لە سایەی پێشبڕکێی بەردەوامی بەدەستهێنانی بینەر، لایک و شێرکردن، هەندێک لە ڕۆژنامەنوسان بوون بە ترێند بە پێوەری سەرکەوتن و کاریگەری دادەنێن، ئەمەش پرسیار لەسەر کاریگەریی جەماوەر لەسەر کاری ڕۆژنامەگەری درووست دەکات، کە ئایا ڕۆژنامەنووس هێشتا تواناى دروستکردنی ئەجێندای ماوە یان بووەتە پاشکۆی؟

" نابێت ببنە پێوەری بنەڕەتی بۆ کاری ڕۆژنامەگەری"

د. حەنان بەحرانی ڕۆژنامەنووس بە ڕۆژنیووى ڕایگەیاند، ئەو گۆڕانکارییانەی سۆشیاڵ میدیا بەسەر ڕۆژنامەگەریدا سەپاندوونی ڕوون بوونەتەوە، بەجۆرێک هەندێک لە ڕۆژنامەنوسان ئارەزووەکانی جەماوەر پەسەند دەکەن و سەرنج دەخەنە سەر ئەو بابەتانەی کە دەنگدانەوەى زۆر بەدەستدەهێنن.

حەنان بەحرانی

ئاماژەى بەوەشکرد، خولیای لایک، شێر و بە ترێندبوون لەلای هەندێک کەس بووەتە پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی سەرکەوتن و پیشەییبوونی ڕۆژنامەنووس، سەرەڕای ئەوەی ئەم ئاماژانە نابێت ببنە پێوەری بنەڕەتی بۆ کاری ڕۆژنامەگەری.

" ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە بە توانای ترێندبوون ناپێورێت"

بەحرانی ڕوونی کردەوە، ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە بە توانای ترێندبوون ناپێورێت، بەڵکو بە توانای لە تێگەیشتنی پشت ڕووداوەکەیە، گەڕان بەدوای هۆکارەکانی و چۆنییەتی دروستبوونی، پاشان خستنەڕووی لە چوارچێوە دروستەکەیدا لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە، شیکاری و بەدواداچوون.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ڕۆژنامەنووسەی تەنیا دواى خواستەکانى جەماوەر دەکەوێت، جیاوازە لەو ڕۆژنامەنووسەی کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی کێشەکە، دەرخستنی پاشخانەکەی و پێشکەشکردنی زانیاری نوێ دەکات، کە بەهایەکی ڕاستەقینە بۆ ناوەڕۆکى بابەتەکە زیاد دەکات.

" چۆن بابەتەکە هەڵدەبژێریت و دایدەڕێژیت و پێشکەشی جەماوەری دەکەیت"

د. حەنان باسی لەوەشکرد، دەوڵەمەندی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە کێشە و بابەت و پرسە جیاوازەکان ئاڵۆزی و ئاڵەنگارییەکی نوێی لەبەردەم ڕۆژنامەنووس دروستکردووە، ئاڵنگاریی ئەمڕۆ لەوەدایە چۆن بابەتەکە هەڵدەبژێریت، دایدەڕێژیت و پێشکەشی جەماوەری دەکەیت بە شێوازێک کە تەنیا بە ڕاکێشانی سەرنج نەوەستێتەوە، بەڵکو هاوکار بێت لە بنیاتنانی هۆشیارییەکی جیاواز و بەهێزکردنی توانای وەرگر بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە هۆکار و ئەنجامەکان.

جەختیشی کردەوە، ڕۆژنامەنووس هێشتا دەتوانێت کۆنتڕۆڵی دروستکردنی هەواڵ بکات و جیهانی هەواڵیی خۆی بە شێوازێک نێزیکتر لە جەماوەر ڕێکبخات، بەبێ دەستبەرداربوون لە داڕشتنە ڕۆژنامەوانییەکان و پێوەرە پیشەیییەکان.

" ڕاگەیاندن هێشتا ڕۆژنامەنووسی داهێنەری تێدایە "

بەحرانی وتیشی: ژینگەى ڕاگەیاندن هێشتا ڕۆژنامەنووسی داهێنەری تێدایە، کە زانیاری تەواویان بەسەر ڕووداو و پرسەکاندا هەیە لە چوارچێوەیەکی ڕۆژنامەوانی و هەستێکی لێکۆڵینەوەیی داهێنەرانە، لە بەرامبەر ئەو ڕۆژنامەنوسانەی تەنیا بە گواستنەوەی هەواڵەکە وەک خۆی ڕازی دەبن.

دووپاتیشی کردەوە، جیاوازیی ڕاستەقینە لە نێوان ئەو ڕۆژنامەگەرییەدایە کە بە دوای ڕاستیدا دەگەڕێت و بەها بۆ زانیارییەکە زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوەی دیکە کە تەنیا بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باوە ڕازی دەبێت.

" سۆشیال میدیا جادوو نییە"

سەبارەت بە گۆڕانی ئارەزوو و حەزەکانی جەماوەر بەحرانی ئاماژەی بە گەشەکردنی دیاردەی نوسینى کۆمێنت و ڕاوبۆچوون لەسەر ڕووداوەکان لە ڕێگەی کورتە ڤیدیۆکانەوە کرد، کە هەندێک جار کورت بڕیی پێشوەختەی ڕووداوەکە لەخۆدەگرێت، ئەم شێوازە ڕەنگە بە شێوەیەکی بە پلە بەشدار بێت لە چەسپاندنی کلتووری وەرگرتنی خێرا و ڕاهێنانی جەماوەر لەسەر ناوەڕۆکی کورتکراوە، لەسەر حیسابی خوێندنەوەی قووڵ، گوێگرتن لە ڕاپۆرت و بڵاوکراوەکان و خوێندنەوەی ڕۆژنامەکان، کە ئامرازێک بوون بەشداربوون لە دەوڵەمەندکردنی عەقڵ و پەرەپێدانی زانیاری.

سەبارەت بە ڕۆڵی سۆشیال میدیا، بەحرانی ڕوونی کردەوە، سۆشیال میدیا جادوو نییە، جەماوەر خۆی بەشدارە لە دروستکردنی ناوەڕۆک و بڵاوبوونەوەیدا لە ڕێگەی هەڵبژاردن، کارلێک و شێرکردنەوە، ئەو ناوەڕۆکەی سەرنجی جەماوەر ڕادەکێشێت و کارلێکی لەگەڵدا دەکەن دەکرێت بڵاوببێتەوە و ببێتە بابەتێکی باو (ترێند)، لە سایەی ئەوەی هەموان خاوەنی هەژمار و ئامێرن کە ڕێگەیان پێدەدات بەدواداوچوون بکەن، بینین و بەشداری بکەن.

" بزانیت چۆن ئاڕاستەی جەماوەر بکات، نەک چۆن بکەوێتە دوایان"

جەختی کردەوە، ڕۆژنامەگەری خاوەنی سروشتی تایبەتی خۆیەتی، بەوپێیەی پێویستی بە سەرچاوە، هەوڵ، بەدواداوچوون و توێژینەوە هەیە، جگە لەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووس دەبنەوە لە پێناو گەیشتن بە ڕاستی، پێگەی ڕۆژنامەگەری لەسەر توانای ڕاوکردنی هەر بابەتێکی باو بەند نییە، بەڵکو لەسەر پشکنین و دڵنیابوونەوە لەوەی دەگوترێت، دەرخستنی پشت ڕووداوەکان،  پێشکەشکردنی ناوەڕۆکێک کە جەماوەر هان بدات بۆ بیرکردنەوە، پرسیارکردن و تێگەیشتن.

وتیشی: نابێت ڕۆژنامەگەری ببێتە ئامرازێک بۆ دووبارەکردنەوەى ئەوەی سۆشیل میدیا و ترێندەکان دەیسەپێنن، هیچ کەسێک ناتوانێت ڕۆڵی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری وەک ئامڕازی بنەڕەتی بۆ پەروەردەی زانیاری و بنیاتنانی هۆشیاری وەربگرێتەوە، بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەنووسی ئەمڕۆ لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە بزانیت چۆن ئاڕاستەی جەماوەر بکات، نەک چۆن بکەوێتە دوایان.

" لە ترێند و بڵاوبوونەوەی خێرا تێپەڕدەبێت"

بەحرانی قسەکانیشی بەوە کۆتایی پێهێنا، ئاڕاستەی ڕۆژنامەگەری هاوچەرخ بەرەو پسپۆڕیی قووڵ، ڕۆژنامەگەریی چارەسەرەکان و ڕۆژنامەگەریی داتاکان و شێوازە پسپۆڕییەکانی تر، ئاسۆی نوێ لەبەردم ڕۆژنامەنووس دەکاتەوە، کە لە ترێند و بڵاوبوونەوەی خێرا تێپەڕدەبێت،  ڕۆڵی خۆی لە دروستکردنی هەواڵ و بنیاتنانی هۆشیاریدا بۆ دەگەڕێنێتەوە.

هـ.ئ