هانا شوان ڕۆژنامەنووس لە سلێمانی سەبارەت بە تیرۆرکردنی هەردوو ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد لە باشووری کوردستان و هۆکاری بە ئامانجگرتنیان بۆ ڕۆژنیوز دوا.

"تیرۆرکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە تیرۆری نەتەوەیی بوو"

هانا شوان ڕۆژنامەنووس سەرەتای قسەکانی بە یادکردنەوەی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە شەهیدە دەست پێدەکات و دەڵێت، بەداخەوە لە ساڵی ٢٠٢٤ یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکان بەسەر ژنان، بە تایبەتی ژنانی ڕۆژنامەنووسدا هات و ئەویش تیرۆرکردنی هەردوو ڕۆژنامەنووس، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بوو، ڕاستە گوڵستان تارا لە چوارچێوەی کاردا ناسیم، بەڵام هێرۆ بەهادین پەیوەندییەکی وەک هاوڕێەتی و خوشکی باشمان هەبوو، هەروەها ئەو کارەساتەی ڕوویدا، وەک پێویست لە ناو کۆمەڵگە دەنگی نەدایەوە و قەبارەی کارەساتەکە بە شێوەی پێویست نەخرایەڕوو.

هانا شوان

دەشڵێت، هەموو ساڵیادەکانیان بە بەرزی ڕادەگرین، چونکە یادکردنەوەیان تەنها بیرکردنەوە لە دوو ڕۆژنامەنووسی شەهید نییە، بەڵکو پەیامێکە بۆ کۆمەڵگە کە تیرۆرکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە تەنها تیرۆرێکی سیاسی نەبووە، بەڵکو تیرۆرێکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییش بووە.

"گرنگترین یادکردنەوە پاراستنی ڕێبازەکەیانە لەلایەن ژنانی ڕۆژنامەنووس"

هانا شوان ڕۆژنامەنووس ئاماژە بەوە دەکات، ئەو دوو ژنە خەباتکارە جگە لەوەی بۆ ژنان کاریان دەکرد، بۆ گەیاندنی پرسی نەتەوەیەکیش کاریان دەکرد، بە جۆرێک دەنگی نەتەوەیەکیان دەگەیاند کە بە ملیۆنان تاکی هەیە، بەڵام نیشتیمانی نییە، بۆ یادکردنەوەی ئەو دوو ژنە ڕۆژنامەنووسە پاراستنی ڕێبازەکەیانە لەلایەن ژنانی ڕۆژنامەنووس، تاکو بتوانن بە پێنوسی دەستی خۆیان بە ئاراستەی ڕێبازی ئەوان بنووسن، چونکە هەموو ئەمانە گرنگیی خۆیان هەیە، هیوادارم ئەو یادە ببێتە هۆی یەکگرتوویی لە نێوان خۆمان و بەرامبەر دوژمن.

"تیرۆرکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە ژنە بە ئامانجی بێدەنگکردنی ژنان بوو"

ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسە جەخت لەوە دەکاتەوە، تیرۆرکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە ژنە، ئامانجی سەرەکیی بێدەنگکردنی ژنانە، چونکە کاتێک ژن دەنگی خۆی بەرز دەکاتەوە، دەنگی ژنانی گرووپەکانی تریش بەرز دەکاتەوە و دەتوانێت بەرگری لە گرووپەکانی تریش بکات، ژنان لە هەموو بوارەکاندا سەلماندوویانە کە بە دڵسۆزی و بوێرییەوە کار دەکەن و خزمەتی کۆمەڵگە دەکەن، ژنان دەتوانن گۆڕانکاری درووست بکەن و وتاری یەکگرتوویی و پاراستنی خێزان لە ناو دەزگاکانی ڕاگەیاندندا زیاتر پەرە پێبدەن.

"بەهێزکردن و هۆشیارکردنەوەی ڕۆژنامەنووسانی ژن ئەرکی ئێمەیە"

بەهێزکردن و هۆشیارکردنەوەی ڕۆژنامەنووسانی ژن ئەرکی سەرەکیی ئێمەیە و یەکێکین لەو ڕێکخراوانەی کە ئەم پرسە بە ئەرکی سەرەکیی خۆمان دەزانین، لە داهاتووشدا هەوڵ دەدەین ژنانی ڕۆژنامەنووسی هەموو کەناڵە جیاوازەکان کۆبکەینەوە، تاکو بتوانن کێشەکانی خۆیان باس بکەن، هەروەها لەسەر کێشەکانیان قسە بکەن، چونکە هەندێک کەناڵ هەیە گرنگی بە دەنگی ژنان دەدات، بۆیە ئامانجمان ئەوەیە ئەم شێوازی مامەڵەکردنە لەنێوان کەناڵەکاندا زیاتر پەرە پێبدەین.

"دەبێت دەنگی ئەو ژنانە بگەیەنن کە بێدەنگ کراون"

هانا شوان ڕۆژنامەنووس لە کۆتایی قسەکانیاد بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت، لە هەموو بوارەکاندا ژنان دەکوژرێن و بەداخەوە لە بەرامبەر بکوژانی ژناندا خەم‌ساردی هەیە، بۆیە دەبێت ژنان خۆیان پڕ لە زانیاری بکەن، تواناکانیان بەرز بکەنەوە و دەنگی ئەو ژنانە بگەیەنن کە بێدەنگ کراون، ئەمەش تەنها بە یەکگرتوویی خۆی ژنان دەکرێت.

س.خ