نەبووە و شکستیان هێنا ئەمجارە یاسا دەرچووە، هەروەها ماوەی دوو ساڵە  هیچ جۆرە پێکدادانێک دروست نەبووە و خوێن نەڕژاوە ئەمە گرنگە.

" پرسەکە تەنیا لە ناو ماڵی کورددا نەماوە کەوتووەتە ناو ماڵی تورک"

لە بەردەوامی قسەکانیدا وریا حەسەن باس لەوەشکرد، سەدەیەکە نکۆڵی لە بوونی کورد دەکرێت بەم پڕۆسەیە دانی پێدانرا ئێستا پرسەکە تەنیا لە ناو ماڵی کورددا نەماوە کەوتووەتە ناو ماڵی تورک بەسەر نەکەوتنی ماڵی تورک و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەسوتێنێت، ئەم پڕۆسەیە کە ڕێبەر ئاپۆ دەستپێشخەری بۆ کرد، ڕێگری کرد لەو کاولکارییەی بڕیاربوو بکرێت دژی کورد هاوشێوەی لوبنان و غەززە، دڵنیاین ئەم پرۆسەیە بە ئاسانی ناگاتە ئەنجام و کاتی دەویت.

" ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ گرەنتی سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە"

ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕوونیکردەوە، لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیەدا کۆمەڵێک لایەنیش هەیە زیانمەند دەبن وەک بازرگانانی شەڕ و چەک، هاوکات کورد بەرانبەرەکەی دەوڵەتێکی دووڕوە، بۆیە پێویستە بە دوو دڵی نزیکی پرسەکە ببینەوە و ئەم یاسایە دەبوو گرەنتی هەبێت لە لایەنی دەوڵەتەوە ئەگەر گەرەنتی کار لایەنی نێودەوڵەتیش بێت، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ گرەنتی سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە، چونکە ڕێبەر ئاپۆ هەڵسوڕێنەری ئەم پڕۆسەیە ئەوەی ئەو لە زیندان کردوویەتی کۆی گشتی سەرکردەکانی تر نەیانتوانی بە ئازادی بیکەن.

لە کۆتایشدا وریا حەسەن دەڵێت: ئەم پڕۆسەیە کاریگەری ئەرێنی زۆرباشی دەبێت لەسەر گشت بەشەکانی کوردستان و دەبێتە مۆدێلێک کە دەوڵەتانی تری داگیرکەر چاو لەو پڕۆسەیە بکەن، بێگومان گۆڕینی زیهنییەتی تورکیا دەتوانێت ببێتە نمونەیەک بۆ دەوڵەتەکانی تریش، لە ئێستاوە کاریگەرییەکانی لە سەر بەشەکانی تر دەرکەوتوە ڕێگری لە شەڕی بەرفراوان دژی کورد گیرا، دەوڵەتانی داگیر کەر پەنایان بۆ هەموو ڕێگەیەک دژی کورد بردووە، بەڵام بێ ئەنجام بوون و زیانەکانیان لە کورد کەمتر نەبووە.

ئ پ