لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی کارا و جێبەجێکردنی سیستەمی هاوچەرخی گومرگی، دەروازە سنوورییەکان بەشدار دەبن لە بزوواندنی جووڵەی بازرگانی، ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاغچییەتی، پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی و ڕاکێشانی وەبەرهێنان، بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنیی لەسەر گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیریی دارایی لە وڵاتدا دەبێت.
لەم ڕوانگەیەوە، کارایی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان بووەتە پێوەرێکی گرنگ بۆ پێوانی توانای دەوڵەت لە بەرزکردنەوەی سەرچاوەکانی و بەدیھێنانی گەشەپێدانی بەردەوامدا، لە سایەی ئەو ئاڵنگارییە ئابوورییانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە و پشتبەستنی زۆری بە داهاتی نەوت، پێویستیی جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی و بەهێزکردنی داهاتە نانەوتییەکان سەریهەڵدا.
دەروازە سنوورییەکان بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوە ئابوورییەکانی دەوڵەت دادەنرێن بەهۆی ئەوەی داهاتی دارایی لە ڕێگەی باجی گومرگی لەسەر کەلوپەل و جووڵەی کەسەکان دابین دەکەن، جگە لە ڕۆڵیان لە ڕێکخستنی جووڵەی بازرگانی و پاراستنی ئابووریی نیشتمانی لە قاچاغچییەتی و کەلوپەلی نەگونجاو لەگەڵ ڕێنماییەکاندا.
بەڵام بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە پێویستی بە بەڕێوەبردنی کارا، سیستەمی هاوچەرخی گومرگی و چاودێرییەکی کاریگەر هەیە، کە ڕێگری لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی بکات، بە شێوەیەک کە دەروازە سنوورییەکان بکاتە سەرچاوەیەکی ڕاستەقینە بۆ ئابووریی نیشتیمانی، نەک تەنیا دەروازەیەک بۆ تێپەڕبوونی کەلوپەل و کەسەکان.
لەبەر ئەوە، عێراق لەم ساڵانەی دواییدا ڕووی لە جێبەجێکردنی سیستەمی "ئاسیکۆدا" (ASYCUDA) کردووە لە دەروازە سنوورییەکاندا وەک هەوڵێک بۆ هاوتابوون لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی بەسەر سیستەمی گومرگیی جیهانیدا هات و لەگەڵ ڕووکردنە ئەلیکترۆنی بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە مامەڵەی کاغەزی.
ئامانجی ئەم سیستەمە بەدیهێنانی کۆمەڵێک دەستکەوتی ئابووری و داراییە، کە دیارترینیان: خێراکردنی ڕێکارە گومرگییەکان، کەمکردنەوەی بیرۆکراسی، لەناوبردنی حاڵەتەکانی گەندەڵی و دەستکاری لە کۆکردنەوەی باجدا، جگە لە خێراکردنی ڕێکارەکانی دەرهێنانی گومرگیی کەلوپەل بە شێوەیەک کە کات و تێچوو کەم دەکاتەوە و کارایی کاری گومرگی بەرز دەکاتەوە.
دوای جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە، وەزارەتی دارایی لە ڕێگەی ئامارە فەرمییەکانییەوە باشتربوونێکی بەرچاوی لە داهاتە گومرگییەکان لە ژمارەیەک دەروازەی سنووری ڕاگەیاند، حکومەت پێی وایە ئەم باشتربوونەی داهاتەکان دەگەڕێتەوە بۆ کەمکردنەوەی دەستکاری لە کۆکردنەوەی باج و ڕێگری لە گەندەڵی لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ جووڵەی بازرگانیدا.
لە سەرەتادا ئەم سیستەمە دووچاری هەندێک زەحمەتی بووەوە بەهۆی لاوازیی شارەزایی تەکنیکی و تەواو نەبوونی ژێرخانی ئەلیکترۆنی لە هەندێک دەروازەدا، ئەمەش بووە هۆی نیگەرانیی هەندێک بازرگان بەهۆی دواکەوتنی چوونەژوورەوەی کەلوپەلەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی کۆگاکردن و گواستنەوە؛ بەڵام هەندێکی تر پێیان وایە هۆکاری ئەم نیگەرانییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سیستەمی ئاسیکۆدا بەهای ڕاستەقینەی کەلوپەلەکان دەردەخات و دەرفەتی دەستکاری لە تێچوو یان باجە گومرگییەکان کەم دەکاتەوە.
بۆیە دەکرێت بگوترێت ئامارە فەرمییەکانی حکومەت جەخت لەسەر بوونی زیادبوونی کردارەکی لە داهاتە گومرگییەکاندا دەکەنەوە دوای جێبەجێکردنی سیستەمی نوێی گومرگی و سەپاندنی بەسەر سەرجەم دەروازە سنوورییەکاندا، کە ئەمەش شانسی سەرکەوتنی جێبەجێکردن و کارکردنی بە شێوەیەکی یەکگرتوو بەهێز کرد.
بەڵام سەرکەوتنی تەواوەتیی سیستەمەکە هێشتا بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی باش، گەشەپێدانی ژێرخانی ئەلیکترۆنی، کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە ئیدارییەکان و ڕێگریکردن لە گەندەڵی لەناو دەروازە سنوورییەکاندا، سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییە تەکنیکی و ئیدارییانەی لە جێبەجێکردنی سیستەمەکە هەبوون، گواستنەوە بەرەو ئەلیکترۆنی لە کاری گومرگیدا هەنگاوێکی گرنگە لە ڕێگەی چاکسازیی ئیداری و ئابووریدا، بە مەرجێک هاوتا بێت لەگەڵ گەشەپێدانی ژێرخانی دیجیتاڵی و بەهێزکردنی چاودێری و شەفافیەت لەناو دەروازەکاندا.
زۆربەی توێژەرانی بواری ئابووری پێیان وایە پێویستە عێراق هەنگاوەکانى هاوشان بێت لەگەڵ گەشەسەندنی خێرای جیهانی لە بواری ئۆتۆماتیکردنی ئەلیکترۆنیدا لە ڕێگەی دروستکردنی بنکەیەکەوە کە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بگرێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی گەشەپێدانی سیستەمەکان و بەرزکردنەوەی کارایی چاودێران و کارمەندانی، بەتایبەت کە عێراق لە پێگەیەکى جوگرافیی تایبەتە، چونکە هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەورووپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش دەیکاتە ڕێڕەوێکی زیندوو و ڕاستەوخۆ بۆ گەشتە ئاسمانییە جیهانییە جۆراوجۆرەکان، لە ئەنجامدا ئەم کەرتە بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی سەرچاوە نانەوتییەکان بۆ ئابووریی عێراق.
لەم دواییانەدا هەندێک لە دەروازە سنوورییەکان گرنگیپێدانی ڕوونی حکومەتیان بەخۆیەوە بینیوە لە ڕێگەی باشترکردنی بنکە گشتییەکان و دابینکردنی ئامێر و کەرەستەی هاوچەرخ، کە یارمەتیدەر بوون لە خێراکردنی مامەڵەکان و زیادبوونی جووڵەی گەشتیاران و کەلوپەلەکان.
پێشبینی دەکرێت ڕێکارەکانی دوایی حکومەت، بەتایبەت ئاڵوگۆڕکردنی کارمەندانى دەروازە سنوورییەکان و بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵی ئیداری و چاودێری بەسەریاندا، بەشدار بێت لە بەرزکردنەوەی داهاتەکانی دەوڵەت و کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی گەندەڵی و دەستکاری لە باج و شایستە گومرگییەکاندا، بە مەرجی بەردەوامبوونی ئەم ڕێکارانە و تەواوکارییان لەگەڵ جێبەجێکردنی کاریگەری سیستەمی ئۆتۆماتیکردن و گەشەپێدانی ژێرخانی ئەلیکترۆنی بۆ سەرجەم دەروازەکان.
هـ.ئ
