ئەمڕۆ هەینی، سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە لێدوانێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی (NEWS.ru)  ڕایگەیاند، وڵاتەکەی تەواو ئامادەیە گوێ لە هەر پێشنیارێکی نوێ بگرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری قەیرانی ئۆکرانیا، بەڵام بە مەرجێکی توند و یەکلاکەرەوە.

سێرگی ریابکۆڤ

سەبارەت بە مەرجەکەش جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاشکرای کرد، دەبێت پێشنیارەکان "واقیعی سەر زەوی" بە تەواوی ڕەنگدانەوەیان تێدا هەبێت، مەبەستی ئەو بەرپرسە لەو مەرجە ئەوەیە کە ئەو خاکەی ڕووسیا لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا داگیرکردوە نەگەڕێتەوە بۆ ئۆکرانیا و وەک بەشێک لە خاکی ڕووسیا هەژمار بکرێت.

بەوتەی ریابکۆڤ بەم دواییانە ئەمریکا ئامادەیی بۆ "گفتوگۆی بونیادنانەر و تێگەیشتن لە هەڵوێستی ڕووسیا پیشانداوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ناوبراو سەرنجی بۆ خاڵێکی هەستیار ڕاکێشا و ڕایگەیاند، لە ئێستادا، گرنگترین شت ئەوەیە کە تا چەند واشنتۆن دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی کیێڤ و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی هەبێت، کە هێشتا لە خەونی بەدیهێنانی شکستی ستراتیژیدان بۆ ڕووسیا.

 

 

ئـ.ع