سەبارەت بە بارودۆخى ناوخۆیی عێراق و ڕێکخستنەوەى چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، نزار ئامێدی سەرۆککۆمار عێراق لە هەشتەمین کۆنفرانسی دیالۆگی بەغداد، وتارێکی پێشکەش کرد.

نزار ئامێدی ڕایگەیاند، ئیرادە هەیە بۆ تەواوکردنی کابینەی وەزاری و یەکلاکردنەوەی لە نزیکدا، هەمووان لە یەک کەشتیداین لە عێراقدا و حکومەت سەرکردایەتی دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی لە دوای ئێرانەوە زۆرترین کاریگەری جەنگی لەسەرە، لە هەمان کاتدا حکومەت بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوو ئاڵنگارییە ئاسایشی و ئابوورییەکە.

وتیشی: عێراق لە ڕێگەی دیدارێکەوە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانى ئێران، پەیامی گەیاندووەتە ئێران سەبارەت بە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

جەختی کردەوە، دەستوور پابەندمان دەکات بە کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، مەرجەعییەتی ئاینی لە نەجەفیش داوای ئەوە دەکات، هەروەها جەختی لە پێویستیی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کردەوە بۆ گەیشتن بە کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا لە ڕێگەی چارەسەرێکی نیشتیمانیی عێراقییەوە.

ڕوونیشی کردەوە، عێراق ڕازی نابێت خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت و ئاشکرای کرد، ئاسانکاری هەیە بۆ هەندێک لەو کەشتییانەی نەوتی عێراق لە گەرووی هورمزەوە دەگوازنەوە.

سەبارەت بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئامێدی وتی: هاوپەیمانییەکە بە داوای عێراق هات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ئیتر عێراق پێویستی پێی نییە، لە ٣٠ـى ئەیلوولدا دەکشێنەوە.

هـ.ئ