ئەگەر هەنگاوەکانی داهاتوو بنرێن و ڕێگە بۆ دەرچوونی یاساکان بکرێتەوە، ئەم یاسایە لە ڕووی پێشکەوتن و ئاڕاستەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە گەشەکردن دەئافرێنێت. هیوادارین لە داهاتوودا پارتەکانی دەسەڵاتدار و پاشان هەموو پارتەکان لە ئاستی گرنگی و قورسیی پرسەکەدا هەستیار بن و یاسایەک دەربکەن کە وەک سەرەتایەک هەژمار بکرێت. پەرلەمان ئەگەر لەسەر پرسی کورد کە بنەڕەتیترین پرسی تورکیایە یاسایەکی باش دەرنەکات، ئەو کاتە ئەو پەرلەمانە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

ڕێبەری گەلی کورد لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ـدا بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد. پەکەکە ڕۆژێک پاش ئەم بانگەوازە ئاگربەستی ڕاگەیاند. دواتر پەکەکە ١٢ـیەمین کۆنگرەی خۆی بەست و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دژی تورکیا هێنا. نوێنەرانی کۆنگرەی ١٢ کۆتاییان بەو کار و چالاکیانە هێنا کە لە ژێر ناوی پەکەکەدا دەکران. بۆ نیشاندانی ئیرادەی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری، لە ١١ـی تەمووزی ٢٠٢٥ـدا بە پێشەنگایەتی هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، بەسێ هۆزات، ٣٠ گەریلا چەکەکانی خۆیان سووتاند. لە ٢٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ـدا ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، سەبری ئۆک لەگەڵ ئەو گەریلایانەی کە لە سنوورەکانی تورکیا چووبوونە دەرەوە بەرەو باشوور، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا. تەڤگەری ئازادیخوازی کورد سەرەڕای هاویشتنی ئەم هەنگاوانە، دەوڵەتی تورک هەنگاوی پێویستی هەڵنەگرت، لەبەر ئەوە ڕای گشتی دژی هەنگاو نەهاوێشتنی دەسەڵاتی ئاکەپە هەڵوێستی نیشان دا. گەلی کورد و هێزەکانی دیموکراسی داواکاریی خۆیان بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پێشخستنی ڕەوتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە پێداگرییەوە دەربڕی.

دیدارەکەی ٢٠ـی تەمووز لە لایەکەوە پاش پەرەسەندنی بەرهەڵستییەکانی گەلی وڵاتپارێزمان و هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی ساز کرا. دوای دیدارەکە، لێدوانە ئەرێنییەکانی شاندی دەم پارتی تا ڕادەیەکی زۆر هیوای لە لای ڕای گشتی دروست کرد. ڕەخسانی کەشێکی ئاوا، پێشهاتێکی ئەرێنییە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەگەر دەسەڵات هەنگاوی کرداری بنێت، پشتگیریی کۆمەڵایەتی فرەوانتر دەبێت. ئەگەر دەسەڵات لە ڕەوتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا هەنگاو هەڵنەگرێت، ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی هەرەسهێنانی خودی دەسەڵاتدارییەکە. بۆ چارەسەرکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد کە پرسێکی ١٠٠ ساڵەیە، ئیرادە و پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی فاکتەری سەرەکین. ئاکەپە دەیویست بێ گەڕانەوە بۆ پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی و تەنیا بە پشتبەستن بە پاڵەپەستۆی دەسەڵاتداریی خۆی، ئەنجامێک بەدەست بهێنێت. بەڵام ئەم پرۆسەیە کە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە، لەناو کۆمەڵگەدا هەوێنی وەرچەرخان و هۆشیارییەکی نوێی ئافراندووە. تێکۆشانی کۆمەڵایەتی بۆ پاڵپشتیکردنی ڕەوتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا.

ئەم ڕاستییە ئەوە دەردەخات؛ ئەگەر سەرجەم هێزە دیموکراسییەکان خۆیان ڕێک بخەن و بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کار بکەن، دەسەڵات ناچار دەبێت مل بۆ داخوازییەکان بدات و هەندێک هەنگاو بنێت. لەم ڕووەوە، ئەگەر بێ سەرنجدان بەوەی کە دەسەڵاتداری چی دەکات و چی ناکات، پاڵپشتی لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بکرێت، ئەو یاسایانە دەردەچن، کە ڕێگە لەبەردەم چارەسەری دۆزی کورددا دەکەنەوە. ئەگەر یاسای چوارچێوە ببێتە سەرەتایەک، کۆمەڵگە بە تێکۆشان و هێزی ڕێکخستنی خۆی ئەم سەرەتایە دەگۆڕێت بۆ قۆناغێکی نوێی تێکۆشان.

ئەوە ڕوون و ئاشکرایە، ئەو یاسایەی لە پەرلەمان دەردەچێت ئەگەر لەو ئاستەدا بێت کە ڕێبەری گەلی کورد دیاریی کردووە، دواتر گۆڕانکاریی مێژوویی ڕوو دەدەن. چونکە ڕێبەرێتی هەمیشە ئیرادەیەکی سیاسیی وای نیشان داوە کە بووەتە هۆی گۆڕانکاریی مەزن. ئەگەر ڕێبەری گەلی کورد بە شێوەیەکی ئەرێنی لەو یاسایە بڕوانێت و کۆکبێت لەسەری، ئەو کاتە هەم پاڵپشتیی گەلی کورد و هەم پاڵپشتیی گەلانی تورکیا بۆ داهاتوو، ئەنجامی زۆر مەزن دەئافرێنێت. گەلی کورد و هێزەکانی دیموکراسی، بەرهەمی ئەو قوربانیدانە قورسانە دەدوورنەوە کە تا ئێستا لە پێناو ئازادیدا دراون.

گەلی کورد و گەلانی تورکیا دەبێت ئەوە ببینن کە کۆششی ١٠٠ ساڵەی ئەوان بۆ دیموکراتیزەکردن، ئەزموونێکی زۆر گرنگ و بنچینەیەکی پتەوی ئافراندووە. ئەم تێکۆشانە لە ڕێگەی هاوپەیمانیی دیموکراتیک و کۆماری دیموکراتیکەوە پرسی کورد چارەسەر دەکات. دەبێت مرۆڤ بڕوای بە کاریگەریی بەهێزی ئەو تێکۆشانە مەزنە هەبێت کە تا ئێستا بەڕێوە چووە. لەبەر ئەوە، پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، تەواوکەر و درێژەی تێکۆشانی ١٠٠ ساڵەی گەلەکەمانە. ئەگەر بەم شێوەیە سەیری ئەم پرۆسەیە بکرێت، خاوەندارێتی لەو ڕەنج و تێکۆشانە دەکرێت کە دراون و پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەگاتە سەرکەوتن.

سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکیش، نەک تەنیا پرسی کورد، بەڵکوو پرسی باوەڕیی عەلەوییەکان و تەواوی کێشەکانی تری تورکیا بەرەو چارەسەرییەکی ڕیشەیی دەبات.

سەرچاوە/ڕۆژنامەی یەنی یاشام

ب. جـ