گرفتی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە لە ئێستادا ڕووبەڕووی بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهان بووەتەوە، ئەمەش دەرئەنجامی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کارگە پیشەسازییەکان و خراپ بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکانە، دەربارەی پیسبوونی ژینگە، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و دیاردەی بەبیابانبوونی هەندێک ناوچە لە باشووری عێراق، دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان و پسپۆڕ لە بواری ژینگە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

عەبدولموتەلیب ڕەفعەت، لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی گۆڕانکارییەکانی ژینگە و کاریگەرییەکانی دا و وتی: گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا یەکێکە لەو گرفتانەی کە ڕووبەڕووی هەموو ناوچەکانی جیهان بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی کاریگەریی هۆکارە سروشتیی و مرۆییەکان، هۆکارە مرۆییەکان کاریگەری زیاتری لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا هەیە، وەک خراپ بەکارهێنانی سامانە سروشتییەکان و بەکارهێنانی سووتەمەنی بەڕێژەیەکی زۆر.

وتیشی: ئەم هۆکارەش ڕێژەی گازە گەرمکەرەوەکان بەتایبەتی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گازی میسان لە بەرگەهەوادا زیاتر دەکات، ئەم گازانە لە بەرگەهەوادا کۆدەبنەوە و دەبنە هۆی درووستبوونی چینێک لە گازە گەرەمکەرەوەکان، ئەو ناوچەیەی دەکەوێتە نێوان چینی گازە گەرەمکەرەوەکان و سەر زەوی پلەی گەرمی تێیدا بەرزدەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی ناهاوسەنگی ئەو تیشکەی کە لە خۆرەوە لە زەوی دەدات و ئەو تیشکەی کە بۆی دەگەرێتەوە، دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستەمی ژینگە.

ئەو پسپۆڕەی بواری ژینگە جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، بڕینەوەی داری دارستانەکان یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، دارستانەکان ئەو سەرچاوەیەن کە کاربۆن هەڵدەمژن و دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی کاربۆن لە بەرگەهەوادا، کاتێک داری دارستانەکان نامێنێت هیچ جێگرەوەیەک نییە کە گازە گەرمکەرەوەکان لە بەرگەهەوادا کەمتر بکاتەوە، ئەمەش کێشە و گرفتێکی جیهانییە و یەکێک لەو خاڵانەی کە لە "کۆنگرەی ئاشتی پاریس"ـدا جەختی لەسەر کراوەتەوە گرنگیدانە بە دارستانەکان.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ باسی لەوەشکرد، یەکێک لەو گرفتانەی ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە دیاردەی بەبیابانبوونە، ئەم دیاردەیەش لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، خراپ بەکارهێنانی سامانە سروشتییەکان، خراپ بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و خراپ بەکارهێنانی ئاو درووستدەبێت.

وتیشی: لە ئێستادا عێراق ڕووبەڕووی گرفتی کەمبوونەوەی ئاو و دابەزینی ڕێژەی دابارین بووەتەوە، هەروەها سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێ کەمدەکرێتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەبیابانبوونی ناوچەکانی باشووری عێراق هەیە و ساڵانە زیاتر لە ١٠٠ دۆنم لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچانە ڕووبەڕووی دیاردەی بەبیابانبوون دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی کۆچکردنی دانیشتوانی باشووری عێراق بۆ باشووری کوردستان، چونکە کەشوهەوای باشووری کوردستان بەراورد بەو ناوچانە جێگیرترە، ئەم کۆچکردنەش لە داهاتوودا گرفت درووستدەکات، چونکە دەبێتە هۆی درووستبوونی کێبڕکێیەکی زۆر لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان و خۆراک لە باشووری کوردستان.

 

ئ پ