ئەمڕۆ، لە شنگال ڕزگاربووانی ئێزدی لە تاوانەکانی چەتەکانی داعش، بەهۆی هەوڵەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای ڕزگاربووانی دەستی تاوانەکانی داعش، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.
ڕزگاربووان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاند، هەر هەموارکردنێک ڕەتدەکەینەوە کە کاریگەری لەسەر ناوەڕۆکی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی ژمارە (٨)ـی ساڵی ٢٠٢١ هەبێت، یاساکە دوای ساڵانێک لە مەینەتی و پێشێلکاری کە بەسەر پێكهاتەی ئێزدیدا هات، بەهۆی تاوانەکانی کۆمەڵکوژیی ڕێکخراوی "داعش" لە ساڵی ٢٠١٤.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئێزدییەکان تا ئێستاش لەژێر کاریگەرییەکانی ئەو تاوانانەدا دەژین، لە سایەی بەردەوامی ناڕوونیی چارەنووسی هەزاران ڕفێندراو، سەرباری بوونی دەیان گۆڕی بە کۆمەڵ کە وەک شاهیدێک بەسەر قەبارەی تاوانە ئەنجامدراوەکان بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزدی ماونەتەوە.
وتیشیان: یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی بۆ دەربڕینی دانپێدانانی دەوڵەتی عێراق بە ئازارەکانی قوربانیان و پابەندبوونی بە قەرەبووکردنەوەیان دەرچووە، هەر دەستکاریکردنێک لەم یاسایە یان لاوازکردنی بڕگەکانی، لە ژێر هەر بیانوویەکدا، پاشەکشەکردنی دەوڵەتە لە بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە قوربانیانی کۆمەڵکوژی.
باسیانلەوەشکرد، ئەوەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات بەهۆی ناسنامە ئایینییەکەیانەوە بووە، ئەوان دژی مافی هیچ پێكهاتەیەکی عێراقی نین کە ڕووبەڕووی تاوانەکانی داعش بووبێتەوە و ڕێز لە مافی هەموو قوربانیان دەگرن، بەڵام چارەسەرکردنی مافی قوربانیان لە ڕێگەی هەموارکردنی یاسایەکی تایبەت کە لە بنەڕەتدا بۆ ناساندنی تاوانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بڕیاری لێ دراوە ڕەت دەکەنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ڕزگاربووان هەر دارشتنێکیان لە یاساکە ڕەتکردەوە کە ببێتە هۆی سوودمەندبوونی گرووپ یان بنەماڵەکانی پەیوەندیدار بە داعش، لەو ماف و قەرەبووانەی بۆ قوربانیان تەرخان کراون، جەختیشیان لە پێویستیی پاراستنی یاساکە کردەوە لە هەر کەلێنێک کە لەلایەن تێوەگلاوانی تاوانەکانەوە بقۆزرێتەوە.
باسیانلەوەشکرد، یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی ئیمتیاز نییە، بەڵکو بەشێکە لە بەرپرسیارێتیی دەوڵەت بەرامبەر قوربانیانی تاوانی کۆمەڵکوژی، و هەڵوێستێکی فەرمییە بەرامبەر ئەوەی بەسەر گەلی ئێزدیدا هات.
هەروەها ڕزگاربووان داوایشیان کرد، کە هەر هەموارکردنەوەیەکی یاساکە، لە حاڵەتی پێشنیارکردنیدا، لە ڕێگەی ڕاوێژی ڕاستەقینە لەگەڵ ڕزگاربووان و نوێنەرانی کۆمەڵگەی ئێزدی بێت، بە شێوازێک کە زامنی دەستکاری نەکردنی مافی قوربانیان بکات و هیچ کەلێنێک نەکاتەوە کە تێوەگلاوان و سوودمەندبووانی تاوانەکانی "داعش" سوودی لێ ببێنن، داوایسیان لە حکومەتی عێراق کرد هیچ هەموارکردنێک لەسەر حسابی ڕزگاربووانی ئێزدی ئەنجام نەدەن، بەڵکو هەوڵی گەرانەوەی ڕفێندراوان بدات.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیاندا، ڕزگاربووانی ئێزدی جەختیان کردەوە کە ئەوان زیاتر لە مافەکانی خۆیان داوای هیچیان نەکردووە، ڕەتیان کردەوە مەینەتی و قوربانییدانیان بکرێتە بابەتی مامەڵەی سیاسی و جەختیان کردەوە کە پاراستنی مافی ڕزگاربووان تەنها بەرپرسیارێتیی ئێزدییەکان نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتیی دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو ئەوانەیە کە بڕوایان بە دادپەروەریی مرۆیی هەیە.
س. ع
