لە هەرێمی کوردستان ڕووداوەکانی کوشتن زۆر زیادیان کردووە، ئامارەکان بە ئەندازەیەکە پێویستی بە هەڵوێستەکردن و کارکردنی بەپەلەی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە، ڕێژەی کوشتنەکانی حەوت مانگی ئەمساڵ نیشانەیەکی ڕوونە بۆ دۆخی خراپی کۆمەڵایەتى لە هەرێم کە هۆکارو سەرچاوەکانی فرە ڕەهەندن، بەڵام ڕەنگە سەرەکیترینیان (فشاری ئابووری و کۆمەڵایەتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان) بێت.

ئامارەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا نیشان دەدەن کە هێشتا پلانی کاریگەر بۆ پێشگیری و پاراستنی هاووڵاتییان بە تەواوی سەرکەوت و نەبووە، هاوکات کەمی هۆشیاری کۆمەڵگای و بێدەنگی بەرامبەر توندوتیژی ئەم دیاردەیە قورسترکردووە، بۆیە پێویستە لایەنی پەیووەندیدار حکومەت، دامەزراوەی یاسایەکان، میدیا و دامەزراوە پەروەردەییەکان بە هاوبەشی کاربکەن بۆ کەم کردنەوە یان نەهێشتنی تاوانی کوشتن.

زۆربەی ڕووداوەکانی کوشتن لە هەرێمی کوردستان بە چەک ئەنجامدەدرێن کە بەشی زۆریان چەکی بێ مۆڵەتن، لە کاتێکدا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پڕۆژە یاسایەکی نوێی چەکی دایە پەرلەمان بە مەبەستی قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و شوێنەکانی کڕین و فرۆشتنی چەک لە شار و شارۆچکەکان، ئەم پڕۆژە یاسایە لە ڕۆژی ١ـی ئاداری ٢٠٢٢ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کرا، بەڵام لەگەڵ بوونی ئەو یاسایەش هێشتا ڕووداوەکانی کوشتن زیاتر بوون کەم نەبوون.

شاڵاو ئەبووبەکر

شاڵاو ئەبووبەکر پارێزەری ڕاوێژکارە و دەڵێت: دیاردەی چەکداری کە چەک لە دەستی هاووڵاتییاندایە کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکەن ئەمە وادەکات کوشتن ئاسان دەبێت، بوونی سوڵحی عەشەیارەی لە نێوان خانەوادەکاندا کە وادەکات مافی تایبەت لە تاوانەکەدا نەمێنێت مافی گشتی ئەو کەسەی کە حکومدراوەو بە چەند ساڵێک کە دواتر لێبوردنی گشتی دەردەچێت سڵ نەکاتەوە لە یاسا و لە تاوانی کوشتن و تاوانە جۆربەجۆرەکانی دیکە.

ئەو پارێزەرە ئاماژە بەوە دەکات لە یاساشدا باس لە سوڵحی عەشایەری کراوە، یەکێکیش لە کارەکانی دادگا ڕێکخستنی کۆمەڵگایە، کاتێک هاووڵاتییان خۆیان ئەم ڕێکخستنە ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی دوژمنداری دروست نەبیت، سزای یاسایی تۆمەتباریش کەم دەبێتەوە، بەڵام کاتێک لێبوردنی گشتی دەردەچێت و سزا وەرناگرێت ئەمە دەبێتە هۆکار  بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتن، لە هەندێک حاڵەتی دیکەشدا کەسێک ڕەزامەندی نییە بۆ ئاشتەوای دوای چەندین ساڵ هەڵدەستێت بە کوشتنەوەی تاوانبار.

لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک پۆلیس و ئاسایش و دادگا و بەڕێوەبەرایەتییە تایبەمەندەکان ئامادە نین هیچ ئامارێک سەبارەت بە کوشتن بڵاوبکەنەوە یان بیدەن بە میدیا و ڕۆژنامەنووسان، بەڵام بە پێی ئامارێک کە ڕۆژنیوز کۆکردووەتەوە، لە حەوت مانگی ڕابردووی ئەمساڵ زیاتر لە ٥٠ کەس کوژراون و تەنیا لە هەفتەی ڕابردووشدا نزیکەی ١٢ ڕووداوی کوشتن لە هەرێمی کوردستان هەبوون، زۆربەی ئەمە ڕووداوانەش بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بوون کە لە نێویدا چواریان ژن بوون و ئەوانی تر پیاو بوون.

بەپێی هەردوو مادەی ٤٠٥ و ٤٠٦ لە یاسای ژمارە ١١١ی یاسای سزادانی عێراق ساڵی ١٩٦٩ هەر کەسێک کەسێک بەبێ تاوان بکوژێت جا بە هەر شێوازێک لەو شێوازانەی کە لە یاساکەدا ئاماژەی پێکراوە، ئەوا سزاکەی لە سێدارەدانە یان هەتا هەتایی یان لە (٥-١٥) ساڵە.

عادل تۆفیق

عادل تۆفیق دەروون ناسی پەروەردەیی دەڵێت: لە کۆمەڵگای کوردی پێشنیەیەکی خراپ هەیە لەسەر کوشتن، ئەگەر لەم ئاستەشدا نەوەستێ بەتایبەت ئەو کێشە و گرفتانەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی هاووڵاتییان دەبێتەوە سەربکێشت بۆ ڕووداوی خراپتر کە لە دوای پەشیمانی لە دوادێت، بە جۆرێک ئەوکەسەی کەسێک دەکوژێت ژیانی لێتێک دەچێت ناتوانێت وەک کەسێکی ئاسایی ژیان بکات، لە هەرکاتێت ژیانی ئەوکەسەش ئەگەری هەیە بکوژرێتەوە.

ئەو دەروونناسە باس لە چەند هۆکارێک دەکات کە سەرچاوە و هۆکارن بۆ ئەو هەموو ڕووداوی کوشتانە، کە ئەوانیش(تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نائارامی دەروونی، فشاری کۆمەڵایەتیی، کەمتەرخەمی یاسایی و دادوەریی، فشاری ئابووری، ڕاگەیاندن، دراماکان)نن، دەشڵێت: ئەو یاریانەی کە لە ئێستادا مندالەکانمان و گەنجانمان بەکاری دێنن زۆرحاڵەتی کوشتنی تێدایە کار لەسەر بیرکردنەوەیان دەکات کە ژیان بەهای نییە دەبێتە هۆی زیان بە دەوروبەری بگەیەنێت.

عادل تۆفیق باس لەوەش دەکات، پێویستە کۆمەڵگا هۆشیار بکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕووداوەکانى کوشتن کەم بێتەوە، سیستەمی پەروەردە ڕۆلێکی گەورە دەگێڕێت لە کۆمەڵگا، ئەو ڕێنماییانەی کە دەدرێت خوێنکار و خێزانەکانیان ڕێنمایی بڕواپێکراوبێت بۆ ئەوەی پێکەوە ژیان درووست بکات، دەشڵێت: لایەنی دەسەڵاتدار دەبێت لەخەمی ئەوەدابێت یاساکان وەک خۆیی جیبەجێ بکات، جگە لەوە زانایانی ئاینی لە ڕیگەی وتارەکانیانەوە وا لە کۆمەڵگە بکەن کە ئارام بن.

هـ.ح