ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی سەبارەت بە وادەى سەردانى محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانى ئێران بۆ عێراق و کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى عێراق، زانیارى نوێی خستەڕوو.

ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە، سبەینێ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانى ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی پەرلەمانیی ئاستبەرز سەردانی عێراق دەکات، سەردانەکەش بۆ عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە و بەهێزکردنی هاوکاریی ستراتیژیی نێوان تاران و بەغدادە، وێڕای تاوتوێکردنی چارەسەرە هاوبەشەکان بۆ بەشداری لە چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا.

ئاماژەبەوەشکراوە، سەردانەکە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و ژمارەیەک کەسایەتیی دیاری وڵاتەکە لەخۆدەگرێت، گفتوگۆکان تەوەرەکانی وەک بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ئاسایشی سنوورەکان، بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر"، گەشەپێدانی هاوکاریی ئابووری و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات دەگرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم سەردانە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان عێراق و ئێراندا دێت سەبارەت بە پرسە هاوبەشەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە.

جێگەى ئاماژەیە، تادێت کاتى ڕێکخستنەوەى چەک لە عێراق بەرەو کۆتایی دەڕوات، تا ئـێستاش بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانى سەر بە ئێران ئامادە نین چەکەکانیان ڕادەست بکەن، ئەمەش ئاڵۆزى لە نێوان حکومەت و گرووپەکان درووست کردووە و وایکردووە ئێران خۆی دەستوەردان لەو بابەتە بکات.

هـ.ئ