سبەینێ ١٠ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم وەدات حسێن کە پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز، بوو لە ساڵی ٢٠١٦ لە شاری دهۆک لەلایەن دەسەڵاتی پەدەکەوە تیرۆرکرا، لەوبارەیەوە ڕۆژنامەنووس بەرهەم لەتیف هاوڕێی شەهید وەدات، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت.

لە سەرەتای قسەکانیدا بەرهەم لەتیف، دەڵێت: شەهید وەدات یەکێک بوو لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە شوێنکەوتەی دیموکراسی و ڕێگەی ئازادیبوو، هەڵگری پەیامی پێکەوەژیان و وەستانەوە دژی زوڵم و داگیرکاری بوو، شەهید وەدات هەمیشە شتێکی هەبوو بۆ وتن کە ئەوانی تر نەیانبوو یاخود نەیان دەویست بیبیستن.
وتیشی: ئەمانە بووە هۆی ئەوەی هەرزوو چاو و گوێی دووژمنان بچێتە سەر شەهید وەدات کە تا توانیان فشاریان خستە سەری، بەڵام هەرگیز نەیانتوانی لە پەیامی ئازادی و یەکسانی پەشگەزی بکەنەوە، بۆیە لە کۆتایدا تیرۆریان کرد، ئەوان نەیانتوانی کۆتایی بە ڕاگەیاندنی ئازاد و پەیامەکانی شەهید وەدات بهێنن و ئێستا دەیان وەدات لە ڕاگەیاندنی ئازاددا خەبات دەکەن، بە پێچەوانەی ئەوانەوە شەهید وەدات پەیامەکەی بڵندتر بوو بۆ هەمیشە ڕێگاکەی پڕ لە ڕێبوار دەبێت.
ئەو هاوڕێیەی شەهید وەدات باس لەوە دەکات، ئەو هێرشانەی لە ساڵانی ڕابردوودا کراونەتە سەر ڕاگەیاندنی ئازاد ئاسایی نەبوون و لە ساڵ و دووساڵدا نەبووە، لە دامەزراندنییەوە بەردەوام هەیە و شەهید و قوربانی داوە، بەڵام هەردەم ڕێبازەکەی بەردەوام بووە و پەیامی ئازادی گەیاندووە و تاکە سەرچاوەی دەنگی میللەتە.
هەروەها ئەو ڕۆژنامەنووسە جەخت دەکاتەوە، ئەو هەوڵانەی داگیر کەران دەیدەن بۆ بێدەنگ کردنی ڕاگەیاندنی ئازاد بێ ئەنجامبووە و ڕاگەیاندنی ئازاد هەمیشە لەسەر ڕێبازی خۆی بەردەوامە.
لە بەردەوامی قسەکانیدا بەرهەم لەتیف ڕوونیکردەوە، شەهید وەدات بەردەوام لە ژێر فشاردابووە، بانگ دەکرا بۆ ئاسایشی دهۆک و هەوڵیان دەدا دووری بخەنەوە لە پەیامی ئازادی، کۆتا جار لە ئاسایش پێیان وتبوو کەیسەکەت لای ئێمە نەماوە و ڕەوانەی شوێنێکی تر کراوە، لە دوای کەمتر لە هەفتەیەک شەهید وەدات تیرۆر دەکرێت، ڕاپۆرتی دەستەی مافی مرۆڤی پەرلەمان دەڵێت، شەهید کردنی وەدات ڕێکخراوترین تیرۆری ڕۆژنامەنووسانە لە باشووری کوردستان.
بەرهەم لەتیف لە کۆتایدا جەختیکردەوە، تیرۆرکردنی شەهید وەدات گورزێکی گەورە بوو لە ڕاگەیاندنی ئازاد و ڕێبازی ئازادی خوازی لە بادینان کە دەمێکە لە ژێر چەپۆکی داپڵۆسێنەردایە، لە ڕۆژی ئەمڕۆشماندا دەیبینین کە چۆن دەسەڵات هەوڵی سەرکوتی دەنگی ئازاد دەدات بە تایبەت لە بادینان و ئێستا چەندین ڕۆژنامەنووس لە زینداندان.
ئ پ
