ئەمڕۆ، لە سەندیکای کرێکاران لە شاری سلێمانی، نوێنەری سەرتاشەکانی سلێمانی سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا.
دەروون ڕزگار، سەرۆکی لقی سەندیکای کرێکارانی سلێمانی ڕایگەیاند، سەرتاشەکان کۆمەڵێک کێشە و گرفتیان هەیە، کە لەگەڵ حکومەتی خۆجێی سلێمانی لە هەوڵی چارەسەرکردنیانداین، نەک ئەوەی چەند سەرتاشێک داوا دەکەن کاتی کارکردنیان بۆ دیاری بکرێت، چونکە کاری سەرتاشی کارێکی ئازادە و دەتوانن خۆیان کەی ویستیان دووکان دابخەن یان بیکەوە.
وتیشی: داوامان کردووە لەگەڵ ئەو سەرتاشانە دانیشین و قسە بکەین بەڵام نەهاتوون، هەروەها هەر گەڕەکێکی شاری سلێمانی نوێنەری خۆی هەیە لە سەندیکای کرێکاران.
پاشان فەرهەنگ محەمەد، سەرۆکی لیژنەی سەرتاشەکانی سلێمانی وتی: چەند کێشەیەکی سەرەکیمان هەیە کە بریتین لە، کەمکردنەوەی ئەو پارەیەی کە لە تەندروستی لێمان وەردەگیرێت، داوا دەکەین وەک ساڵانی پێشووی لێبکرێتەوە، دووەم، دەرکردنی مۆڵەت لە ڕێی سەندیکاوە بێت و بۆ ماوەی دووساڵ بێت، سێیەم، کەمکردنەوەی نرخی کارەبا و هاوتاکردنی وەک ماڵان، ئەمانە گرفتی سەرەکی ئێمەیە نەک کۆمەڵێک شتی لاوەکی دیکە کە باس دەکرێت.
ڤ.م
